راگەیەندراوێكی بایدن لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەكان توركیا توڕە دەكات
  2023-04-24       888       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا یادی جینۆسایدی ئەرمەنەكانی لەسەر دەستی توركە عوسمانییەكان كردەوە، ئەوەش حكومەتی توركیای توڕە كرد.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یادی ئەو رۆژحانە دەكەینەوە كە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا لە دەستچون و بەڵێن دەدەین كە هەرگیز ئەو یادە لە بیر نەكەین.

سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی، لە 24ی نیسانی 1915 دەسەڵاتدارانی عوسمانی روناکبیران و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی ئەرمەنییان لە قوستەنتینیە دەستگیرکرد، ئەمەش دەستپێکی هەڵمەتێکی سیستماتیكی توندوتیژ بو دژی كۆمەڵگەی ئەرمەنی. لە ساڵانی دوای ئەوەدا، یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی دەركران یان كۆمەڵكوژ كران، ئەوەش کارەساتێک کە بۆ هەمیشە کاریگەری لەسەر نەوەکانی خێزانە ئەرمەنەکان دانا.

بایدن ئاماژەی بەوەشداوە كە "لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ گەلانی جیهاندا یادی ئەم مێژوە پڕ لە ئازارە دەکەینەوە، بیر لە خۆڕاگری و ئیرادەی گەلی ئەرمەنیش دەکەینەوە كە زۆرێک لەوانەیان کە لە مردن ڕزگاریان بو، ناچار بون ژیانێکی نوێ لە خاکە نوێیەکاندا دەستپێبکەن- لەنێویاندا ئەمەریکا."

جۆ بایدن وێڕای ستایشی خۆڕاگری و ئیرادەی ئەرمەنەکان لە دوای جینۆسایدەکەی 108 ساڵ لەمەوبەر، وتی، ئەوان بە ئومێدەوە ڕوبەڕوی بەدکاران بونەتەوە و کۆمەڵگەکانیان ئاوەدانکردەوە و خێزان و کولتوری خۆیان پاراست.

سەرۆكی ئەمریكا جەختی کردۆتەوە، بەڵێن دوپات دەكەینەوەو پابەند دەبین لەدژی رق و كینە و بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە توندوتیژی و بنیاتنانی ئایندەیەک کە کەرامەت و ئاسایش و ڕێزگرتن لە هەموان لەخۆبگرێت.

ئەو راگەیەندراوەی سەرۆكی ئەمریكا، توركیای توڕە كردوەو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندوە"كەس حەدی نییە وانەی مێژو بە گەلی تورك بدات."

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە تویتێكدا كە ئاژانسی رەسمی ئەو وڵاتە دەڵێت، وەڵامی راگەیەندراوەكەی سەرۆكی ئەمریكایە، وتویەتی"ئەو چەواشەکارییە سیاسییانەی کە هەوڵی شێواندنی مێژو دەدەن، دوبارە دەرکەوتنەوە. هەلپەرستان کە پێداگری دەکەن لەسەر ئەم هەڵوێستە، بەهۆی پاڵنەرە نهێنییەکانیان و دوڕوییەکانیانەوە لەبیر دەکرێن. کەس حەددی نییە وانەی مێژو بە گەلی تورکی مەزندا بدات."

دو ساڵ لەمەوبەر جۆ بایدن وەك یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی کوشتنی بەکۆمەڵی ئەرمەنەکانی لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا بە جینۆساید ناوبرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×