دیموکراسی عەشایەریی

نەوزاد بەندی
  2025-05-12     174

لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دیاردەی سەیر و سەمەرە ئەبینی، دیاردەی دژ بە یەک پێکەوە گرێدراون و بوون بە هاوکار و هاوبیر و هاوڕێ و تەواوکەری یەکتری. وەک بڵێی ئاگر و بەنزین پێکەوە ڕێک بکەون و ئیش و کار و پلە و پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.

سپۆنسەری ئەم دۆخە بریتییە لە بەرژەوەندییەک کە هەردوو لای پێکەوە بەستۆتەوە، واتا بەرژەوەندیی ئەچێتە سەروو لۆژیک و پڕنسیپەکانەوە، وەک چۆن بکوژی کەسێک، کچێک لە کەس و کاری کوژراوەکە مارە ئەکات، ئیتر گرنگ نییە کوژراو و بکوژ هاوسەرگیریی بکەن، گرنگ نییە خاڵوانی مناڵ و نەوەکان پیاوکوژ بن و مامەکانیان کوژراو.

پێکەوە ژیانی دوژمنەکان، ئەگەر لەسەر بنچینەی وازهێنان بێ لە دوژمنایەتیی، گۆڕانکاریی بێ لە کەسایەتیی و تێڕوانین و هەڵوێستەکاندا، شتێکی باشە، بەڵام مانەوەیان لەسەر هەمان ڕیتم و پێکەوەژیانیان لە پێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا، کێشەیەکی گەورەیە.

هەبوونی دوو شوفێری دژ بە یەک لە هەمان ئوتومبیلدا و لەسەر هەمان کورسی شۆفێریی، چی لێ چاوەڕوان دەکرێت بێجگە لە کارەسات و ڕووداوی جەرگبڕ؟

بە داخەوە، لە کۆمەڵگای خۆماندا هەرچی دیاردەی دژ بە یەکە لەگەڵ یەکتریدا کۆکراونەتەوە یان بە خواستی خۆیان کۆبوونەتەوە، ئەوەیش وایکردووە هاوسەنگیی و تەبایی و یەکڕیزیی لە هیچ کایەیەکی کۆمەڵگادا ڕەچاو نەکرێ. یەکێک لە دەرهاویشتەکانی کوکردنەوە و پێکەوە گرێدانی دژەکان، پشێویی و شەڕەجنێوە، ئەبینین ڕۆژانە دیاردەی جنێودان لە کومەڵگادا ڕوو لە بەرزییه و وایلێهاتووە جنێو بۆ هەموو کەس و بەرهەم و شتێک بەکارئەهێنرێت و هیچ کەسێک ناتوانێ خۆی لە شاڵاوی جنێو ڕزگار بکات، تەنانەت مامۆستا و فریادڕەسان کاتێ ڕێگاچارەی کۆمەڵگا دیاری دەکەن و سنگی خۆیان ئەکەن بە قەڵغان، سەدان جنێو و قسەی زبریان دوا دەخرێت. وایلێهاتووە جنێو بووە بە کەرەستەیەکی ڕاگەیاندنی زۆر گرنگ، دەزگا و میدیا و پێگە و کارمەند و پارەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخانکراوە، خەڵکێکی زۆر لە بەروبومی جنێو ئەخۆن و قەڵاچۆکردنی دەزگاکانی جنێو، ئەبێتە هۆی بێ ئیش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و سەرهەڵدانی نائارامیی لە کۆمەڵگادا، ئەم جنێوفرۆشانە کە لە سێبەردا جنێو دەدەن، لە ڕوناکیدا خەڵکێکی زۆر بەڕێزن و بە قوربان و بەساقەی یەکتریی ئەبن، لەوێدا ئیتر تێناگەیت کە کێ جنێوفرۆشە و کێ بەڕێز و به ئەتەگێتە، واتا جنێوفرۆشی بەڕێز یەکێکە لەو سکێچە سەیر و سەمەرەیەی کە ڕۆژانە هەستی پێدەکەین، ڕێک وەک تاڵانکردنی نیشتمان لە تاریکیدا لە ساتەوەختی ڕوخانی ڕژێمی سەدامدا لەلایەن کۆمەڵگایەکەوە کە له ڕوناکیدا هەموویان ڕەخنە لە دز و تاڵانچێکان ئەگرن، لێرەدا ئیتر نازانرێ کێ تاڵانێکەی کردووە؟ جنۆکە یان پیاوانی بۆشایی ئاسمان کە پێیان ئەووتری ستارتریک؟ لە ڕاستیدا لەبەردەم کومەڵگایەکداین  لە تاریکیدا کائینێکی بەربەرییە و لە ڕوناکیدا بوونەوەرێکی پڕ لە ڕەوشت و ئەتەگێتە.

