قەحبەخانە

نەوزاد بەندی
  2026-07-01     400

ئەمڕۆ، لەگەڵ تێک و پێکدانی گۆمەڵگاکاندا، زاراوەکانیش گۆڕاون ..بۆ نمونە جاران بە کەسێکت بووتایه بلیمەت، جنێوێکی گەورەت پێدا بوو، نەیئەزانی چۆن حەقت لێبکاتەوە، ئەمڕۆ بەهەر کەسێک بڵێیت بلیمەت، زۆری پێخۆشە و نازانێ چۆن پاداشتت بداتەوە..

جاران کەسێک شەوێکی درەنگ لە دەرەوە بووایه پێیان ئەوت سەرخۆش یان شەوکوت، وەک بەدمەست و دز ئاماژەیان بۆ دەکرد، ئەمڕۆ خەڵک هەتا بەرەبەیان بە شەقامەکاندا دێن و ئەچن، لوتکەی ڕۆشنبیریی و شارستانییە، ئەگەر سەعات دووی شەو لە کافیتریایەک نێرگەلە بکێشیت ..جاران گەورەترین تاوان ئەوە بوو واز لە خوێندن بێنیت، ئەمڕۆ نەخوێندەواریی گەورەترین پلە وپایەیە و ..ئەگەر لێی بزانیت ئەتگەیەنێتە گەورەترین پلە وپۆستی ووڵات، بە جۆرێک سەد پڕۆفیسۆری زەمانە ساز ماستاوت بۆ دەکەن و بە قەد و باڵاتا هەڵدەدەن،  جاران نیشتمانپەروەریی ئەوە بوو پێشمەرگە یان ڕێکخستنەکانی ناوشار بیت و ..ئەمن و تەواری ڕاو بکەیت و بۆ دۆزەخیان بنێریت،   ئەمڕۆ نیشتمانپەروەریی ئەوەیە نیشتمان تاڵان و پاوان بکەیت و ملیاردێربیت و هەوڵ بدەیت بگەیتە  تریلیۆن .. بێ کۆتا کۆمپانیا و مۆڵ و ڤێلات هەبێ و هەر کەسێ زیاترت پێ بدات، نیشتمان بەو بفرۆشیت .. جاران باوکایەتیی ئەوە بوو کتێب و فکر و ڕەوشتە بەرزەکانی و کولتور و ئاین بخەیتە مێشکی مناڵەکانتەوە، ئێستا باوکایەتیی ئەوەیە ئایفۆن و پیتزای بۆ دابین بکەیت..

قەحبەخانەیش وەک زاراوەکانی تر، گۆڕانکاریی ڕیشەیی  بەسەردا هاتووە..

ئەمڕۆ قەحبەخانە ئەوەیە لە خەستەخانە حوکومییەکاندا هیچ دەرمان و پێداویسییەکی پزیشکیی و فەحسێک نەبێ، کەچی لە نەخۆشخانە ئەهلییە حیزبییەکاندا هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکیی و هەموو جۆرە فەحسێک، بەردەست بێ ..

قەحبەخانە ئەوەیه لە نەخۆشخانەی میرییدا نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بکرێ بە پارەیەکی زۆر و ناوی لێ بنرێت، سیمی پریڤەیت، واتا نیمچە بازرگانیی .. بە بینا و خەستەخانەی حوکمەت، بە کەرەستە و ئاو و کارەبای حوکمەت، بە کارمەند و فەرمانبەرانی حوکمەت، نەشتەرگەریی بە نرخی بازرگانیی بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێ  و پارەکەی تەنها بۆ  حیزبی باڵادەست و پزیشکەکان بێت.

قەحبەخانە ئەوەیە زانکۆی حکومیی، وەک بینا و جادە و بان و هۆڵ و خزمەتگوزاریی، وەک ئەشکەوت وابێت، هی سەردەمی حوکمی پاشایەتیی و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بن، بەڵام زانکۆ حیزبییە بەناو پریڤەیتەکان، تازەترین دیزاینی بینا و جادە و باخ و خزمەتگوزاریی تێدا بێ .. 

قەحبەخانە خانە ئەوەیە  لە زانکۆ حکومییەکاندا، نزیکەی پەنجا دۆلار لە هەر خوێندکارێک وەربگریت کاتێ دێتە زانکۆوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن بە خەویش بیری لەم جۆرە سەرانەیە نەکردبۆوە، بە پێچەوانەوە، مانگانە بێ منەت بیست دیناری بۆ خوێندکار خەرج دەکرد کە بەرامبەر بە حەفتا دۆلاری ئەمڕۆ بوو.

