ڕاوچی و قوربانی

نەوزاد بەندی
  2024-12-26     431

کە دێیتە دنیاوە ، ئەکەویتە دارستانێکەوە ، ئەبێ ببیت بە ڕاوچی ئەگەر نا ، ئەبیتە نێچیر و قوربانیی ..

بابەتەکە بەو ڕەهاییەیش نییە ، واتا ڕۆڵەکان هەندێ جار ئەگۆڕێن ،یان جێگۆڕکێ ئەکەن ، ڕاوچیی لە هەموو کات وشوێنەکانا ، ڕاوچی نییە ، ئەو بەڕێوەبەرەی خەون و ئارامیی و داهاتووی فەرمانبەرەکانی بۆ خۆی ڕاو ئەکات ، لە ژووری بەڕێوەبەری گشتیدا ، ئەبێ به نێچیر و قوربانیی ..یان ڕەنگە لە ماڵەوە قوربانیی دەستی هاوسەرەکەی بێ  .. لە هەمان کاتیشدا نێچیر و قوربانیی ، لە هەندێ جێگای تردا ، لە هەندێ کاتی تردا ، ئەبێتە ڕاوچی ، بۆ نمونە ئەو سەربازەی کە عەریف و سەرکردەکانی بەردەوام ڕاوی ئەکەن ، کە ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ئەکەوێتە ڕاوکردنی مناڵەکانی خۆی  ..یان وەک قوربانیی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانیدا ئەکات ..

بەڵام ئەبێ لەوە بێ شک بیت کە لە دنیادا ، لە دوو ئەرک زیاتر ، ئەرکی سێییەم نییە ، ئەویش ڕاوچێتیی و بوون بە قوربانییە ..

هەر دێیتە ژیانەوە ، دایک و باوک ڕاوت ئەکەن ، جۆری پۆشاک و خواردن و زمان و ئایین و هەموو شتێکت بۆ دیاری ئەکەن و بەسەرتا ئەیسەپێنن .. تا دەگاتە ئەوەی ڕاوی خەون و هیواکانت ئەکەن ، ئەتخەنە سەر هەمان پیشەی خۆیان .. ئەوەتا بە ئاشکرا دیارە ، مناڵی پزیشک ، پزیشک دەردەچێ  و ..مناڵی قەساب و دارتاشیش ، قەساب و دارتاش دەردەچن .. ئەم ڕاوکردنەیش بە گوتاری ڕێز و خێزان و بەها کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵێ دروشمی تر پەردەپۆشکراون ، بە جۆرێک قوربانییەکان ئامادەن سوێند بخۆن کە قوربانیی نین ..لە هەمان کاتدا ڕاوچێکانیش ئامادەن سێ بە سێ تەڵاقت بۆ بخۆن کە لە ژیانیاندا ئازاری مێروولەیەکیان نەداوە و .. دڵۆپێ خوێن ببینن ،ئەبورێنەوە .. ڕاستیش ئەکەن ، چونکە لەناو مێگەلدا ، (کە گۆستاف لۆبۆن بە مێگەل پێناسەی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات ) کوشتن تەنها ئەو کوشتنەیە  چەقۆیەک یان فیشەکێک بوەشێنرێت و ..خوێن بڕژێت .. بێجگە لەو کوشتنە ، کوشتنی تر نییە .. واتا کەسێک ، خەون و ئاواتی ڕۆژنامەگەرییە یان وەرزشە ، تۆ هێواش هێواش بە لاڕێیدا ببەیت و بیکەیت بە پۆلیسی هاتوچۆ ،کوشتن نییە ،  ئەمە بە بڕوای مێگەلەکە ، نەک هەر کوشتن نییە ، بەڵکو دامەزراندن و دەستگیربوونە لە پارە و .. هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی خێزان و خستنەوەی کۆمەڵێ پۆلیسی هاتوچۆی خنجیلە ..

ئەمەیان ناسکترین و هێمنترین و بەسۆزترین ڕاوکردنە ،  لەناو خێزاندایه و پڕپڕە لە بەزەیی و خۆشەویستیی ..بەو پەڕی دڵسۆزیی و وەفادارییەوە بەهێزەکان ، بێهێز ولاوازەکان لە قاڵب ئەدەن و.. هەرچی بیانەوێ لێیان دروست ئەکەن ..یان ڕاستتر خۆیان چۆن بن ، بوونەوەری لەو جۆرە بەرهەم دێنن ..حەز و خولیای خۆیان چۆن بێت ، هەمان حەز و خولیایش لەواندا دروست ئەکەن  .. بەڵام لە دەرەوەی خێزان ، ئینجا ڕاوکردنە بێ بەزەیی و ئاشکراکە دێتە بەرچاو .. وەستایەک دەیان کرێکاری داوەتەبەر ، بە نانە سکیی ، لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە کاریان پێ ئەکا و لێیان تووڕە ئەبێ و جنێویان پێ ئەدا .

