ئا: ئاوێنە
عوسمان بانیمارانی، یەكێك لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە داوا دەكات حزبەكەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرنەگرێت، پێشی وایە سەرۆكێكی یەكێتی لەنێوان هێمن هەورامیو مونا قەهوەچی هیچ رۆڵێكی نابێت، دەشڵێت "ئەگەر شەراكەتی راستەقینە بەدی نەیەت رێككەوتنی یەكێتیو پارتی، مردنێكی هێواشە بۆ یەكێتی".
عوسمان بانیمارانی رایدەگەیەنێت دوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی، ئەگەر یەكێتی هەر پێداگربوایە لەسەر داواكارییەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دو ئیدارەیی دروست دەبو، پێشی وایە ئەگەر كابینەی نوێ بە ئەقڵیەتی رابردو كار بكات ئەو دروشمو بەڵێنانە نایەتە دی كە یەكێتیو لایەنەكانی دیكە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە هاوڵاتیانی كوردستانیان داوە، داواش لەلایەنە سیاسییەكان دەكات واز لە موزایەدەی سیاسی بهێنن.
لەبارەی نیگەرانی بەشێك لەكادیرانی یەكێتی لەرێككەوتنەكەی نێوان حزبەكەیان لەگەڵ پارتی ئەو وتی "ساڵانێكە كادیرانی یەكێتی بێبەشن لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی شەریكی حكومەت نەبوە، یەكێتی دەیویست پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دانانی پارێزگاری كەركوكو وەزارەتی داد لەبەغدا بە یەك پاكێج بێت بەڵام بەداخەوە نەكرا".
ئاوێنە: چاوەروان دەكەن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دروشمو بەڵێنەكانتان بكەن بەكردار؟
عوسمان بانیمارانی: ئەو كابینەی داهاتو،، لەگەڵ كابینەكانی دیكەش ئەگەر بە عەقڵیەتی رابردو كار بكەن نەخێر هیچی نایەتە دی، كاتی ئەوە هاتوە واز لەموزایەداتی سیاسی بهێنرێت، حكومەت پلانی هەبێت بۆ بنبركردنی هەمو ئەو كەمو كوریانەی لەئیدارەی كوردی هەیە چ لەسەرۆكایەتی هەرێم چ لەسەرۆكی كابینەی نۆیەم، پێویستە دو خاڵی گرنگ لەبەرچاو بگرن یەكەمیان ئەوانەی لەو كابینە نوێیەدا كار دەكەن دەبێت سەدا هەشتای جەستەیان لەخزمەتی حكومەتو خەڵك بێتو تەنها سەدا بیستیان لەخزمەتی حزب بێت، خاڵی دوەم ئەوەیە دەبێت بەراستی پلانیان بۆ چوار ساڵی داهاتو هەبێتو بە هاوڵاتیانی رابگەیەنن كە ئەو كارانە دەكەنو كاتی دیاریكراویش بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكان دابنرێت بۆ ئەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتیانو دەسەڵات زیندوبكرێتەوە، چونكە پێشتر دەسەڵات چەندین بەڵێنی بەهاوڵاتیان داوەو هیچیشی جێبەجێ نەكردوە، من دەڵێم حكومەت بەرنامەی بۆ داهاتو نەبێت شەرمەزارییە لەو كابینەیەدا پۆست وەربگریت، ئێستا سەروەری خاكو خەڵك پێشێلكراوە داگیركەران لەناوخاكی كوردستاندایەو هەمو رۆژێك بۆردومانی خەڵكو خاكمان دەكات، بۆیە ئەگەر ئەو سەرۆكی حكومەتەی هەرێم سەروەری خاكو خەڵك نەپارێزێت بۆچی ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئێستا ئاشتەوای سیاسیو كۆمەڵایەتی لەوپەری خراپیدایە، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەوروبەر خراپە، موچەی خەڵك ئاسایی نەبوەتەوە، رەنگە نەتوانرێت چارەسەری پاشەكەوتی موچە بكرێت، سەیری رێگاوبانەكان بكە وای لێهاتوە رێگاوبانەكان هێندە بێكەڵكن خەڵك ناوێرێت لەشارێكەوە بروات بۆ شارێكی دیكە، قەیرانەكانی سوتەمەنیو ئاوو كارەباش بارگرانییەكی دیكەیە بەسەر شانی هاوڵاتیانی كوردستانەوە، بێكاری تەنگی بە ژیانی بەشێك لەهاوڵاتیان هەڵچنیوە، بەراستی دۆخی هاوڵاتیانی خوارەوە ویژدانی ویژدانداران دەهەژێنێت، ئایا ئەگەر كابینەی نوێ پلانی نەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو قەیرانانە چۆن دەتوانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات؟، ئەگەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڵێن وەرنەگرێت لەحكومەت بەو شێوەیەی خۆی باسی دەكات و داوای شەراكەتی راستەقینە دەكات، ئەگەر پێشتر یەكێتی گلەیی هەبوبێتو باسی ئەوەی كردبێت كە شەریكی راستە قینە نەبون ئەوا ئێستا دەڵێن ئەو داوایەمان بۆ جێبەجێكرایە بۆیە بەرپرسیارەتی گەورە لەبەرامبەر خەڵك لەم كابینەیەدا دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێت پێ لەسەر ئەوە دابگرن ئەو كەسانەی دەیان نێرنە حكومەت لەسەدا هەشتای جەستەیان لەپێناو خاكو خەڵك بێت.