قەحبەخانە ئەوەیە کاتێ خوێندکارێک ئەڕوات بۆ زانکۆکەی داوای  فۆتۆکۆپییەکی بڕوانامە هەناسەساردەکەی دەکات، پێی بڵێن بێنە پەنجا هەزار دینار، بە بێ ئەوەی نە دامەزرابێت و نە دینارێک سودی لەو هەموو خوێندنە وەرگرتبێت.

قەحبەخانە ئەوەیە نمرە بە  خوێندکار  بفرۆشیتەوە و لە کولێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر به ناوی سیستمی پاڕالێل، لە بەرامبەر نرخێکی خەیاڵییدا، بۆ نمونە 0.2 ی نمرەیەک بە 42 ملیۆن دینار بۆ هەموو ساڵەکانی کۆلێژ ..

قەحبەخانە ئەوەیە باخ و شەقام و پرد و ئاو و هەوای پڕۆژە نیشەجێبوونە حیزبییەکان وەک شەقام و پرد و باخەکانی سویسرا وابن، بەڵام گەڕەکە هەژار نشینەکانی شار، بە دەردی بێ ئاویی و چاڵ و چۆڵیی شەقام و بێ خزمەتگوزارییەوە بناڵێنن ..

قەحبەخانە ئەوەیە پێشمەرگەیەکی دێرین  لە برساندا و لە بێ گوزەرانییدا،  خۆی بکوژێت..

قەحبەخانە ئەوەیە تاوانبارێکی جەنگ و خۆفرۆشێکی دێرین، لە پلە و پۆست  و کۆشک و ڤێلایەکی شاهانەدا ڕابوێرێت.

قەحبەخانە ئەوەیە ئیشی تێدا ناڕوات،  ئیمزای بەڕێوەبەرێک کە لە پیاسەیە،  وەک کۆشکەکەی کافکا هەموو ژیانت خەسار بکات.. بچووکترین مامەڵەی فەرمانگەیەک، لە دین وەرتبگێڕێ و مێشکت بسوتێنێ.

قەحبەخانەی سەردەمێ نوێ، کتێب و خاوەن فکری سەربەخۆ، تێیدا بێکەس و بێ پاڵپشت و هەژارن، ئەبنە جێگای پێکەنین و قەشمەریی، هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە و جارجاریش وەک سەگی بەرەڵڵا چەند دانەیەکیان لێ ئەکوژن ..

قەحبەخانە ئەوەیە بە تەلەفۆنێک کورسییەکی ماستەر و دکتۆرا بدرێتە جەلادێک یان کوڕە جەلادێک .. بە تەلەفۆنێک، بڕوانامەیەک بە دێلیڤەریی بگەیەنرێتە دەستی نەخوێندەوارێک..کورسییەکانی خوێندنی باڵا، وەک لەعابە و پەشمەک بەسەر کوڕه بەرپرس و دۆستەکانیاندا دابەشبکرێ.

قەحبەخانە ئەوەیە لە پڕێکا چەند گەوادێکی تێدا ببنە ملیاردێر.. لە پڕێکا پڕ بێ لە کۆشک و  تاوەری هەور بڕ .. لە چاوتروکانێکا، سواڵکەرێک، جامبازێک، ببێتە خاوەن پڕۆژەی ستراتیجیی و بە قات و بۆینباخێکەوە، بە دەم و قەپۆزێکی کە نەخوێندەواریی پڕ لە گەمژەیی و کاڵفامیی،  نهێنییەکانی بزنسمانی سەرکەوتوو، دەرخواردی خەڵکەکەی بدات .

قەحبەخانە ئەوەیە هۆڵی جیم و مەلەوانگە و شوێنی نێرگەلەکێشانەکانی، فلات بن یان بە مەسعەد بۆی بچیت، کەچی فەرمانگەی خانەنشینیی، بە بیست سی قادرمەی تاقەتپڕوکێن بۆی بچیت، کە ئەبێ ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە سی چل پێپلیکانە ببڕن ..چۆن ئەیبڕن؟ نازانم، کێشەی خۆیانە.. نەیبڕن مامەڵەکانیان جێ به جێ ناکرێت و ئەبێ لە برساندا بمرن.

