پەروەردەو شۆڕش‌و نووسەر

نەوزاد بەندی
  2023-11-03     453

یەکەم : 

کاتێ نەخوێندەوارترین کەس ئەچێتە سەمونخانە و بچووکترین زوڵمی لێ ئەکرێ ، کە نۆرە بڕییە ، ئەڵێ : کاکە کاتی ئێمەیش بەنرخە ، ئێمەیش ئیش و کارمان هەیە ، ئێمەیش حەزمان لە چاوەڕوانیی نییە ، چ ڕوو قایمییەکە کاتی ئەوانی تر بۆ خۆت بقۆزیتەوە ..

ئەم ڕستانە ، هەموویان ڕستەی تازەن ، یان ڕاستتر بڵێین ڕستەی شۆڕشگێڕین و ..هەموو شۆڕشەکان لەسەر ئەو پڕنسیپانە ڕۆئەنرێن  ، یەکسانی و پاراستنی سنوورەکانی یەکتری و ..ئەرک و ماف بۆ هەمووان .. کەواتە ئەو زوڵمە ڕۆتینییە کە ڕۆژانە لە بەردەم سەمونخانە و نانەواخانەکان ئەیبینین ، ئەبێتە قوتابخانەیەکی سەفەری و وانەکانی شۆڕش و مرۆڤایەتیی فێری مرۆڤەکان ئەکات .. بە جۆرێکی تر بیریان پێ  ئەکاتەوە و ..ئەیانکاتە خاوەنی گوتاری تازە و زاراوەی تازە بۆ نمونە نوسەرێکی شۆڕشگێڕ و یەکسانخوازی وەک مەکسیم گۆرکی و ..سەرکردەیەکی وەک چێ ڤارا ، خەڵکی کرێکار و سادە بوون و زوڵم پەروەردەی کردن  .. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە زوڵم و نادادیدا نوقوم بوون ، پێویستیان بە دەستە و تاقم و ڕێکخراوی پەروەردەیی نییە ، چونکە ئەوان بە زوڵم و زۆر  پەروەردە کراون و  هەموو وانەکانی شۆڕش فێر بوون تەنها پێویستیان بە سەرکردەیەکە ،پێشڕەوییان بکات ..

لەبەر ئەوە  لە کۆمەڵگا ئەشکەنجەدراوە ژێرچەپۆکەکاندا ، ئەو دەستە و تاقمانەی کە لە ژێر پەردەی پەروەردە کردنی کۆمەڵگادا خۆیان ناساندووە ، ئەوانە دوکانداری سیاسین و درێژە بە ئەشکەنجەدان و کۆیلەکردنی کۆمەڵگا ئەدەن بەرامبەر بودجە و پارەیەکی زۆر ، کە لێی ئەخۆن و پێی ڕائەبوێرن .

 

دووەم :

گەورەترین سوکایەتیکردن بە شاعیرێک ئەوەیە پێی بووترێت : ( شیعرێکی خۆتمان بۆ بخوێنەرەوە)  چونکە ئەرکی شاعیر نووسینی شیعرە و ..ئەرکی کۆمەڵگایش خوێندنەوەیەتی ..ڕاست نییە بە سەرتاشێک بڵێیت ، ئادەی سەری خۆتمان بۆ بتاشە ..

کۆمەڵگایەک خۆی تاقەتی خوێندنەوەی کتێبی نەبێ ، کارەساتێکی گەورەیه بێی کتێبی بۆ بخوێنیتەوە .. لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە بێیت بە کەمانچە و فلوتەوە بۆی بخوێنیتەوە ، بۆ ئەوەی شیعرەکە ئەگەر بۆنساردێکی هەبێ ، بە حوکمی کەمانچە و فلوتەکە ، کەم بێتەوە و جەنابیان قێزیان نەیەتەوە و بۆیان قوت بدرێ ..

لە بیرمە ئەچووین بۆ کۆڕە شیعرییەکانی مەربەد لەبەر نزار قەبانی کە شیعرەکانی ئەخوێندەوە ، وەک گیانەوەرێکی سێرک ئەهاتە بەرچاوم کە خۆی شین و مۆر کردبۆوە تا خەڵکی گوێی لێبگرن و گرنگی پێبدەن و نەمامەکانی شۆڕشیان تیا بڕوێنێ  ، سەرباری ئەوەیش کاتێ به تەنزەوە ڕەخنەی لە دیکتاتۆر و  کۆمەڵگا ئەگرت ،خەڵکەکە پێی پێئەکەنین ، ئەوە گەورەترین ئازاری منی ئەدا .. کاتێ ئەمبینی کوڕ و کچە عاشقەکان ، بۆ ئەوەی بۆ یەکتری دەربخەن کە ڕۆشنبیرن ، لەو کۆڕانەدا  دانیشتبوون بە بێ گرنگیدان ، سەیری ئەو سێرکە ڕۆشنبیرییەیان ئەکرد ، کە لە ڕاستیدا ئەوان هاتبوون لەگەڵ خۆشەویستەکانیاندا دانیشن و بۆنیان بکەن ، نەک گوێبگرن لە شیعرەکانی نزار ..چونکە ئەگەر ئەوان شیعر دۆست بوونایە ، ئەبوو بیانزانیایە چەندین شەو تا بەیانی نزار نەخەوتووە و خەریکی نوسینی شیعرەکانی بووە ، ئێستا بۆچی ئەرکی خوێندنەوەکەیشی ئەخەنە ئەستۆی خۆیەوە ؟؟