ئاوێنە: بۆچی یەكێتی دەستبەرداری داواكارییەكانی بو، بەتایبەت لەكۆكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت، دانانی پارێزگاری كەركوك، وەزیری دادی حكومەتی عێراق لەچوار چێوەی یەك پاكێجدا؟
عوسمان بانیمارانی: ئەو بابەتە دو لایەنەیە هەموان ئاگایان لێبو لەدواین لێدوانیدا كاك مەسعود وتی هیچ دەرفەتێك نەماوەو چیتر لەسەر پێكهێنانی حكومەت ناوەستن، ئەگەر یەكێتی سور بوایە لەسەر پێداگری خۆی بە دڵنیاییەوە دو ئیدارەیی دروست دەبو، دو ئیدارەیش لەروی ستراتیژی ناوچەمەانو ناوبانگی هەرێمی كوردستان كارێكی خراپ دەبو، دەبێت یەكێتی كار بۆ ئەوە بكات كە بەراستی هاوبەشی راستەقینەیە لەحكومەت، ئەگەر لەساڵی یەكەمیش نەتوانێت داواكارییەكانی جێبەجێ بكات ئەوا كار بۆ ئەوە بكات لەساڵی دوەمو سێهەم ئەو كارە بكات، ئێستا یەكێتی دەڵێت بۆ شەراكەتی راستەقینە لەهەمو جومگەكانی دەسەڵات رێككەوتوین، كە رێشكەوتون ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارەتی دەكەوێتە سەرشانی، دەبێت یەكێتی كار بۆ ئەوە بكات هیچ نەبێت لەساڵی یەكەمی ئەم كابینە تازەیە بەشێك لەدروشمو بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، ئەگەر ئەو كارە نەكات مانای وایە یەكێتی لەژێر فشاردا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی قبوڵكردوە.
ئاوێنە: بۆچی بەشێك لەكادیرانی یەكێتی نیگەرانن لەرێككەوتنی یەكێتیو پارتی؟
عوسمان بانیمارانی: بە دڵنیاییەوە ساڵەهایە كادیرانی یەكێتی لەو حكومەتی هەرێمی كوردستانە بێبەشن، نیگەرانن بۆخۆیان وەك كادیر بۆ خەباتو تێكۆشانیان بۆ مێژوی یەكێتیو قوربانی دانی ئەو حزبە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، چونكە لەكابینەكانی پێشودا یەكێتی بێ دەسەڵات بوە، پێویست ناكات برینەكان بكولێنینەوەو هەمو شتێك باس بكەین، یەكێتی لەزۆر شت بێ دەسەڵات بوە وەك پرسی موچەو فرۆشتنی نەوتو راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆو خزمەتگوزارییەكانو وەبەرهێنان، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسو حاكمی یەكەم بوەو یەكێتی خۆی پێوە شۆركردبوەوەو نەیتوانیوە هیچ شتێك بكات، ئەمەیە نیگەرانی لای یەكێتییەكان دروست كردوە، بۆیە ئەم جارە یەكێتییەكان دەڵێن یان دەبێت هاوبەشی راستەقینە بین مەبەست ئەوە نیە بكرێتەوە بە پەنجا بە پەنجا، بەڵام دەبێت پۆستەكان بە خاڵبەندی دابەزن دەبێت دوەم لیستی براوەی هەڵبژاردن ئاگاداری كۆی پرسەكان بێت بەتایبەت لە جومگە گرنگەكانی بریاردانو پەیوەندییەكانی ناوخۆو دەرەوەی هەرێمو داراییو نەوتو ئاسایش، دەبێت یەكێتی لەسەر ئەم بابەتانە قسەی هەبێت، بەحسابی خۆیان ئێستا یەكێتی قسەی لەسەر ئەم بابەتانە هەیە، بەڵام لەرۆژانی داهاتو دەردەكەوێت و بۆ هەمو لایەك ئاشكرا دەبێت.
