ئێران: نیگه‌رانیمان له‌ باره‌ی وشه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی گه‌یاندووه‌ته‌ به‌غدا
  2023-01-10       382       

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دژی بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی هاتە دەنگ و رایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دژبە بەکارهێنانی ئەو وشە ساختەیە گەیاندووەتە بەرپرسانی بەغدا.

ئاوێنە: ناسر کەنعانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەبێ ناوهێنانی موقتەدا سەدر، بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: بەر لەوەی ئەو بابەتە لە میدیاکاندا باس بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیە دژکردەوەی نیشان داوە.

پێشتر موقتەدا سەدر، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در لە تویتێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی جامی کەنداو نووسیبووی ''بەخێرهاتنی میوانانی عەرەبی کەنداوی عەرەبی دەکەین".

هاوكات محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دەستپێکی یارییەکانی جامی کەنداودا بە هەمان شێوە گوزارەی کەنداوی عەرەبی بەکار هێنابوو.

كه‌نعانی جەختی لەوە کردەوە کە "کەنداوی فارسی کەنداوی فارسە و هیچ شتێک لە میانی یارییەکەی تۆپی پێ و یان هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتانی دەرەوە، ناتوانن ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕن".

وتیشی: "ئێمە دەستبەجێ ناڕەزایەتییەکانی خۆمان گەیاندووەتە حکومەتی عێراق و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین".

کۆمپانیای پۆستی عێراقی بە بۆنەی ئەنجامدانی 25ھەمین پاڵەوانێتی جامی کەنداو لە شاری بەسرەی باشووری ئەو وڵاتە، دەستی بە چاپکردنی پولی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکە کردووە و گوزارەی کەنداوی عەرەبی لەسەر نووسیوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×