قەحبەخانە ئەوەیە قومارخانە و تیاترۆخانەکانی بە تازەترین دیزاین دروستکرابن، کەچی بانکی کەمئەندامەکانی لەناو چاڵێکدا بێ، بەناو گرد و کەندڕا بۆی  شۆڕبیتەوە و ..بڕژێیتە ناو چەمێکی قوڕاویی، لەبەردەم پەنجەرەیەکی ژەنگاویدا ڕابوەستیت، لەبەر سەرمای زستان و گەرمای هاویندا، پەنجە مۆرت پێ بکەن و.. بتنێرن بۆ ژوورێکی تر، دیسان بچیتە سەرەوە، بۆ تەسدیق و تەدقیق و تەحدیق و کەشف، بزانن تۆیت ئەم سەد و پەنجا هەزارە وەردەگریت، یان هاوشێوەکەتە  ..

قەحبەخانە ئەوەیە کۆمەڵگاکەی کراوە بە هەزار بەشەوە .. دەوڵەمەند و بازرگان و جەردەکان، هەر لە دایەنگاوە، بە پریڤەیت و بە پارە ئەخوێنن، بۆ ئەوەی پۆز بەسەر هەژاراندا لێ بدەن کە ناتوانن بچنە دایەنگاوە .. دوای ئەوە باخچە و هەموو قۆناغەکانی خوێندن، تایبەت و جیاوازە بۆ ئەوان ..زانکۆ و خوێندنگا بازرگانییەکانیان بەناوی وڵاتانی ئەوروپیی و ئەمەریکییەوەن، کە تێکڕایان تایبەتن بەوانەی ئەزانن چۆن نیشتمان بدۆشن و بیفرۆشن و پارەی خەیاڵیی لێ هەڵهێنجن..  لە قەحبەخانەدا  هیچ زانکۆ و پڕۆژەیەکی نیشتەجێ و مۆڵێک فەرمانڕەوا قارەمانەکان بەناوی شەهیدەوە ناو نانرێن، لە قەحبەخانەدا ئەو پڕۆژە و تاوەر و زانکۆ و مۆڵانە بە ناوی ناسکی ئەوروپیی و ئەمەریکیی ناو دەنرێن.. لە قەحبەخانەدا، گەڕەک و  کلینیکە میللییە هەژارنشینەکان بەناوی شەهیدەکانەوە ناودەنرێن،  ئەو کلینیکانەی هەژارانی تێدا بە پارەیەکی مامناوەند دەستخەڕۆ دەکرێن.. بۆ ئەوەی شەرم لەناوی شەهیدەکان بکەن و بەڕەی ژێرخۆیان بفرۆشن بۆ کڕینی دەرمان و دەرزییە بێ سودەکان، چونکە لەو جۆرە شوێنانەدا پزیشکی زیرەک  و بەتوانا  نییە.. نەخۆشخانە گەورەکانی خۆیان و شارە پزیشکییەکانیان وەک موگناتیز هەرچی پزیشکی زیرەکە ڕایدەکێشێت، واتا نەخۆشی هەژار بۆی نییە پزیشکی شارەزا بیبینێت.

لە قەحبەخانەدا خەبات و شەهید بوون بۆ هەژارانە و .. بەر و بومی وڵاتیش بۆ ئەوانەیە کە لە دەرەوەی ووڵات چاوەڕێن شۆڕش سەربکەوێ  و پۆل پۆل بێنەوە سەر حازریی..

لە قەحبەخانەدا قەت قەت بازرگانێکی زەمانە ساز و سیاسییەک لە سەرەی سەمونخانەدا نابینیت..چونکە ئەوان سەرەی سەمونیان وەک دەستکەوتێک بۆ میللەت فەراهەم کردووە و پێیان شەرمە لەو دەسکەوتەدا بەشدار بن..شۆڕش و خەباتەکەی ئەوان نەبوونایە چۆن تۆ ئەتتوانی ئەمڕۆ بەو پەڕی ئازادییەوە لەسەرەی سەموندا ڕابوەستیت؟؟

هەروەها لە بازاڕە میللییەکاندا، لە سەرەی پارەدانی کارەبا و ئاو و غاز و گاز و بەنزین و نەوتدا نایانبینیت، چونکە ئەوانە هەمووی دەسکەوتن بۆ میللەت، ئەوان خۆیان لە نیعمەتی پارەدانی کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین و غاز و گاز بێ بەش کردووە، ناچارن تەنها پارە وەربگرن، ئەویش دوای ئەوەی ئەکرێنە گونیه و بە ووردیی، بە ئاسۆیی و ستوونییش حیسابی کۆتاییان  بۆ کراوە.