پێکەوە گرێدانی دوژمنەکان و پێکەوە ژیانیان، دۆخێکە جێگای پێکەنینە، هەتا ئەو پێکەوە ژیانەیش بەردەوام بێ، پێکەنینەکە درێژتر ئەبێتەوە، چونکە دیاردەی سەیری وای لێ دێتە بەرهەم، وەک دەڵێن سەر بە قوڕ دێنێتە پێکەنین. بۆ نمونە دیموکراسییەکی ئاغا، یان عەشایەرێکی دیموکراسیخواز، لە کاتێکدا دیموکراسی لە دژی تاکڕەنگیی و ئاغایەتیی و عەشایەریی دروست بوو، بەڵام بارودۆخەکە وا ئەخوازێ یاخود بازرگانییەکە وای پێویستە ئاغا بیت و بانگەشەی دیموکراسیش بکەیت یان ڕاستتر دیموکراسی وەک یەکێک لە حیمایە و پاڵە و نانخۆرەکانت ڕابگریت بۆ ئەوەی دڵی هەموو لایەکی پێ ڕازی بکەیت، لێرەدا دیموکراسی ئەبێتە پاساوێک یان ڕوکەشێک بۆ بەردەوامبوونی ئاغا یان پاشا،وەک پۆشاکێک وایە بۆ داپۆشینی عەیب و عارەکانی ئاغا و پاشاکن، چەند ساڵ جارێک پڕۆسەی ڕاپرسیی و دەنگدان دەکرێت، پارەیەکی زۆر لەو پڕۆسانەدا بەهەدەر دەدرێت، نەک لەبەر پڕۆسەکە خۆی، تەنها بۆ بیانووبڕکردنی ئەوانەی کە دەڵێن سیستمەکە ئاغایەتیی یان پاشایەتییە. ووڵات هەیە چل ساڵ و زیاتر کابرایەک ئاغا و پاشا و هەموو شتێکی بووە لەگەڵ ئەوەیشدا لەو چل ساڵەدا، بەردەوام پڕۆسەی دەنگدان و ڕاپرسیی بەڕێوە چووە، نوێنەری ووڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، کۆمسیۆنی باڵای بۆ دروستکراوە، لێرەدا ئیتر حاڵەتی شۆک و پێکەنینە هیستیرییەکە دەست پێدەکات، ووڵاتەکەدا لە لوتکەی دیموکراسیدایە و هەزاران حیزب و قەواره لەو پڕۆسەیەدا بەشدارن،  بە ملیۆنەها دۆلار لەو ڤیستڤاڵە دیموکراسییە جەماوەرییەدا خەرج کراوە، کەچی تەنها و تەنها ئاغا و پاشای ساڵەهای ساڵ لە لوتکەی هەرەمەکەدایە، ئەمە نزیکەی وەک ئەوە وایە کە بازاڕ سەدان بڕاندی مۆبایلی تێدایە، کەچی تەنها ئایفۆن و گالاکسی لە لوتکەدان.

ئیتر ئەم دۆخە وەک شیزۆفرینیایەکی درم بە کۆمەڵگادا تەشەنە ئەکات، دۆخی ئاوێتە بوونی دیاردە دژ بە یەکەکان، وەکو پڕۆفیسۆری هیچ نەزان، نەخوێندەواری زانا، مامۆستای جنێوفرۆش، ئایینداری ترسناک، بێدینی دەستپاک، شۆڕشگێڕی ترسنۆک، دادوەری گەندەڵ، کۆمۆنیستی سەرمایەدار پەرلەمانتاری لاڵ و بێدەنگ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی حیزبیی، هەژاری لوتبەرز، دەوڵەمەندی لە برسا مردوو، یەکێتی پارچە پارچە، دوژمنی دۆست،ڕاستگۆی درۆزن، بەڕێزی قۆڵبڕ، نوسەری بازرگان، داهێنەری دز، براوەی خەڵاتی گەمژە، داوێنپاکی داوێنتەڕ، ...

ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە دەرەنجامی حوکمڕانی دیموکراسیی عەشایەرن، واتا کۆکردنەوەی دژەکان ئەبێ بە مۆدێل، ئەبێ بە لۆژیک، واتا بۆ نمونە زۆر ئاساییە وەزیر بیت و هیچیش نەزانیت، یان پەرلەمانتار بیت و لە ماوەی هەشت ساڵدا دێڕێک قسەت لە هۆڵی پەرلەماندا نەکردبێت..پڕۆفیسۆر بیت و نەتوانیت کتێبێک چاپ بکەیت.

ئیدی دیموکراسی وەک کلێنکسێک وایە بەردەوام ناشیرینییەکانی پێ ئەسڕنەوە، دیبییە هەموو پیساییەکانی پێ ئەشارنەوە یان ئەیکەن بە بەندبێژێک، ئەوەی زات بکا بڵێ ئەم ئاغایەتییە هەتا کەی؟ یەکسەر دیموکراسییە پەڕۆینەکە دەست ئەکا بە بەیت و بالۆرە و گۆرانیی و تەنانەت سەمایش، هەتا لە پرسیارکردن کۆڵت پێ ئەدات.

لە ڕاستیدا ئەم دۆخە دژبەیەکە کۆکراوانە لە یاساکانی فیزیادا، سفرکردنەوەی پێ دەووترێت، واتا دوو هێزی یەکسان ئەگەر دژی یەک بن، ئەنجامەکەیان سفر ئەبێ.

هەر بۆیە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان هەمیشە سفرن، تەماشا دەکەیت سامانێکی نیشتمانیی و داهات و جەماوەرێکی زۆر و بڕوانامەیەکی زۆریان هەیە، کەچی سفرن.. سفر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×