به‌رپرسێكى باڵاى سه‌ربازى ئه‌مریكا: ڕێزم هه‌یه‌ بۆ توانا سه‌ربازیه‌كانى ئێران
  2023-05-02       615       

فەرماندەی پێشوی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگه‌یاند، ئێران لەڕوی موشەکی کروزو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێش وڵاتانی ناوچەکە کەوتۆتەوە.

ژەنەراڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی پێشوی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران جبەخانەی موشەک‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گەورەترکردوەو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی لەپەرەپێدانی توانای بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دواکەوتون.

ماکینزی لەوتارێکیدا لەمیانی کۆڕبەندی سیاسەت کە لەلایەن پەیمانگای واشنتۆنەوە بەڕێوەچوو بۆ تاووتوێکردنی توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران‌و هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەیان، وتویەتی، "لەماوەی 10 ساڵی ڕابردودا، ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کۆگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی کروزو موشەکی بالیستی پێشخستوە، تائەو ڕادەیەی کە لەم بوارەدا وڵاتانی دراوسێی تێپەڕاندوە، واتە ئێران توانای دەستپێکردنی هێرشێکی هەیە  کە لەتوانای سیستەمە بەرگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا نییە بەرپەرچی بدەنەوە".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا فەرماندە باڵا سەربازییەکەی ئەمریکا دەڵێت، "لەئێستادا تاران تایبەتمەندیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە، من بەشێوەیەکی تایبەت ڕێزێکی زۆرم بۆ ئێرانییەکان‌و بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و موشەکی کروزو موشەکی بالیستییان هەیە، بەڕاستی لەماوەی 10 ساڵی ڕابردودا بۆ بونیادنانی ئەو سیستەمە قوربانییەکی گەورەیانداوە".

هەروەک دەشڵێت، "بەڕای من لەڕاستیدا تواناکانی ئێران لەبواری موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەورەترین تایبەتمەندیی سوپای ئەو وڵاتەیە، ئەو گرنگییەشی بەو بوارەی دەدات هاوشێوەی گرنگیدانییەتی بەبەرنامەی چەکی ناوەکیی، تەنانەت ڕەنگە گرنگیی زیاتریشی پێبدات، لەکاتێکدا بەرنامەی ناوەکیی توانایەکی گریمانکراوی ئایندەیی بەئێران دەبەخشێت، بەڵام موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئێستادا توانای ئەوە بەو وڵاتە دەدات هەرکاتێک ویستی ئازاری نەیارە هەرێمییەکانی بدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×