هەروەها ئەوان لە قەڵەباڵغیی ناو فەرمانگەکانی باج و خانوو بەرە و کارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت  و هات و چۆدا نابینرێن، چونکە ئەو جۆرە کەرنەڤاڵە جەماوەرییانە تایبەتن بە هاووڵاتیی سەربەرز و سەرکەش و . ئەمانی سەرکردەی لێ مەحروم کراوە..ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەی فەرمانگەکانی هاتوچۆ و باج و گومرک و خانوو بەرە، تایبەتە بە هاووڵاتیان..ئەمان تەنها و تەنها ئەو گونییە پارانە وەردەگرن، کە میللەت بەو پەڕیی ئازادییەوە دەیداتە بەشی ژمێریارییەکان، ئەوانەی حیساباتی نیهائیی ئاسۆیی و ستوونییان بۆ کراوە.

قەحبەخانە ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، ژیان لەو خەڵکە بکەیت بە دۆزەخ کەچی کاتی  هەڵبژاردن، زۆرینەی ئەو خەڵکە دەنگت پێ بدەن..

قەحبەخانە  لە فەرهەنگی ئەمڕۆدا، ئەوەیە مامۆستایەک بە 42 ساڵ خزمەت بەو حاڵە دوو هۆدە و هەیوانێکی خۆی پێکەوە نابێت، دیوارەکانی بە چاوەزار داپۆشیبێ، نەک چاوی پیس کاری لێ بکات و لە دەستی بچێ  و بکەوێتە سەرجادە، کەچی مناڵ و تواڵ و گێڵفرێندی بەرپرسەکان بە ملیۆن و ملیار قسە بکەن و بە فەردە دۆلار لە ژێر پێڵاوەکانیاندا بێ.

قەحبەخانە ئەو ووڵاتەیە، کە سیاسییە عەلمانییەکانی لەسەر ڕەقەم و مۆدێل کیژۆڵەیان لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات بۆ دابین بکرێ بۆ ڕازاندنەوەی مێز و پێخەف و شەوە سوورەکانیان، هەرچی ئوسوڵییە دەستڕۆیشتووەکانیشیانە، دووان و سیان و چوار ژن لە خۆیان مارە ببڕن، لەو لایشەوە سەدان هەزار گەنج، لە لوتکەی حەز و پیاوەتیدا، نەک پارەی ژنهێنانیان پێ نییە، بەڵکو تەنانەت پارەی شاورمە و چایەکیان لە بەڕکدا نییە .

قەحبەخانەی مۆدێرن ئەوەیە خۆت و کەس و کار و خزم و دۆست و ئەحبابەکانت، ـVIPبن و وەک دەڵێن شەق لە پارە هەڵبدەن، ئیتر بۆت گرنگ نییە کۆمەڵگا نیوەی بووە بە سواڵکەر و نیوەکەی تری توشی هەزار نەخۆشیی دەروونیی بوون.

قەحبەخانە ئەوەیە دار و بەردت پڕ کردبێ لە ووشەی دیموکراسیی و سۆسیال دیموکراسی و شورا  و سوێند بە خوا و گەل بخۆیت، کەچی بە حوکمی پشتا و پشت کار بکەیت.

قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە دانیشتووانەکەی تەنها خواردن و زاوزێ ئەنجام بدەن، کەس حەقی نەبێ بەسەر کەسەوە و ..لە گەدە بەرەو خواریان مافی چالاکیی هەبێ.. زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان و بەرهەمهێنان بە ناخی زەویدا چووبن..هیوا و ئاواتی تێدا نەبێ، داهاتووی نەبێ، ژیان تیایدا تەنها ئەو چرکەیە بێ، هەموویشیان  بەئەتایست و کۆمۆنیستەکانیشیانەوە، بڵێن  ئیشەڵا خوا چاکی ئەکا، لە دەستی عەبدا نەماوە..

