لەدوای 15 گەڕی دەنگدان، كێڤن مەكارتی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵبژێردرا
  2023-01-07       364       

كێڤن مەكارتی، كاندیدی كۆمارییەكان، لەدوای چوار رۆژ لە مشتموڕی نێوخۆیی كۆمارییەكان و 15 گەڕی دەنگدان، توانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی بە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، کێڤن مەکارتی، تەمەن 57 ساڵ، كاندیدی کۆمارییەکان بە 216 دەنگ بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا.

 دوای ئەوەی بۆ جاری 14یەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکێک شکستی هێنا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دواخستن یان دوانەخستنی دەنگدانەکەی تاوەکو رۆژی دوشەممە خستە دەنگدانەوە، بەڵام زۆرینەی ئەنجومەنەکە دەنگیان بەوەدا کە هەر ئەمڕۆ گەڕی 15 ئەنجامبدرێت.

لە كۆی 428 دەنگ، مەكارتی 216 دەنگی بەدەستهێنا، لەكاتێكدا حەكیم جیفریز، كاندیدی دیموكراتەكان 212 دەنگی بەدەستهێنا.

 هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە درێژترین ماوەی هەڵبژاردن دادەنرێت لە 160 ساڵی رابردودا، چونکە کۆمارییەکان چوار رۆژ و 15 گەڕی دەنگدانیان بەڕێکرد تاوەکو بەشێک لە ئەندامە کۆمارییەکان چونە پاڵ مەکارتی و دەنگیان پێدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×