نێچیرڤان بارزانی: سەرۆكی فەرەنسام بانگهێشتی هەولێر كردو ئەویش قبوڵی كرد
  2019-07-10       857       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەكۆبونەوەیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، بانگهێشتی كردوە كە لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق سەردانی هەولێریش بكات، ئەویش بانگهێشتەكەی قبوڵ كردوە. نێچیرڤان بارزانی جەختی كردەوە كە پەرەپێدانی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ فەرەنسا لە ئەولەویەتی كارەكانییەتی.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆشكی ئێلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازی لێكرا.

دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا، نێچیرڤان بارزانی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە كۆبونەوەكەیان لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن باش بوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ستایشی ئەو رۆڵەی كرد كە فەرەنساو ماكرۆن لەدوای ریفراندۆم بینیان لە كردنەوەی دەرگا لەڕوی سیاسییەوە بەڕوی هەرێمدا كە ئەوەش بەقسەی نێچیرڤان بارزانی وایكرد هەندێك لەكێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بۆ بدۆزنەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەكۆبونەوەكەدا قسەیان لەسەر بەرەپێشبردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان فەرەنسا لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە كردوە.

وتیشی"لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق، ئەمڕۆ بانگهێشتمانکرد سەردانی هەولێریش بکات، بە سوپاسەوە قبوڵیکرد و هیوادارین لە چوارچێوەی سەردانی بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەكی ترەوە لە لاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك سەبارەت بە كۆبونەوەكەی لەگەڵ ماكرۆن نوسیویەتی"پەرەپێدانی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ فەرەنسا بۆ من لە ئەولەویەتی كارەكانمە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×