"راگرتنی مەشقپێكردنی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان لەلایەن ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداوە راست نیە"
  2019-05-15       1168       

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ راگرتنی مەشقپێكردنی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان لەلایەن ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداوە راست نیە.

ئاوێنه‌: لیوا تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق بەمیدیای‌ یه‌كێتی‌ راگەیاندووه‌، ئەو هەواڵانەی باسی راگرتنی مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی‌ عێراق‌و پێشمەرگە دەكەن لەلایەن ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەنداوە راست نیە.

ناوبراو ده‌ڵێت، ئەو وڵاتانە هەندێك كەسیان لەنوێنەرایەتییەكانیان كشاندوەتەوە كە بونیان لەعێراق پێویست نییە.

لیوا تەحسین خەفاجی راشیگه‌یاندووه‌، مەشقیپێكردنی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانە لەعێراق بەردەوامە، بەڵام ئەوەی كردویانە ئامادەكارییەكە بۆ خۆپاراستنی نوێنەرایەتییەكان، ئەگینا هیچ شتێكی دیكە لەئارادا نیە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كارو مەشقپێكردنی وڵاتان لەهێزە ئەمنییەكان‌و پێشمەرگە بەتەواوی یەكەكان بەردەوامە.

پێشتر فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاندبو كه‌ وەك رێوشوێنێكی خۆپاراستن، ئەمریكاو ئەڵمانیا هەمو چالاكییەكانیان لەڕوی سەربازییەوە، وەك مەشق‌و راوێژكاریی لەگەڵ سەرجەم هێزە عێراقییەكان بەهێزی پێشمەرگەوە راگرتوە.

وتیشی، سەرجەم چالاكییەكانیان لەهەرێم‌و عێراق سڕكردوەو هۆكارەكەشیان بۆ ئاڵۆزبونی ناوچەكە گەڕاندوەتەوە، بەڵام دەڵێن راگرتنی مەشقەكان بۆ ماوەیەكی كاتییە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×