ئاوێنە: لەناوخۆی یەكێتی چۆن باسی دانانی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی حكومەتی عێراق دەكرێت؟
عوسمان بانیمارانی: پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەحساب كاك كۆسرەتو كاك مەسعود رێككەوتون كە ئەوان ئەو پرسە چارەسەر دەكەن، هەرچەندە ئەوە جۆرێكە لەمرونەت كە یەكێتی لەبەرامبەر پارتی نیشانی داوە، چونكە پێشتر یەكێتی پێداگربو لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكەی یەك پاكێج بێت بەغداو كەركوكو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەخۆ بگرێت بەڵام دیارە یەكێتی نەیتوانی جێبەجێی بكات، هەروەها یەكێتی ویستی لەپۆستەكانی ناوخۆ، دەرەوە، ئاژانس، نەوت دو پۆست وەر بگرێت بەڵام بەداخەوە ئەوەش نەكرا، پارتی دەڵێت جێگرەكانی دەدەین بە یەكێتی خۆ پێشتریش بەشێك لەو وەزارەتە گرنگانە جێگرەكانی هەر یەكێتی بون، دەمەوێت پێتان بڵێم نیگەرانییەكانی یەكێتییەكان لەسەر ئەو بابەتانەیە.
ئاوێنە: پێت وایە ئەمجارە یەكێتی لەبری قسە دەستیشی لەحكومەتی نوێ دەبێت؟
عوسمان بانیمارانی: دیاریكردنی ئەو كەسانەی یەكێتی بۆ حكومەت وەڵام دەداتەوە ئایا یەكێتی قسەو دەستی دەبێت لەحكومەت یاخود نا، ئەگەر حكومەتەكە پلانی هەبێت رەنگە شتێك بكرێت، ئەگەر پلانی نەوبێت وەك ئەوەیە ئێوارە نان بخۆیتو بخەویت سبەی ئێواش دیسان نان بخۆیتو بخەویت هیچ لە بابەتەكە ناگۆرێت.
ئاوێنە: سەرۆكی پەرلەمان كەبەركەوتەی یەكێتییە لەنێوان هێمن هەورامیو مونا قەهوەچی چی پێدەكرێت؟
عوسمان بانیمارانی: هێندەی من ئەزمونم هەیە لەئیدارەی كوردیو ململانێی سیاسی، ئەگەر یەكێتی بەقسەی من بكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرناگرێت، چونكە لیستی پارتی زۆرینەیەو جێگرێكی پارتیەو جێگرەكەی دیكەشی كارێك ناكات لەدژی پارتی بێتو نزیكە لەپارتی بەبروای من سەرۆكی پەرلەمان هیچ رۆڵو كاریگەرییەكی نابێت، تەنها رەروی میدیاییەوە گرنگ دەبێت تا بوترێت یەكێتیش پۆستی سیادی لایە، لەروی حزبیەوە یەكێتی زۆر زەریبە دەدات ئەگەر لەم خولە سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەگەر پارتی خۆی دانەماڵێت لەكاری حزبیو حزبایەتیو نەیەتە سەر ئەو رێگایەی خزمەتی خەڵك بكرێتو ئاشتەوای سیاسیو كۆمەڵایەتی جێبەجێ بكات، هەردولا واز لەو ئەقڵیەتە حزبیە نەهێنن، بە دڵنیاییەوە یەكێتی زۆر زیان دەكات، ئەگەر پارتی بە ئەقڵیەتی پێشوی كار بكات لەماوەی چوار ساڵی داهاتو چی لەمێشكیدا بوە لە پانزە ساڵی رابردو هەموی جێبەجێ دەكات سەرۆكی پەرلەمانەكەش ئەگەر یەكێتی بێت دەبێت تەنها ئیمزای بۆ بكات، باشترین كارێك یەكێتی بیكات ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت، من باسم كرد ئەگەر یەكێتی پێداگر نەبێت لەسەر شەراكەتی راستەقینە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردویەتی لەچەند مانگی داهاتو رەنگدانەوەی نەبێت بۆ یەكێتی مردنێكی هێواشە.