قەحبەخانەی سەدەی بیست و یەک، ئەوەیە تۆ ڕۆشنبیر و بیرمەندی سەربەخۆ و دژە دەسەڵات و ڕیفۆرمخواز و ڕادیکاڵ بیت، کەچی لە ژێرەوە بە پلەی  ڕائید و عەقید و موقەدەم لەلایەن دەسەڵاتەوە  خانەنشین کرابیت، موچەیەکی چەوری حەرام وەربگریت بە بێ ئەوەی لە ژیانتا کاسکێت یان بێریی سەربازیت کردبێتە سەر..

قەحبەخانە ئەوەیە نوێنەرانی گەل بە ملیۆنەها دۆلار و بە سەدان کیلۆ ئاڵتون بدزن و لە ژێر زەمین و  شوێنی هەزەلیدا بیشارنەوە، کەچی بەشێکی زۆر لەو گەلەی دەنگیان پێداون، سواڵکەری ترافیکلایت بن و هەندێکیان لە خۆڵە عەمەلەکاندا بۆ بژێوی ڕۆژانەیان بگەڕێن.

لە قەحبەخانەی نوێدا، باج لە عەرەبانچی و دەستگێڕ وەردەگیرێت، کەچی ملیاردێرەکان باج نادەن.. چونکە ملیاردێرەکان باج وەرئەگرن، چۆن ئەبێ باج بدەن؟ چونکە لەیاساکانی فیزیادا هاتووە، تەنەکان یان ئەبێ وەرگر بن یان ئەبێ بدەن، ئێ ئەو مێگاــ بازرگانە سیاسییانە تەنە وەرگرەکانن، چۆن ئەبێ بدەن؟ خاک و خەڵک تەنە بدەرەکانن ..ئەوان ئەدەن و ئەمان وەرئەگرن.

لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، هیچ جۆرە مافێک دەست ناکەوێ، بەڵام هەموو جۆرە ساختە و داتاشینی یاسا و داگیرکردن و زوڵم و زۆرێک دەست ئەکەوێت، هەموو ئەوانەیش بە درۆ و فێڵ داپۆشراون، بەو جۆرە دزترین کەس، وەک مەردترین کەس دەردەکەوێت .. پیاوکوژترین بێ شەرەفترین شەڕواڵپیسترین کەس،  ئیداریی و یاسا دانەر و پەروەردەکارە..واتا قەحبەخانەی نوێ گەورەترین شانۆیە و شارەزاترین ئەکتەرەکان ڕۆڵی تیدا ئەگێڕن، بە جۆرێک ملیاردێرەکانی ڕۆڵی سواڵکەر ئەبینن، شەو و ڕۆژ سواڵە سەنت و فلس ئەکەن و بێزارت ئەکەن، وات لێدەکەن نانێکت  پێ بێ، بیاندەیتێ..ئیتر تەماشا ئەکەیت  گەورەترین بیریار، نەخوێندەوارە و ڕێنوس نازانێ، گەورەترین سەرکردەی دڕ و چاونەترس، لە حەوزی شیردا خۆی ئەشوا و ..لە کاتی شەڕەکاندا، لە نێوان دوو کیلو گۆشتی سپی و پڕ لە سلیکۆن و بۆتۆکسدا، ئەگەوزێت و ئەتلێتەوە و خەبات ئەکات.

ئیتر بەو جۆرە هاوڕێیان، قەحبەخانەی سەردەمی جیهانگیریی، ئەوەندە پێناس و ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێت، کە بە چەندەها کتێب ناتوانیت حەقی خۆی بدەیتێ و بە تێر و تەسەلیی لەسەری بدوێیت..

ئەوەندە هەیە لە قەحبەخانەی نوێدا، پاک و خاوێنیی نییە و ..شەقامەکان یەکپارچە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی جگەرە و شتی ترە، چونکە خەڵکەکەی بە دوای چێژدا ئەگەڕێن و عەقڵیان ئیش ناکا هەتا پارێزگاریی لە پاک و خاوێنیی بکەن..ئەوانەیشی کە کرێکاری شارەوانین، موچەیەکی ئەوەنده کەم وەرئەگرن، تاقەت و توانای پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی ملێگەلێکی ملیۆنەها کەسییان نییە ..ئیتر بەو جۆرە بۆگەن لە هەموو کونج و گۆشەیەکی هەڵدەستێ ..ڕوو لە هەر شوێنێکی بکەیت، پەشیمان ئەبیتەوە، چونکە توشی شەڕ یان سوکایەتیی و جنێو  و پاڵپاڵێن و ژاوە ژاو ئەبیت..

