ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، یەکێک لەئەولەویەتەکانی سەردانەکەی هاکان فیدان، سەرۆکی پێشوی هەواڵگری تورکیاو وەزیری دەرەوەی ئێستای تورکیا، بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بوە لەگەڵ سوننەکانی عێراقو پاراستنی ئەو تەوافوقە بوە کە سوننەکان لەنێوان خۆیاندا پێیگەیشتون.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕۆژنامە تورکییەکە، یەکێک لەپرسە ستراتیژییەکان بۆ تورکیا کە هاوکات یەکێکە لەئەولەویەتەکانی هاکان فیدان، پاراستنی ئەو "کۆدەنگییە"یە کە لەنێو سوننەکاندا هاتۆتە ئاراوە، چونکە هەر ململانێیەکی سیاسیی لەنێوان سوننەدا لەباریدا هەیە ببێتە هەڕەشەیەکی ستراتیژیی بۆ سەر ئەولەویەتەکانی تورکیا لەعێراقدا.
بەوتەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەوە بەو مانایە نییە کە تورکیا بەگوێرهى دیدگایەکی تائیفی لەعێراق نزیک دەبێتەوە، بەڵکو پێیوایە ئاشتەوایی نێوان سوننەکان وەک ئامرازێکی ستراتیژیی بەلای ئەنکەرەوە سەیر دەکرێت، چونکە توانای کاریگەریی لەسەر هەموو پرۆسە سیاسییو سەربازییەکانی دیکەی لەناو عێراقدا هەیە.
لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەمانگی کانونی دوەمی ساڵی 2023 نزیکدەبێتەوە، کە ئەولەویەتەکانی تورکیا گرنگیان زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی لەناوخۆی عێراقدا هەبێت، لەوەشدا بەئاسانی دەتوانرێت لەکۆبونەوەو دیدارەکانی فیدان لەگەڵ تورکمانەکان دەربکەوێت.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، یەکێک لەئەولەویەتە ستراتیژییەکانی تورکیا پاراستنی هاوسەنگیی سیاسیی نەتەوەییو تائیفییە لەعێراقو پاڵپشتیکردنی پارتە کوردییە دەسەڵاتدارەکانە لەهەرێمی کوردستان.