ئەم لێ تووڕه بوون و جنێوپێدان و شکاندنە ، وەک ئەو تیرانە وان کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازی گادا ، واتا زامدار کردن و شڕکردن و ماندوو کردنی قوربانییەکەیه بۆ ئەوەی ڕاوکردنەکەی ئاسان بێت یاخود بۆ ئەوەی قوربانییەکە بیر لە یاخیبوون و خۆدەربازکردن نەکاتەوە .. ڕێک وەک ئەو مشکەی ئەکەوێتە بەردەستی پشیلە ، کارێکی پێ دەکات ، ئازادیشی بکات ناتوانێت دەربازی بێ ، بڕوای تەواوەتیی بەوە دێنێ کە ئەو نێچیرە و ڕاوکراوە و خوراوە ..

ئەم بڕواهێنانەی نێچیر بەوەی کە ئەو قوربانییە ، یەکێکە لە کارەساتبارترین بڕیارە پێشوەختەکان ..لە هەمان کاتدا یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی ڕاوچێکان ، کە هەستی  چۆکدادان و خۆڕادەستکردن لە ناخی  نێچیرەکانیاندا ئەچێنن .. ئیتر ملیۆنەها سەربازی گەنج و بەتوانا ئەبنە قوربانیی ڕاوچییەکی پیر و ناشیرین و پەککەوتوو ، کە توانیوێتیی ئەو هەستە کوشندەیه لەناو ئەو ملیۆنان گەنجە به توانایەدا بچێنێ و ڕاویان بکات  ..بە دروشم و کۆمەڵێ درۆی شاخدار ، هەڵیانخەڵەتێنێ و بیانخاتە ناو داوەکەوە .. قوربانییەکان بیر لەوە ناکەنەوە ..نایشیانەوێ هیچ کەسێک ئەوەیان بیر بخاتەوە ، کە ڕاوچییەکی خوێڕی و پیر و ترسنۆک و بێ ویژدان ، ئەوانی بەو دەردە بردووە .. چونکە تازه ئەوان وەک مشکی بەردەستی پشیلەکە ،  ئەژنۆیان شکاوە و ناتوانن بیر لە هیچ شتێکی تر بکەنەوە .. دۆخێکی تراژیدییە ، جەنگ و کۆمەڵکوژیی و  برسیکردنی بە کۆمەڵ و هەموو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەکان ، لەو دۆخەوە سەرچاوە ئەگرن  .. واتا دۆخی بێ ویژدانیی ڕاوچییەکان و .. هەڵخەڵەتان و نائومێدیی قوربانییەکان ..

ئەوسا ئیتر دیلکردن و پەشێوکردن ئەبنە مۆدێل و ئەچنە ناو کولتوور و ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە .. تەماشا ئەکەیت مامۆستایەک ڕوو دەکاتە هەزاران نوێژ خوێن و تاوانباریان ئەکا کە وەک پێویست خوا ناناسن و گوناحیان زۆرە و ..بە قوڕ بەسەر و ڕەنج بە خەسار هەڕەشەیان لێ ئەکات و بۆیان ئەسەلمێنێ کە هەرچیبکەن لە ئاگری دۆزەخ قوتاریان نابێ ، ئەوانیش دڵیان پڕ ئەبێ و ئەگرین ..ئەوسا ئەو مامۆستا ئایینیە ئەبێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین مامۆستاکان کە وا دەکات گوێبیستەکانی بگرین ..گریان لەو دۆخەدا ، هەڵکردنی ئاڵای سپی و ددان نانە بە تاوانباریی و گوناهبارییدا .. ئامادەیی نیشاندانە بۆ هەموو سزا و ئەرک و ئەشکەنجەیەک لە بەرامبەر ئەو گوناهـ و تاوانانەی کە مامۆستا بە سەریاندا سەپاندوویەتیی ..

