ژنە جوتیارەکان خۆیان لەخۆیان داوە یان حکومەت خۆی خۆی ڕوخاندووە؟

نەوزاد بەندی
  2025-07-05   

هەندێ کەس ئەڵێن : گۆڕینی حوکمەت کێشەکان چارەسەر ئەکا ..

بەڵام من ئەپرسم کام حوکمەت ؟

ئەو حوکمەتەی کە بازرگانێکە و هەموو دەزگا خزمەتگوزاریی و پەروەردەییەکانی کردووە بە دەزگای بازرگانیی و ژێر بە ژێر خۆی وەبەرهێنانیان تێدا ئەکات ؟

ئەو حوکمەتەی کە دژی دەزگا حوکومییەکان ئیش ئەکات و ..ئەگەر نەخۆشخانەیەکی حوکومیی هەبێ ، دوانزە نەخۆشخانەی بازرگانیی قوت کردۆتەوە ؟ 

ئەو حوکومەتەی کە ئەگەر دایەنگا و باخچەیەکی ساوایان و قوتابخانەیەکی سەرەتایی حوکومیی هەبێ ، دە دوانزە دایەنگا و باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی بازرگانیی بەناوی وڵاتانی بیانییەوە قوت کردۆتەوە ؟

ئەگەر زانکۆیەکی حوکومیی هەبێ ، دەیان زانکۆی بازرگانی بە ناوی ووڵاتانی بێگانەوە دامەزراندووە ؟

بەنزینخانە و کارگەی چیمەنتۆ و جگەرە و پاڵاوگەی حوکومیی لەسەر زەمینی هەرێم نەهێشتووە و هەمووی بوون بە دەزگای بازرگانیی حیزبی قائید ..

کارەبا و ئاو و پەیوەندییەکان یەکپارچە لە دەستی حوکومەت ڕفێنراون و خراونەتە دەستی زبری بازرگانە حیزبییەکان کە ڕاستەوخۆ سەر بە حیزبی قائیدن ..

پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتیی لە لایەن حوکمەتەوە !! لە حوکومەت سەنراوەتەوە و دراوەتە دەستی بازرگانانی حیزبیی سەر بە حیزبی قائید ..

کام دەزگا و دامەزراوەی حوکومیی ئەگۆڕن لە کاتێکدا  حوکمەتەکە خۆی لە مێژە دەزگا و دامەزراوە حوکومییەکان گۆڕاون و ڕوخاون ؟ 

ڕۆژ بە ڕۆژ فەرمانبەرە حوکومییەکان خانەنشین دەکرێن و ..ژمارەکانیان ئەپوکێنەوە و ..هێزی کاری حوکمەت وەک بەزی بەر ئاگر ئەتوێتەوە و .. هیچ کەسێکیش لە جێیان دانامەزرێت .لە بەرامبەردا سەدان کۆمپانیا و هەزارەها هێزی کاری ئێرانی و تورکی و چینی و ماچینیی نیشتەجێ کراون .

ئەوەیش بڵێین هەرچی دامەزراوەی حوکومیین خاڵی کراونەتەوە لە خزمەتگوزارییەکان و بوون بە پاڵپشتی دامەزراوە ئەهلییە حیزبییەکان و تەنها پارەیان پێ پەیدا ئەکرێ ، بۆ نمونە بڕواننە دەرمانخانەی نەخۆشخانە حوکومییەکان هیچ جۆرە دەرمانێکیان تێدا نییە، نەخۆش ئەبێ بڕوات لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرمان و کەرەستەکان بکڕێت و بیهێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە حوکومییەکان . پاشان  داتاشینی یاسای نەشتەرگەریکردنی سیمی پرایڤەیت  لە نەخۆشخانە حوکومییەکاندا لوتکەی گاڵتەجاڕییە .. سیمی پرایڤەیت واتە نیمچە ئەهلیی ، یان نیمچە بازرگانیی، واتا نەخۆشێک دێتە نەخۆشخانەی حوکومیی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکە ،  لە دەرەوە بۆ نمونە بە ملیۆنێک دینارە ، ئەمان لەناو نەخۆشخانەی حوکومیدا بە 600 هەزار بۆی دەکەن و پارەکەیشی بۆ دەستڕۆیشتوانە  ..هەروەها کۆلێژەکانی زانکۆ حوکومییەکان نمرەیەک ئەفرۆشن بە هەزاران دۆلاری ساڵانە بۆ ئەوەی تەلەبەیەک لە کۆلێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر ئەمەیش زاراوەیەکی بێگانەی بۆ دانراوە ، ناو نراوە پاڕالێل، به بێ گوێدانە ئاستی زانستیی و خواردنی مافی تەلەبە زیرەکەکان ..یان لە قوتابخانە حوکومییەکاندا ،بە قودرەتی قادر، تەلەبە هیچ فێر نابێ، ناچارە بچێت وانەی تایبەتی بازرگانیی بکڕێ، ئەگینا ئەو داهاتووەی کە لە بنچینەدا سووتاوە و دامەزراندن نییە، ئەسوتێت .

