ناوەڕۆكی كۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری روسیاو توركیاو سوریا لە مۆسكۆ
  2022-12-28       947       

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیرانی بەرگری روسیاو توركیاو سوریا كۆبونەوە. وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا چەند بابەتێك تاوتوێ كراون لەوانە هەوڵی هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی گروپە توندڕەوەكان لەسوریا. وەزارەتی بەرگری توركیاش كۆبونەوەكە بە "بونیادنەر" ناودەبات.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری روسیا، ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی كۆبونەوەكەوە كە بە ئامادەبونی سەرۆكی میتی توركی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوریا بەڕێوەچوە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزیرانی بەرگری هەر سێ وڵات، لە كۆبونەوە سێقۆڵییەكەدا تاوتوێی رێگەكانی چارەسەریی قەیرانی سوریا، كێشەی پەنابەران و هەوڵە هاوبەشەكانیان بۆ روبەڕوبونەوەی گروپە توندڕەوەكان لە سوریا كردوەو هەروەها تاوتوێی بەردەوامی "سەقامگیر"یان لە سوریاو ناوچەكە كردوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا ئەوەشی وتوە، بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لە سروشتی بونیاتنەری گفتوگۆكان كردەوە.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندوە لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی دەزگای میت و هەروەها سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوریا بەشداربون و كۆبونەوەكە لە "كەشێكی بونیاتنەر"دا بەڕێوەچو.

وەزارەتی بەرگری توركیا وتوشیەتی، بەشدارانی كۆبونەوەكە هاوڕابون لەسەر درێژەدان بە كۆبونەوە سێقۆڵییەكان لەپێناو دەستەبەركردن و پاراستنی سەقامگیری لە سوریاو ناوچەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×