لە قەحبەخانەدا، خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگدەر ئێکسپایەر و بێ کوالێتین، بەڵام خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی  ڕۆژانەی دەنگپێدراو، هەمووی هاوردەی تایبەتیین یان ئیستیراد خاسی ئەوروپا و ووڵاتانی ترن تەنانەت مەشروب و جگەرەکانیان تایبەت و سپێشەڵن.

لە قەحبەخانەدا درۆ عەیب نییە

لە قەحبەخانەدا خیانەت شانازییە

لە قەحبەخانەدا فێڵ و فڕ زیرەکییە

لە قەحبەخانەدا هەموو شتە چارەنوسساز و نیشتمانییەکان ئەفرۆشرێن و بە نرخێکی گونجاو دەست دەکەون وەکو پرسیاری تاقیکردنەوەکانی بەکلۆریی و کۆدی شکاندنی هاردوێرەکان و کتێبەکان و .. نوشتەی ڕێکخستن و تێکدان و ملشکاندن و ..موچەخۆری بندیوار و هەر شتێک کە شەیتانیش پەی پێ نەبردووە.

لە قەحبەخانەدا دین هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە کورسی و پارە و ژن و لە تەڕ خواردن و لە وشک نوستن.

ئەوانەی لە قەحبەخانەدا ئەژین، لوتبەرز و گەمژە و بێ هونەرن

لە قەحبەخانەدا خەڵکەکە زۆربڵێن، لە پڕۆفیسۆرێکەوە هەتا دەرگاوانێک، لە قسەکردن  تێر ناخۆن، هەر بۆیە هەزاران جار گوێمان لە شەڕی نێوان دوو پڕۆفیسۆر بووە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بە هۆی ئەوەی یەکێکیان مافی ئەوەی تریانی خواردووە لە کاتی قسە کردندا، چونکە کورت و کرمانجیی پێتان بڵێم لە قەحبەخانەدا زۆرینەیان بە عەرەقی زمانیان ئەژین، هەتا درێژ دادڕتر و بێ شەرمتر و بێ شەرەفتر و ڕووقایمتر و درۆزنتر بیت، دەوڵەمەندتر و ناسراوتر و بەڕێزتر و پڕۆفیشناڵتریت و کەناڵە بەناوبانگەکانی قەحبەحانەکە شەڕت لەسەر دەکەن و ملیۆنان دۆلار ئەخەنە ئاخوڕەکەتەوە بۆ ئەوەی عەزێت بفەرموون لەو کەناڵەدا ئیش بکەیت، چونکە بینەرانی قەحبەخانە حەزیان لە قسەکەری بێ شەرم و بێ حەیایە کاتێک بێ پەردە باس لە کاری سێکسیی و لێدان و هەڵگرتن و داگرتن دەکات لە هەواڵەکاندا.. بەوجۆرە بینەر و هەوادارێکی زۆر لە دەوری ئەو کەناڵە و ئەو قسە قۆڕانە کۆدەبنەوە و هۆگر و ئاڵودەی دەبن و دەبێتە کەناڵێکی بێ ڕکابەر.

لە قەحبەخانەدا زۆر زەحمەتە حەقدەست و کرێ و موچەی خۆت وەربگریت، ئەبێ بیکەی بە شەڕ و مانگرتن و ڕێپێوان و فەرتەنە یان ئەبێ سەبرێکی گەورەت هەبێ و چاوەڕوان بکەیت، خۆ ئەگەر حەقدەست و کرێ و موچەیان خواردیت، ئەبێ بە لاتەوە ئاسایی بێ، چونکە پیاو لە قەحبەخانەدا بژی، هەرچی نەهامەتیی هەیە دێتە ڕێگای.

لە قەحبەخانەدا وەعد و بەڵێن نییە.

لە قەحبەخانەدا هیچ شتێ گەرەنتی نییە.

لە قەحبەخانەدا  دادگا نییە، هەیشبێ بۆ شەرعیەتدانە بە نادادیی.. 

  قەحبەخانەی مۆدێرن  پڕ پڕە لە وێنە و پەیکەری گەورە ..پڕە لە مۆنۆمێنت و مەزاری گەورە و گرانی چۆڵ و هۆڵ، کە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەخسیس کراوە ..