ئەم حوکمەتەی ئێستا هەیە ئەگەر باران ببارێ جوتی ئەگەڕێ و ئەگەر با بێ ئاشی ئەگەڕێ ..

ئەگەر فەرمانبەرە حوکومییەکان مان بگرن و دەرگای دامەزراوە حوکمییەکان دابخەن، ئەوسا دامەزراوە بازرگانییە ئەهلییە حیزبییەکان بازاڕیان گەرم ئەبێ.

واتا زانکۆی حوکومیی مان بگرێ ، زانکۆی ئەهلی حیزبیی پڕ ئەبێ لە تەلەبە و بازاڕیان گەرم ئەبێ ..هەروەها نەخۆشخانە و هەموو سێکتەرە حوکومییەکان بە هەمان شێوەیان لێهاتووە، باران بێ جوتی دەسەڵات ئەگەڕێ و با بێ ئاشەکەی..

یەک سێکتەر نەماوەتەوە هەژار و کەمتوانا و بێنەوایان ڕووی تێ بکا بێجگە لەو خێرخوایانەی کە لە ڕێی خوادا و بە تەمای بەهەشت، زەکات و سەدەقە ئەدەن بەو خەڵکە .

سەرۆک وەزیرانی ووڵاتی فینلاند،  قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی لە ووڵاتەکەیدا داخست ، ووتی : هەبوونی خوێندنی دەوڵەمەندەکان و خوێندنی هەژارەکان، دووبەرەکیی کۆمەڵایەتیی دروست دەکا و جۆرێک لە ڕەگەزپەرستیی و چینایەتیی تۆخ دەکاتەوە ، نامانەوێت ، کۆمەڵگایەکی یەکسان و تەبامان ئەوێت .

لە سەردەمی سەدامدا کە بە گەورە دیکتاتۆر ناسراوە، بازاڕە ناوەندییەکان هەبوون کە هەموو کەرەستەیەکیان بە نرخی هەرزان بە فەرمانبەران ئەفرۆشت ..  

ئەگەڕێمەوە و ئەڵێم، حوکمەت خۆی خۆی ڕوخاندووە باس لە گۆڕین و ڕوخانی چی دەکەن ؟ ئەگەر سبەینێ حوکمەتێکی تریش بێتە، لە چۆڵاییەکی کەنعان خۆی دەبینێتەوە و ..هەرچی دەزگای حوکومیی هەیە بوون بە ئەهلی و حیزبیی و چ قورەتە توخنیان بکەوێت ..

و علی روح المرحوم سورة الفاتحة .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
موراد قەرەیلان: گەلی کورد لە سووریا پێگەی بنەڕەتی هەیە و نابێت مەیدانەکە چۆڵ بکرێت
موحسین ڕەزایی: تا حەوت مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە
حیزبەکانی رۆژهەڵات، ​لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سەماوە
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ‌ئومێد دەکات
ترەمپ دانوستان لەگەڵ تاران ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری لە ڕووداوێکی نزیک دەدات
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاکرێ دوو برا کوژران و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کران
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی هاووڵاتییانی عێراقەوە نییە
گۆڕانکاری لە جووڵەی سنوورەکانی ئێران؛ دەروازەیەک لەگەڵ عێراق دادەخرێت و جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ پاکستان دەستپێدەکاتەوە
مستەفا سەنەد ڕوونکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی 'وەیز' دەدات و پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکات
حوسییه‌كان: وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه‌مان كرده‌ ئامانج
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×