ئۆكرانیا هاوكارى گه‌یانده‌ ڕۆژئاواى كوردستان
  2023-04-02       524       

حکومەتی ئۆکرانیا سه‌ربارى جه‌نگێكى قورس له‌وڵاته‌كه‌یدا، هاوكاریی مرۆیی گه‌یانده‌ شارۆچكه‌ى جندرێس له‌عه‌فرینى ڕۆژئاواى كوردستان.

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، حكومه‌تى ئۆكرانیا لەڕێگەی ڕێكخراوی ئه‌لئه‌مین بۆ هاوكاریی مرۆیی کە بنکەکەی لەسوریایە دوو بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی بۆ شارۆچكه‌ی عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستان نارد کە بەهۆی بومەلەرزەکانەوە زیانی بەرکەوتوە.

یاسر ته‌ره‌ف ڕێکخەری ڕۆژنامەوانی ڕێكخراوی ئه‌لئه‌مین بەمیدیاکانی ڕاگەیاند، حکومەتی ئۆکرانیا یه‌ك بارهەڵگر سه‌به‌ته‌ی خۆراک‌و پاكێجی ماده‌ی پاككردنه‌وه‌و دوو کۆنتێنەری لەسەر بارهەڵگرێكی دیكه‌ بۆ قوربانیانی بومەلەرزە لەشارۆچکەی جندرێس له‌عەفرین ناردوە.

ئه‌وه‌شى وت، "سێ هەزار سه‌به‌ته‌ی خۆراک کە ڕۆن‌و ئاوی تەماتەو وشكه‌یان تێدایه‌و دوو هەزار پاکێجی ماده‌ی پاككردنه‌وه‌ بەسەر قوربانیانی بومەلەرزەكه‌دا دابەشدەکەین".

تەرەف ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زیانلێكه‌وتوانى بومەلەرزە کە لەناوەندی مانه‌وه‌ی کاتیدا دەژین، سودمەند دەبن لەو هاوکارییانەی کە دەگەنە شارۆچکەی جندرێس.

ڕۆژی 6ی شوباتی 2023، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕی 7.7 باكوری كوردستان‌و توركیا، هه‌روه‌ها ڕۆژئاوای كوردستان‌و سوریای هه‌ژاند، جیا له‌ڕودانی سه‌دان پاشله‌رزه‌، كه‌ بونه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان، برینداربون‌و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×