سكرتێری گشتی ناتۆ: لە چەند رۆژی داهاتودا فینلەندا بەڕەسمی دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانییەكەمان
  2023-03-31       363       

سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، فینلەندا لە چەند رۆژی داهاتودا بەڕەسمی دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی توركیا رەزامەندی لەسەر داواكاری ئەو وڵاتە دا بۆ ئەندامبون لە ناتۆ.

ئاوێنە: یەنس ستۆلتەنبێرگ، سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "سەرجەم 30 وڵاتە ئەندامەكەی ناتۆ، داواكاریی فینلەندایان بۆ ئەندامبون لە ناتۆ پەسەندكرد...فینلەندا لە چەند رۆژی داهاتودا بەڕەسمی دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانییەكەمان."

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەندامبونی فینلەندا، خێراترین پڕۆسەی پەسەندكردنی ئەندامانی ناتۆیە لە مێژوی هاوچەرخی هاوپەیمانییەكەدا.

دوێنێ پێنجشەممە، پەرلەمانی توركیا یاسایەكی پەسەندكرد كە بەگوێرەی یاساكە ئەو وڵاتە رەزامەندی دەدات لەسەر ئەندامبونی فیندلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ.

هەر دوێنێ سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ، پیشوازی لە رەزامەندی پەرلەمانی توركیا لەسەر ئەندامبونی فینلەندا لە ناتۆ كردو رایگەیاند، ئەو كارە "خانەوادەی ناتۆ بەهێزتر دەكات." هەروەها سەرۆكی فینلەنداش سوپاسی هەر 30 ئەندامەكەی ناتۆی كرد لەبەرامبەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ بونە ئەندام لە هاوپەیمانییەكە.

توركیا دوایین وڵاتی ئەندامی ناتۆ بو لەنێو هەر 30 ئەندامەكەی ئەو هاوپەیمانییە كە رەزامەندی لەسەر ئەندامبونی فینلەندا دا، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی هەنگاریا لەم هەفتەیەدا رەزامەندی لەسەر ئەندامبونی فینلەندا دا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×