"ئەڵمانیا پەناخوازانی ڕەتکراوەی وڵاتەکەی دیپۆرت دەکاتەوە"
  2023-08-21       526       

دەزگای لوتکە بۆ كاروباری‌ كۆچبه‌ران بڵاویكردۆته‌وه‌، لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی ئەو کەسانەی لەئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەئارەزوی خۆیان وڵات بەجێدەهێڵن بەهەمانشێوە زیادیکردوە.

ئاوێنه‌: بەپێی بەدواداچونەکانی دەزگای لوتکە، لەنیوەی یەکەمی  ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی لەئەڵمانیا دیپۆرتکراونەتەوە زیاتر لەچارەکێک زیادیکردووە، کە زۆرێک لەو پەناخوازانە لەکاتی داواکردنی مافی پەنابەریدا ڕەتکراونەتەوە لەلایەن ئەو وڵاتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگاكه‌ کەوتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەشەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا دیپۆرتکراونەتەوە گەیشتووەتە حەوت هەزارو ٨٦١ کەس، کە نزیکەی ٢٧% زیادیکردووە. لەنێو ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە هەزارو ٦٦٤ ژن‌و هەزارو ٣٧٥ کەسی خوارتەمەنی یاسایی تێدا بووه‌.

دەزگای لوتکە ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ دیپۆرتکراون ٧٠٥ كه‌سیان هاوڵاتی جۆرجیا بون، لەدوای ئەویش هاوڵاتیانی باکوری مەقدۆنیا ٦٦٥ کەس، پاشان ئەفغانییەکان ٦٥٩ کەس، پاشان تورکەکان ٥٢٥ کەس بون.

دوای بەدواداچونەکان دەرکەوتووه‌ کە حکومەتی ئەڵمانیا داوای لەو کەسانەکردوە کە ئیقامە یان فیزایان بەسەر چووە یان ئەوکەسانەی داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، هەروەها حکومەتی  ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی کە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە ئەگەر خۆبەخشانە نەڕۆن ئەوا بەزەبری هێز دیپۆرتیان دەکەنەوە، مەگەر لەحاڵەتێکدا ڕێگریی  هەبێت وەک نەخۆشی یان هۆکاری تر.

دەزگای لوتکە ڕاشیگه‌یاندووه‌، ژمارەی ڕۆشتنی خۆبەخشانەش بەرزبووەتەوەو ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەئارەزوی خۆیان ئەڵمانیایان بەجێهێشتوە زیاتر لە ٤٨٩٢ کەس دەبێت، بەپارەی حکومەتی فیدراڵی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، هەروەها ٢٣٠٩ کەسیش بەپارەی ویلایەتە فیدراڵیەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×