قەحبەخانە پڕپڕە لە سروود و دروشم و ئارم و لۆگۆ و ڕێکخراو و ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هەموویان جۆرێکن لە بازرگانیی و پارووی چەور گلاندن.

قەحبەخانە پڕ پڕە لە سیخوڕ و خەت مایل و عەمیل و نهێنگر و دووزمان و بوختانچیی و ڕاپۆرتنووس و چاودێر و چاڵ و تەپکە و داو و فاقە.

قەحبەخانە پڕ پڕە لە زیندانی فەرمیی و نهێنیی.. پڕە لە زیندانی کەسیی و گشتی و تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ.

قەحبەخانە جۆرەها هێزی چەکداریی تێدایه، هەر جۆرێکیان تایبەتن بە کەسێک..ئەم هێزانە بە هۆی ئەوەی کە نزیکن لە کەسە باڵاکانەوە،  هەندێکیان زۆر گرنگ و دەستڕۆیشتوون، تەنانەت شا بە سەپان ناگرن.

لە قەحبەخانەی نوێدا، خەڵکەکە هەموویان لاساییکەرەوەن، چونکە هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە، هەر بۆیە هەموویان سەیری یەکتری ئەکەن و لاسایی یەکتری ئەکەنەوە، قسە و ستایڵ و سمێڵ و ڕیش و  شتی یەکتری ئەدزن و ئەیکەنە هی خۆیان .. نزیکەی هەموویان نەشتەرگەریی جونکاریی لوت و لێو و سمتیان کردووە، نزیکەی هەموویان قژیان چاندۆتەوە.. ددانیان کردووە بە برغو، حەزیان لە ئوتومبیلی درعە، شیعر و چیرۆک و ووتار و تابلۆی شێوەکاریی یەکتریی ئەدزن و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان ئەکەنەوە..ئیتر یەکێکیان بایەکی لێ بێتەوە، ئەوانی تر هەموو ئەکەونە پاڵەپەستۆ  و زەخت لە خۆکردن، هەتا ڕەفیق کەم نەبن.

قەحبەخانە ئەوەیە کە هەموو کاڵاکانت هاوردە بن.. ئەگەر سنوورەکان بگیرێن، هەموویان لە برساندا بمرن .. نان و ئاو و جل و دەرمان و مەسینە و تەڵەی مشکگرتن و سوژنی لێفەدروو و هەموو شتێک هاوردە بکەن.

یەکێک لە نیشانەکانی ئاخر زەمان و قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە، ئەگەر لەسەر زەریایەک نەوت و گاز و ئاڵتون و سامانی سروشتیش بن، هێشتا هەر قەرزارن.. هێشتا هەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، برنج و ئارد و دۆشاو و زەیت و لەتکە نۆکیان بەسەردا دابەش بکات، ساڵانە سێ چوار مانگی ئەو شتانەیشیان نەدەنێ، بەسەر یەکەوە بیدەنە کوڕە بەرپرسێ بۆ ئەوەی بیکا بە پڕۆژەیەک بۆ خۆی یان بیداتە  کۆمەڵێ ئوتومبیلی تایبەتی بڕاندی جیهانیی.

لە قەحبەخانەدا، برسیترین چین و توێژ، چین و توێژی بازرگانە زەبەلاحە سیاسیە ملیاردێرەکانن.. زۆر برسین، تەنانەت ئەگەر قەراغە نانی کەڕوو لێداویشیان بدەیتێ، لێت وەرئەگرن و ئەیهاڕن و ئەیکەنە ئارد و بۆ سبەینێ بە خۆتی ئەفرۆشنەوە.