کارەساتەکە لەوەدایە ئێستا شاعیران و تەنانەت چیرۆکنووسانیش دێن بەرهەمەکانی خۆیان بە ئاوازی مۆسیقاوە ئەخوێننەوە و بڵاوی ئەکەنەوە بەڵکو ئەوە خوایە خوێنەرە بێتاقەتەکان گوێی لێبگرن ..

بڕوا ناکەم لە هیچ کومەڵگایەکا ئەوەندەی کومەڵگای ئێمە سوکایەتی بە کتێب و نووسەران کرابێ .. لە بەناوبانگترین پێگە ئەدەبییەکانماندا ، باشترین نوسین و نووسەرەکان ، بێ بەرامبەر خۆیان ماندوو ئەکەن و ئەنووسن ، لە دوای ئەوە فیڵدی باری سەرنجی میللەتێکی 40 ملیۆن کەسی ، سفرە .. واتە سفر باری سەرنج ..واتا هیچ کەسێ نەیخوێندۆتەوە ، خویندبێتیشیەوە هیچ کاردانەوە و باری سەرنجێکی لەلا دروست نەکردووە  .. ئەوە بە ڕای من کارەساتێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ یەخەی بە نووسەران و کتێبەکانیان گرتووە ، کار گەیشتۆتە ئەوەی نووسەرەکانمان کاتێ کتێب چاپ ئەکەن ، وەک شەکراو خواردنەوە و پاشتێلانە ، خزم و دۆستەکانیان بانگ ئەکەن و کتێبەکانیان بە خۆڕایی دابەش ئەکەن بەڵکو لەگەڵ بیبسی و پاقلاوەدا ، نەختێ گوێیان لێبگرن کە بزانن چییان نوسیوە..

ولیەم سارۆیان ئەڵێ ، ئەوەی ئەینووسم  ئەگەر تەنها خێزانەکەم بیخوێنێتەوە ، بەسە.. زیاترم ناوێت، ئیتر پێویست ناکا نوسینەکانتان ئارایشت بدەن و شیرینی و هۆڵیان بۆ بگرن، ئەوە هەم خەڵەتاندنی خەڵکە و هەم بێ ڕێزییە بەرامبەر نووسین

بەڵام من لەوە سەیرترم بەسەردا هات ، لەو ماوەیەدا هاوڕێیەکم بینی کە بە هەندێ هۆکاری سیاسیی و نەخۆشییەوە ، خوێندنی زانکۆی کەوتە ساڵانی پیرییەوە ، واتا دوای 40 ساڵیی .. پێی ووتم : ( ئێستا لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانیی ئەخوێنم و حەزم لێیە دەربارەی تۆ بنووسم و توێژینەوەکەم لەسەر تۆ بێت ، چونکە بە ڕاستی تۆ لە نووسەر و شاعیرە پشت گوێخراوەکانیت ) 

نایشارمەوە ، دڵم بەو هەستە جوانەی زۆر خۆش بوو ، جێی شانازییە برادەرێک دوای ئەو هەموو ساڵە ، بیری تۆی کەوتبێتەوە و ..تۆ بکاتە شاعیری هەڵبژاردەی خۆی بۆ توێژینەوەی زانکۆ و لەو کومەڵگا ئەکادیمییەدا بتناسێنێ و باسی ئەوەیان بۆ بکات کە شاعیر هەیە لە بیر کراوە یان پاشەکەوت کراوە ..

زۆر سوپاسم کرد و ..پێم ووت پێویستت بە هەر دەستنوس و بەرهەمێکمە بۆت ئامادە ئەکەم  ، هەتا توێژینەوەکەت تەواو ئەکەیت ..

بەڵام توشی شۆک بووم کە ووتی :  نا .. من ناینووسم ..!!

خۆت بینووسە .. خۆت لە هەموو کەسێ زیاتر لە خۆت و بەرهەمەکانت شارەزاتریت !!!

ووتم : یەعنی چۆن ؟ خۆم وەسفی خۆم بکەم و ..خۆم باسی لە یادکردنی خۆم بکەم و.. بە خۆم بڵێم : شاعیری لەیاد کراوی گەلەکەمان ؟؟!!

تومەز ئەم برادەرە خەریکی ئیشی دارتاشییە و تاقەتی نوسینی توێژینەوەی نییە و ..ئەیەوێ بە بەردێک شاعیرێک و دوو چۆلەکە بکوژێت ، هەم دڵی من خۆش بکات ، هەم ئیشی دارتاشییەکەیشی ڕانەوەستێ و .. هەم توێژینەوەیەکی بێ ماندوو بوونیشی دەست بکەوێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×