لوتكەی بەغدا بۆ پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێ بەڕێوەدەچێت
  2019-04-20       202       

ئەمڕۆ شەممە لوتكەی بەغدا بۆ پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەڕێوەدەچێت. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت"پێویستە عێراق پەیامى ئەوە بگەیەنێت کە نابێتە بەشێک لە ململانێکانی نێوان وڵاتانی هەرێمی و جیهان."

ئاوێنە: لوتكەی بەغدا لەژێر دروستی "عێراق..سەقامگیری و گەشەپێدان" بە بەشداری سەرۆكی پەرلەمانی سعودیە، سەرۆكی پەرلەمانی سوریا، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن، سەرۆكی پەرلەمانی كوەیت بەڕێوەدەچێت بەڵام عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پۆزشی هێنایەوە لەوەی كە ناتوانێت بەشداری لوتكەكە بكات.

بڕیارە لەجێی لاریجانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بەشداری لە لوتكەكەدا بكات.

محەمەد حەلبوسی،سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند"خاکی عێراق نابێتە شوێنی ھێرشکردن بۆ سەر تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ، هیواخوازیشین وڵاتانی دراوسێش بەڵێنەکانی خۆیان لەبارەی ھاوکاریکردنی عێراق بەدى بهێنن، دەبێت عێراق بگەڕێتەوە پێگەی بەھێزی خۆی لە ناوچەکە و جیھانی عەرەبی."

لەلای خۆیشییەوە یوسف محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی لوتكەی بەغدا بە میدیای حزبەكەی راگەیاند"رێکخستنى ئەم لوتکەیە هەنگاوێکى باشە بۆئەوەى عێراق بەشێک نەبێت لە ململانێ هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکە، چونکە لەحاڵەتى بەشداربونى عێراق دەبێتە هۆى گواستنەوەى ململانێکە بۆ ناو وڵاتەکە."

ئەو پێیوایە ململانێى هەندێک لەو وڵاتە کۆن و ئاڵۆزە، بۆیە ئەگەر لوتکەکە ئەنجامى کاریگەریشى نەبێت، لانىکەم ئەو پەیامەى دەبێت کە عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێکانى نێوانیان و پێکەوە کۆشیان دەکاتەوەو  ئەم دیدارە ببێتە دەستپێکێک بۆ کارى پێکەوەیى.

وتیشى"دەبێت پەیامى عێراق رون بێت کە تائێستا عێراق و خەڵکەکەى باجى زۆرى ململانێى نێوان وڵاتانیان داوە، بۆیە چیتر عێراق بەشێک نابێت لەو دۆخە."


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×