دەزگای هەواڵی ئەرمینپرێس لەزاری بەڕێوبەری دەستەی هێڵی ئاسمانی فلای وەنی ئەرمینیاوە بڵاویکردۆتهەوە كه تورکیا بەبێ ئاگادارکردنەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی هێڵەکەدا داخستووە.
ئاوێنه: ئارام ئانانیان، بەڕێوبەری فلای وەن ڕایگهیاندووه، "بەهۆی کۆمەڵە هۆکارێکەوە کە ئێمە لێیان تێناگەین و بەبێ هیچ بنەمایەک، بەرپرسانی فڕۆکەوانی تورکیا مۆڵەتی کارکردنی هێڵی فلای وەن ئەرمینیای بۆ گەشتکردن بۆ ئەوروپا لەڕێی سنوری ئاسمانی تورکیاوە هەڵوەشاندۆتەوە."
وتیشی، "بەرپرسانی فڕۆکەوانی تورکیا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەیان جێبەجێکردووه، هێڵ و سەرنشینەکانمانیان خستە دۆخێکی ناڕەحەتەوە."
لەساڵی 1990وە تورکیا هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی یاخود بازرگانی لەگەڵ ئەرمینیادا نیە. ئهو دو وڵاتە ناکۆکن لەسەر ئەو 1.5 ملیۆن هاوڵاتییەی کە ئەرمینیا دەڵێت، لەساڵی 1915دا لەلایەن ئیمپڕاتۆری عوسمانییەکانەوە جینۆساید كراون، تورکیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
بەڵام لەمانگی شوباتی ئهمساڵدا بۆ یەکەمینجارو دوای 35 ساڵ، دەروازەیەکی سنوری لەنێوان ئهو دو دهوڵهته دراوسێیەدا کرایەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگەدان بەگەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ قوربانییانی بومەلەرزە بەهێزەکانی باشوری تورکیا.