ئێران: لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە
  2023-02-02       482       

ئێران، ئیسرائیلی بە بەرپرسیار لەو هێرشە وەسف کرد کە لە رێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە سەر شاری ئەسفەهان و جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.

ئاوێنە:  ئاژانسی هەواڵیی "ئیسنا"، سەعید ئیرەڤانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نامەیەکی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس نووسیوە.

لە نامەکەدا ئیرەڤانی، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لێکۆلێنەوە بەراییەکان لە هێرشەکەی رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، ئەوەیان نیشانداوە کە ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەوە بووە.

ناوبراو لە نامەکەدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم هێرشە دژبە یاسا نێودەوڵەتییەکانە و نووسیویەتی: "ئێران، بۆ بەرگریکردن لەخۆی و دژبە هەر هەڕەشە و هەڵەیەکی رژێمی زایۆنستی، مافی ئەوەی هەیە لە شوێن و کاتی گونجاودا وەڵام بداتەوە".

شەوی ٢٨ی کانوونی دووەم میدیای فەرمی ئێران روودانی تەقینەوەیەکی گەورەی لە بنکەیەکی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە شاری ئەسفەهان راگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی ئێران، دەربارەی هێرشەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار لە رووداوەکە، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×