"شەهرام نازری" سەرجەم كۆنسێرتەكانی خۆی لەم مانگەدا هەڵوەشاندەوە
  2020-01-13       2271       

شەهرام نازری، هونەرمەندی ناوداری كورد، وەك هاوخەمییەك بۆ كەسوكاری قوربانیانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە كە بە موشەكی سوپای پاسداران خرایە خوارەوەو تێیدا 176 كەس گیانیان لەدەستدا، سەرجەم كۆنسێرتەكانی خۆی لەم مانگەدا هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: شەهرام نازری، لە كەناڵی تەلەگرامی خۆی، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، روداوە خەمناكەكەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە هەمومانی خەمبار كردوەو دڵی بریندار كردوین، بۆیە بەمەبەستی هاوخەمی و پشتیوانی لە خەڵكی وڵاتەكەم تەواوی بەرنامەی كۆنسێرتەكانم هەڵدەوەشێنمەوە.

شەهرامی نازری بڕیار بو لە 15و 16و 17ی ئەم مانگە لە ئەسفەهان و شەهری كوردو هەروەها لە 20ی ئەم مانگە لە تاران كۆنسرێتی هەبێت، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی سەرجەم ئەو كۆنسێرتانەی هەڵوەشاندۆتەوە.

شەهرامی نازری، پێشتر وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە كوشتنی خۆپیشاندەران لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا، كۆنسێرتێكی خۆی لە شاری "بوشەهر"ی ئێرن هەڵوەشاندەوە.

وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی 176 گەشتیاری ئێرانی و بیانی لە فڕۆكە ئۆكرانییەكەدا بە موشەكی سوپای پاسداران، ژمارەیەكی بەرچاوی هونەرمەندانی ئێران رایانگەیاندوە، ئەمساڵ بەشداریی لە ڤیستیڤاڵەكانی "فەجر"ی وڵاتەكەیاندا ناكەن.

لەدوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان بەوەدا نا كە فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە ئاسمانی تاران بە موشەكی سوپای پاسداران كەوتۆتە خوارەوە، سێ رۆژە لە تارانی پایتەخت و چەند شارێكی دیكەی ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت و تێیاندا دروشمی دژبە سوپاو خامنەیی دەوترێنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×