موعین له‌لۆس ئه‌نجلسه‌وه‌ تا سلێمانی
  2019-06-06       3095       

ئا: ئاوێنە


موعینی‌ ئه‌سفه‌هانی‌، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناودارانه‌ی‌ ئێران كه‌ له‌شاری لۆس ئه‌نجلسی ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریکا نیشته‌جێیه‌و له‌كوردستان هه‌وادارێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ بۆ جاری سێهه‌م له‌شاری ‌سلێمانی له‌شانۆی رۆمانی‌ كۆنسێرت ساز ده‌كات، هاتنی چه‌ند جاره‌ی بۆ سلێمانی‌و هه‌ولێر، جیاواز له‌زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌کانی ئێران، رێزو خۆشه‌ویستی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌رده‌خات به‌رامبه‌ر به‌کوردستان.



موعینی‌ ئه‌سفه‌هانی‌، كه‌ ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ “نصرالله معین نەجەفئابادی”یه‌، ساڵی‌ 1951 له‌شاری‌ نه‌جه‌ف ئابادی‌ سه‌ر به‌ئوستانی‌ ئه‌سفه‌هان له‌خێزانێكی‌ ئایینی‌ هاتوه‌ته‌ دنیاوه‌، له‌سه‌رده‌می‌ هه‌رزه‌كاری‌و سه‌ره‌تای‌ گه‌نجێتیدا به‌قورئان خوێندن‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ غه‌زه‌لیاتی‌ شیعری‌ فارسی‌ به‌ناوبانگ بوه‌ له‌ئه‌سفه‌هان. 

موعین له‌ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵیدا به‌موزیكی‌ “تار” ئاشنا ده‌بێت‌و پاشان له‌زه‌ماوه‌نده‌كانی‌ ئه‌سفه‌هاندا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت. 


له‌ته‌مه‌نی‌ 20 ساڵیدا هه‌ر له‌ئه‌سفه‌هان مامۆستا ناوداره‌كانی‌ مۆسیقای‌ ئێرانی “تاجی‌ ئه‌سفه‌هانی‌”‌و “حه‌سه‌نی‌ كه‌سائی‌” له‌نزیكه‌وه‌ ده‌ناسێت‌و به‌شداری‌ لەوانه‌كانی‌ ئاواز‌و مۆسیقای‌ ئه‌واندا ده‌كات. 


پێش هاتنه‌ سه‌ر كاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، له‌ساڵانی‌ 1976 تا 1979 شه‌وانه‌ له‌ئوتێله‌كانی‌ “عه‌باسی‌”‌و “هه‌زار یه‌ك شه‌و”ی‌ ئه‌سفه‌هان گۆرانی‌ ده‌ڵێت.



پاش روخانی‌ شا بۆ ماوەیەکی کەم له‌ئێران ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ساڵی 1980دا یه‌كه‌مین ئه‌لبومی‌ به‌ناوی‌ “یکی را دوست می‌دارم” بڵاوده‌كاته‌وه که‌ له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا ده‌بێته‌ مایه‌ی ناوبانگ ده‌رکردنی‌. دوای‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ “انقلابی‌ فه‌رهه‌نگی‌” له‌لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، له‌كۆتایی‌ هه‌مانساڵدا ئێران به‌جێده‌هێڵێت‌و روده‌كاته‌ ویلایه‌تی‌ كالیفۆرنیای‌ ئه‌مه‌ریكا‌و له‌"لۆس ئه‌نجلس" نیشته‌جێ ده‌بێ‌ه‌ به‌یارمه‌تی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ ناودار “هایده‌” ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌كاری‌ هونه‌ری‌‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌‌و خاوه‌نی‌ چه‌ندین ئه‌لبوم‌و گۆرانی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌.



موعین، ساڵی‌ 1989 له‌ته‌مه‌نی‌ 38 ساڵیدا هاوسه‌رگیریی‌ له‌گه‌ڵ‌ خانمێكی‌ ئیسپانیایی‌ ده‌كات‌و هه‌ر هه‌مان ساڵ‌ ئه‌لبومی‌ “صبحت بخیر عزیزم” بڵاوده‌كاته‌وه‌و ساڵی‌ 1991یش یه‌كه‌م منداڵیان چاو به‌دنیا هه‌ڵدێنێت، كه‌ به‌ناوی‌ یه‌كێك له‌گۆرانیه‌ جوانه‌كانیه‌وه‌ ناوی‌ ده‌نێت كه‌ ئه‌ویش “په‌ریجه‌”یه‌، “واته‌ په‌ری‌ بچوك”.



موعین ساڵی‌ 1995 له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ جیاده‌بێته‌وه‌و پاش به‌سه‌ربردنی‌ ماوه‌یه‌ك ژیانی‌ ته‌نیایی‌، ساڵی‌ 1999 بۆ دوهه‌مین جار هاوسه‌رگیریی‌ له‌گه‌ڵ‌ خانمێكی‌ ئێرانی‌ به‌ناوی‌ “پانته‌” ده‌كات‌و كچێكی‌ له‌ویش هه‌یه‌ به‌ناوی‌ “ستاره‌”، ئه‌مجاره‌ پانته‌ له‌گه‌ڵ موعین هاتوه‌ بۆ سلێمانی.



موعین چاوپێكه‌وتنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌كه‌می‌ ئه‌نجامده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ پاگه‌نده‌ی‌ زۆر بۆ ده‌كرێت، یه‌كێك له‌و پاگه‌ندانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەو “نابینایه‌”، به‌ڵام موعین نابینا نییه‌‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت “به‌رامبه‌ر به‌روناكی‌ حه‌ساسیه‌تی‌ هه‌یه‌و له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ چاویلكه‌ی‌ تاریك له‌چاوده‌كات”.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×