لە قەحبەخانەدا خەڵک زۆر بێزار و خەمبار و خەمۆکیی و بێ حەوسەڵەن، چونکە نیوەی لەشیان لەکار خراوە، لە گەدەوە بەرەو سەریان ئیش ناکات.. بێ گومان مرۆڤی ئیفلیج بە هیچ شتێ دڵی خۆش نابێ، هەرچەندە زۆرینەیان لە لایەن بەشە ڕێپێدراوەکەی لەشیانەوە، کە لە گەدە بەرەو خوارە، بەردەوام لە کار و چالاکیی حەڵاڵخواردن و حەڵاڵکردن، یان حەرامخواردن و حەرامکردندان، بەڵام مادام گەدە و بەرەو ژووریان سڕ کراوە، هەست بە ئاسوودەیی ڕەها ناکەن و .. ئەو زیادە ڕەوییەیش لە کار و چالاکیی لە گەدە بەرەوخواردا، حەتمەن کێشەی سووربوونەوە و برینی گەدە و پڕۆستات و لە دەستدانی پیاوەتیی لێوە سەرچاوە ئەگرێ، هەر بۆیە گەر دیقەت بدەیت دەرمانخانەکانی قەحبەخانەکانی سەردەمی نوێ، ئەگەر بڕوخێن بەسەر دەرمانەکانی گەدە و پڕۆستات و هینەکانی ترا ئەڕوخێن.

لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، نوکتە و قسەی خۆش گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، یان ئەتوانین بڵێین یەکپارچە قسە و باسەکانیان،  نوکتە و پێکەنینی تێکەڵاوە وەک چۆن سەرچاوە ئاوییەکانی خواردنەوەیان، زێرابیان تێکەڵاو بووە .. بەو جۆرە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانیان بەردەوام پێدەکەنن و نوکتە ئەکەن، لە گەرمەی شەڕە ناوخۆییەکانیاندا، کە بۆ دانوستان دادەنیشن، یەکڕاست پێدەکەنن و قاقای وا لێدەدەن، وەک ئەوەی لە فیلمێکی کۆمیدیدا دانیشتبن وایە، بەو جۆرە خەڵکە سەر بە قوڕە کوڕ کوژراوە ماڵوێرانەکەیش، کە سەیری ئەو دەستڕۆیشتووانە دەکەن، ئەمانیش ناچارن پێبکەنن، چونکە ڕاست نییە گەر گەورەکان پێکەنین، بچووکەکان خەمبار و دڕدۆنگ بن .. داوای مافە زەوتکراوەکانت بکە، دەستڕۆیشتووەکان نوکتەیەکت بۆ ئەکەن و قاقا پێدەکەنن، ئیتر تۆیش ناچاریت پێ بکەنیت، بەو شێوەیە مافە زەوتکراوەکەت ئەبێ بە ژێر پێی پێکەنین و نوکتەکانیانەوە .. بەو جۆرە قەساب نوکتە ئەکات ..مامۆستای ئایینی ئەوانەی قورئانیان لەبەرە، نوکتە ئەکەن و قاقا پێ ئەکەنن ..شیوعیی، مولحید، سەلەفیی، سۆفیی، عەلمانیی، مناڵ، پیر ، شێت، نوکتە ئەکەن و پێدەکەنن.. تەنانەت لەسەر قەبران لەکاتی ناشتنی مردوودا، لە ڕیزەکانی پشتەوە، لە کاتی تەڵقیندا، جەماعەتێ  نوکتە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە و پێدەکەنن ..

ئەمەیش حاڵەیش پەل بۆ بە دۆکیومێنتکردنی نوکتە و پێکەنین ئەکێشێ و ..هەندێک نوسەر ئەیکەنە نامیلکە ..تەنانەت هەندێ لە عەللامە ئاینییەکانیان بە سەرا خۆی ئەخاتە ناو گۆماوەکە و چەندین  بەرگ یان موجەلەد نوکتە و قسەی قۆڕ ئەنووسن و .. دەیان جار چاپ دەکرێنەوە و بە خێرایی لە بازاڕدا نامێنن، ئیتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستادا چ نوکتە و قسەیەکی قۆڕ کرابێ، نووسراوەتەوە، زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانی قەحبەخانە مۆدێرنەکان، ئەندامی زاوزێ و سەرجێگاکردن و ئەو شتانەیان تێدایە لەگەڵ توێژێک لە کەلەپور و نەتەوایەتیی وەک  موقەبیلات،  پێیدا ئەپرژێنرێن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە شانازیی و سەربەرزییەوە ئەو جۆرە شتانە بخوێننەوە و ڕەوانی بکەن و بۆ یەکتری بیانگێڕنەوە.

عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت :

خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:

دان و مێروو برای یەکن خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن: خوێن و زەروو برای یەکن خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن: ماسی و چەنگاڵ مشک و جەواڵ دەست و چزوو برای یەکن قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن پەت و گەردن گوێزان و موو برای یەکن

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×