هەروەها ئەو دکتۆرە ، ئەو نوسەرە ، ئەو بیریارەی کە به قێزەوە تەماشای ئەوانی تر ئەکا و ..بە هیچ نەزان و کۆیلە و بێ دەسەڵات و ملهوڕ ، پێناسەیان ئەکات .. ئەو دۆخە ، هەمان ئەو تیرانەیە کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازیی گادا .. تەماشا ئەکەیت هەموو عەرەب چێژێکی تایبەتیی لە ووتارەکانی محەمەد ماغوت و عەلی وەردی و شیعرەکانی نزار قەبانیی ئەبینن کە جنێو و سوکایەتیی بە عەرەب دەکەن .. ئەوروپییەکان تام و چێژ لە نوسینەکانی نەعوم چۆمسکی و ئەلکسیس کاریل ئەبینن کە سوکایەتیی بە عەقڵی مۆدێرنە و تەکنۆلۆژیا ئەکەن و .. نوقڵانەی جەنگی وێرانکەر و داهاتووی تاریک و نوتەک لێدەدەن ..لێرەدا مرۆڤەکان خۆیان بە دوای ڕاوچێکانا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕاویان بکات ...بۆ نمونە کە شۆڕش دژی دەرەبەگایەتیی لە ئیسپانیا بەرپا بوو ، جوتیاره کۆیلەکان ئازاد کران ..دوای ماوەیەک جوتیارەکان چوونەوە بۆ لای دەرەبەگەکانیان و ..داوایان کردن بیانکاتەوە به کۆیلە تاکو لە برسا نەمرن .. ئەمە پەڕ و باڵکردنی به کۆمەڵە ، بە جۆرێک ئیتر بیری ئازادی و هەڵفڕین ، ئەچێتە خانەی گەمژەیی و کوفر و تاوانەوە ، وەک دەڵێن ئەو باڵندانەی لەناو قەفەزدا لە دایکبوون ، لەلایان وایە هەڵفڕین تاوانێکی گەورەیە ..

کۆمەڵێک ڕێگا چارە ، کە بە حیساب بۆ ئازادیی و مەدەنییەت و به جیهانیبوون هاتنە ئاراوە ، وەکو ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕاگەیاندن  .. کۆمەڵێ کەسایەتیی کاریزما و دژە کۆیلایەتیی و دژەڕەگەز پەرستییش پەیدا بوون و ..جەنگ و شۆڕشی گەورە گەورەیان بەرپا کرد ، لە دژی ڕاوی بە کومەڵی مرۆڤەکان ..بەڵام ئەو چالاکیی و کەسایەتییانەیش دواجار بوون بە بابەتی پڕوپاگەندە بۆ زیاتر ڕاوکردنی مرۆڤەکان ..بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دادپەروەرانە دەردەکات ، بەڵام ڕاوچییە گەورەکان مافی ڤیتۆیان بە خۆیان داوە بۆ ئیفلیجکردنیـ هەر بڕیارێک کە بە دڵیان نەبێ ..واتا ئەم ڕێکخراوە ئەبێ به گاڵتەجاڕ ..یان لە گاڵتەجاڕ ، گاڵتە جاڕتر ..

یان  هەندێ جەنگاوەری هیندییە سوورەکانی وەک شیرۆکیی یان چۆڤرلێت ، کە دژی دڕندەیی و داگیرکاریی سپی پێستەکان ، تا دوا دڵۆپ خوێن جەنگان و کوژران ، ئێستا ئەو ناوانە کراون بە بڕاندی ئوتومبیل لە ووڵاتی داگیرکەرە زلهێزەکاندا وەک سیمبوڵی هێزو توانای مەکینە نەک مرۆڤ ، بانگەشەیان بۆ دەکەن .. ئەم گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنە بە سیمبوڵەکانی ئازادی و پێشمەرگایەتیی ، ڕاوچێتیی تۆختر ئەکاتەوە و .. قوربانییەکان وا لێدەکات سەرسام بن پێیان .

لێرەدا گەورەترین هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەم یاسای دارستانە ، ئایینەکان بوون .. لەو بارەیەوە وۆڵ دیوارنت لە مێژووی شارستانییەکاندا ، ئەڵێت : لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانیی و کۆمەڵە مرۆڤێک نەبوون ، ئاینێکیان نەبووبێ ..واتا ئایین بەردەوام لەگەڵ مرۆڤدا بووە ، وەک هەوڵێک بۆ چەککردنی ڕاوچێکان و ..ڕاهێنانەوەی نێچیرەکان بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئازادانە ..بەڵام دواجار ، ڕاوچییە زەبەلاحەکان ، ئایینەکانیشیان وەک کەرەستەیەکی ڕاو بەکارهێنا و .. بە لاڕێیاندا بردن و .. دەستە و تاقمی هێندە ترسناکیان لێدروست کردن ، نێچیرەکان بە کۆمەڵ چوونەوە  تەویلەکانی زلهێزان و .. بەڵێننامەی نێچیرایەتیی و کۆیلایەتیی و قوربانیبوونیان بۆ تازەکردنەوە ..

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×