كه‌ركوك/11ی نیسانی 2019/ پرۆسه‌ی راده‌ستكردنی ژماره‌یه‌ك به‌ندكراوی عه‌ره‌ب له زیندانه‌كانی سلێمانییه‌وه بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك
هێزه ئه‌منییه‌كانی سلێمانی 36 به‌ندكراوی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش، به دو قۆناغ بۆ كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێننه‌وه، به‌ڵام قۆناغی یه‌كه‌می راده‌ستكردنه‌كه به نهێنی ئه‌نجامدراوه كه برایه‌كی راكان سه‌عید، پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك له‌نێو به‌ندكراوه‌كان بوه.
ئاوێنه، كه‌ركوك ناو: 12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب له شوباتی ئه‌مساڵ وه‌كو قۆناغی یه‌كه‌م، به‌ڵام به‌نهێنیی و دور له چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه، ئه‌مڕۆش پێنجشه‌ممه 11ى نیسان، 24 به‌ندكراوی دیكه به ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی) گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ كه‌ركوك.
ره‌مله حه‌مید، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و ئه‌ندامى لیژنه‌ى گه‌ڕان به‌دواى به‌ندکراوانی عه‌ره‌ب، به (که‌رکوک ناو)ى وت "به‌ر له دو مانگ و نیو برایه‌کى راکان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ 11 که‌سى دیکه له زیندانه‌كانی ئاسایشی سلێمانییه‌وه به هه‌وڵى تاکه‌که‌سى راكان سه‌عیدو رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی یه‌كێتی راده‌ستى ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى که‌رکوک كرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه دور له چاوى راگه‌یاندنه‌کان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامدراو به‌نهێنی كرا، که‌س نه‌یده‌زانى ئه‌وانه کێن؟، دواتر ئێمه وتمان ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ته‌نیا بۆ چه‌ند که‌سێک بێت و دیاریکراوبێت".
دوای ناڕه‌زایی ره‌مله حه‌مید و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی تری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و لیژنه‌ی گه‌ڕان به‌دوای به‌ندكراوانی عه‌ره‌ب و كه‌سایه‌تی ناوچه‌كه، بڕیاردرا ئه‌و هه‌وڵه به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و ئاشكرابكرێت.
ره‌مله وتی "وتمان ده‌بێت گواستنه‌وه‌ی زیندانییه‌كان یان ئازادكردنیان به ئاشکرابێت، به‌بێ دیاریکردنى ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه کوڕى کێیه‌و خزمی كێیه".
دوای ئه‌و ناڕه‌زایی و هه‌وڵه، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 11ی نیسان، به ئاماده‌بونى ئیسماعیل حه‌دیدى، راوێژکارى سه‌رۆک کۆماری عیراق و كه‌سایه‌تی دیاری عه‌ره‌ب له كه‌ركوك، هه‌روه‌ها به ئاماده‌بونی ئاراس شێخ جه‌نگی، نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار و لێپرسراوانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له نێویاندا سه‌عد حه‌ربیه، فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنى که‌رکوک و نوێنه‌رى پارێزگارى که‌رکوک، ئه‌و 24 به‌ندكراوه له سلێمانییه‌وه گه‌یه‌نرانه باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كه‌ركوك.
ره‌مله حه‌مید وتیشی "ئێمه وتومانه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى ده‌کرێت بۆ ئازادکردن یان گواستنه‌وه‌ی به‌ندکراوه‌کان به ئاشکرابکرێت و له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌کانى که‌رکه‌وکه‌وه به فه‌رمى ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له دواڕۆژدا هیچ که‌س و لایه‌نێک وه‌کو بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌کارینه‌هێنن".
ئه‌و به‌ندكراوانه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش له قه‌زای حه‌ویجه‌ی باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك ده‌ستگیركراون، به‌شێكیان له‌کاتى ئاواره‌بونیان له بازگه‌کان یان له‌كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی، ئه‌وه‌ش به‌هۆى نه‌بونى به‌ڵگه‌ى ته‌واو، وه‌ك ئه‌وه‌ی رمله حه‌مید ئه‌ندانی لیژنه‌ی گه‌ڕان به‌دوای به‌ندكراوانی عه‌ره‌ب جه‌ختیلێكرده‌وه.
ئه‌و لیژنه‌یه له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر دروستبوه، دوای ژماره‌یه‌ك خۆپیشاندانی فراوانی كه‌سوكاری بێسه‌رشوێنان و ده‌ستگیركراوان.
ره‌مله وتیشی"له‌نێو به‌ندكراوه‌كان هه‌یه به مادده‌ى 4ی تیرۆر داواكراوه، دواى وردبینى له دۆسییه‌کانیان ره‌وانه‌ى دادوه‌رى لێکۆڵینه‌وه‌یان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك تاوانباره و ده‌ستى سوره به خوێنى هاوڵاتییان دادگایی‌بکرێت و ئه‌وه‌شى بێتاوانه بڕیارى ئازادکردنى له‌سه‌ر بدرێت."
به‌ر له هێرشی داعش بۆ عیراق، پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب به‌رده‌وام ناوی 400 به‌ندكراویان له كۆبونه‌وه‌كاندا راده‌ستی هه‌ردو ئاسایشی یه‌كێتیی و پارتی ده‌كرد كه ئه‌وكات باره‌گاكانیان له كه‌ركوك بون و داوای ئازادكردنیان ده‌كردن، هه‌رچه‌نده ئاسایش بونی ئه‌و 400 ناوه‌ی له زیندانه‌كانی خۆیی و هه‌رێمی كوردستان ره‌تده‌كرده‌وه.
ره‌مله حه‌مید وتی "ئێستا ته‌نیا كار له‌سه‌ر به‌ندکراوه‌کانى لاى یه‌کێتى ده‌که‌ین، پاشان ده‌ست به هه‌وڵه‌کانمان ده‌که‌ین بۆ راده‌ستکردنى به‌ندکراوه‌کانى لاى پارتى له هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش به هه‌وڵى نوێنه‌رى سه‌رۆک کۆمار و که‌سایه‌تییه‌کان".
غازى که‌رکوکى، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی كوردستان، وتی، به‌رنامه‌ی ئازادکردنی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی عه‌ره‌بی ده‌ستبه‌سه‌ر که پێشتر ده‌ستگیرکراون له‌لایه‌ن دژه تیرۆری یه‌کێتییه‌وه، شتێکی تازه نییه و له رابردوشدا ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سانه راده‌ست کراونه‌ته‌وه.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێکه‌وتنه‌که به‌و شێوه‌یه نییه ته‌نیا له نێوان یه‌کێتیی و ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی بێت، به‌ڵکو حکومه‌تی عیراق خۆیشی له‌و نێوه‌نده‌دایه و به ئاگاداری حکومه‌تی عیراق كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌وانه‌شی که ده‌ستگیرکراون به بڕیاری دادگا ده‌ستگیرکراون".