د. عیسا ئال عیسا، پزیشکی دەرمانساز لە دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان
کۆمپانیای سینۆفاڕمی
چینی، قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی ڤاکسینەکەی، ڤاکسینی دژەکۆڕۆنا، لە
ئیماڕاتی عەڕەبی، بەبەشداری ١٥ هەزار خۆبەخش لە نەتەوەی جیاواز، لەنێوان تەمەنی ١٨
- ٦٠ ساڵ، دەستپێکرد.
سینۆفاڕم بە هەماهەنگی
لەگەڵ گروپی " G42"ی ئیماڕاتی و تەندروستیی ئەبوزەبی، قۆناغی
سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی ڤاکسینی دژەکۆڕۆنایان دەستپێکرد.
لە تاقیکردنەوەکەدا؛
دو شریتی ڤاکسین لەگەڵ پلاسیبۆ بەراورددەکرێن، بەشێک لە خۆبەخشەکان دو ژەمی ڤاکسینیان
لە سێ هەفتە بەجیا لێدەدرێت، بەشەکەی دیکەش پلاسیبۆیان لێدەدرێت، ئینجا خۆبەخشەکان
بۆ ماوەی یەک ساڵ چاودێریدەکرێن.
خۆبەخشەکان لە
ماوەی ٣ - ٦ مانگدا ناونوسدەکرێن و دەنێردرێن بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکە، کە
تەمەنیان لەنێوان ١٨ - ٦٠ ساڵیدا دەبێت، خۆبەخشەکان نابێت هیچ نەخۆشییەکی جەستەییان
هەبێت، نابێت پێشتر توشی کۆڤید١٩ بوبن.
کۆمپانیای سینۆفاڕم،
بەهەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگای پەکین بۆ بەرهەمە بایۆلۆجییەکان، ڤاکسینێکیان لەسەر
پلاتفۆڕمی "ڤایڕۆسی لاوازکراو"، دروستکردوە، ڤاکسینەکە لە قۆناغی یەکەم
و دوەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان؛ سەلامەتبوە، هەروەها کاریگەربوە و دژەتەنی دژی
کۆڕۆنا لەناو خوێنی خۆبەخشاندا دروستکردوە.
کۆمپانیاکه بۆیە
ئیماڕاتی هەڵبژاردوە، چونکە ئیماڕات زیاتر لە ٢٠٠ نەتەوەی جیاوازی تێدادەژین. ئیماڕات
تاوەکو ئێستا لەکۆی ٩.٦ ملیۆن کەسی ژمارەی دانیشتوان نزیکەی ٤ ملیۆن پشکنینی کۆڕۆنای
کردوە. کۆی توشبوانی ئیماڕات ٥٦ هەزار کەسە و لەنێویاندا ٣٣٥ مردن هەیە.