مردن

نەوزاد بەندی
  2026-07-10     250

دیارنەمانی کتوپڕی کەسێک.. وونبونی هەتاهەتایی و .. دروستبوونی بۆشاییەک لە چواردەورتا ..ڕۆیشتن بۆ جێگایەکی نادیار ..ماڵئاوایی کۆتایی و .. دەستهەڵگرتن لە هەموو دەستکەوتە مادی و ڕۆحییەکان، ڕۆیشتن بۆ جیهانی حەق و حیساب، ئەمانە بەشێکن لە پێناسەکانی مردن، کە لە ڕاستیدا تاکە دیاردەیە کە  زۆرترین خۆپارێزیی و  لێکۆڵینەوە و  پێناسە و لێکدانەوەی بۆ کرابێ.. بە جۆرێک زۆرینەی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان،  گۆشەگیر کردن و لەیاد بردنەوە و خۆلێنەدان و وێڵکردنی  تێرمی مردن پەیڕەو دەکەن .. پێویست ناکات بیر له مردن بکەیتەوە، مادام ژیان هەیە.. پێویستە بە هەموو جۆرێک باوەش بکەیت بە ژیاندا و .. بە قوڵیی ڕۆبچیتە ناو تام و چێژ و حەز و ئارەزووەکانییەوە بۆ ئەوەی  بە تەواویی یان بە نیمچە تەواویی لە هەستکردن بە مردن، ڕزگارت بێ.. گوڵبارانکردن و عەتر پرژێنکردن و ڕازاندنەوەی لاشە و گۆڕ و هەڵبەستنی گۆڕ و دروستکردنی باڵەخانە تیایدا، بەشێکن لە سڕینەوەی مردن و داپۆشینی بە چالاکییەکانی ژیان .. هەمان کات، پێشوازیی کردن لە مردن بە جلی ڕەش و فرمێسک و گریانەوە، وەک ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە و بەگژاچوونەوەی مردنە بە نمایشێکی تایبەت.. لە ڕاستیدا ڕازاندنەوەی مردن یان ڕەشپۆشکردنی، هیچ کەڵکێکی نییە، بەڵکو  هەوڵدانە بۆ شکاندنی سنوورەکانی مردن و موتوربەکردنی بە ژیان، تا کار گەیشتۆتە ڕەتکردنەوەی ناشتن و مۆمیاکردنی پاشا و هەندێ کەسایەتیی و پاراستنیان لەناو مۆم و فۆرمالیندا .. ئەم کارانە دەسترێژیکردنە سەر مردنن، بە بێ ئەوەی تۆسقاڵێک لە حەقیقەتی مردن بگۆڕن .. هەر بۆیە پێغەمبەر داوا دەکات هەموو ئەو گۆڕانە بڕوخێنرێن کە هەڵبەستراون، چونکە لۆژیک وا ئەخوازێت مردن مردن بێت و ژیانیش ژیان بێت، لوتکەی گەمژەییە ئەو جێگایە کۆنکرێت بکرێت و بهێڵرێتەوە لە کاتێکدا کەسەکە شی بۆتەوە و نەماوە.. هێشتنەوە و نەمرکردنی گۆڕ و ڕازاندنەوەیان، بەشێکە لە نوشوستیی مرۆڤ بەرامبەر مردن، ئەوسا لە جیاتیی مردن لە خۆی بتەکێنێ و ژیان فراوانتر بکات،  پاوانخوازیێ و فراوانخوازیی بە گۆڕستانەکان دەدات و ..چەندەها قەبارەی فراوان لە زەوی لە کاردەخات و دەیانکاتە شاری مردووەکان لە کاتێکدا بە پابەند بوون بە سنووری هەردووکیان، هەم شەپۆلی گوڕستانەکان بەو جۆرە ترسناکە فراوان نابێت، هەم ژیانیش ئەو هەموو پەڵە گۆڕستانە  گەورانەی  پێوە لەسەر دروست  نابێت، وەک ئەمڕۆ ئەیبینین گۆڕستانەکان و کۆڵانی زیندووەکان تێکەڵ بوون و بوون بە دراوسێ .. هەربۆیە پێغەمبەر داوا ئەکات ئەوەی لەسەر مردووەکە دروستکراوە، بڕوخێنرێ، بۆ ئەوەی گۆڕ، تەنها گۆڕ بێ و نەبێتە ماڵ.. گۆڕ پێویستە دوای ساڵانێک نەمێنێ و بپوکێتەوە و لە جێگایدا کەسێکی تر بنێژرێت، نەک هەتا هەتایە بمێنێ و .. گیر بخۆین بە دەست شوێنگۆڕ  و گۆڕستانەوە و گۆڕخانەکان هەتا بێ لە زیاد بووندا بن.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خۆپارێزیی و ڕازاندنەوەی ژیان و فراوانکردنی خەیاڵ و خەونەکانی ژیان و گەڕان بۆ چارەسەریی لە نەخۆشییەکان و .. تەنانەت گەڕان بۆ گیای نەمریی لە ئەفسانەکاندا بە تایبەت لە ئەفسانەی گلگامێشدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا، پەیکەری مردن، هەستکردن بە مردن، دەرکەوتنی مردن،  دیاردەیەکی بەردەوامە لە ژیانماندا و ..هەمیشە ئەو هەستە لە ناخماندا، لە جم و جوڵماندا، لە بەرهەم و خولیا و خەونەکانماندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕەنگ ئەدەنەوە .. بۆ نمونە ئەو هەموو نەخۆشخانە و دەرمانخانە و پزیشک و کارمەندە تەندروستیی و ئەمبوڵانس و ڕاگەیاندنە تەندروستییانە، نیشانەی هەبوونی مردنن.. هەوڵدانن بۆ دەستگرتن بە ژیانەوە ..واتا هەتا زیاتر  ژیان لە ئامێز بگیرێت، زیاتر کاراکتەری مردن لە شانۆکەدا دەردەکەوێت .. ئەو جل و بەرگە گەرم و ئاگردانانەی زستان، دەرگا و پەنجەرە و بنمیچی ژوورەکان، خواردن و خەو و حەوانەوە، هەموویان بۆ  ئەوەیە نەمرین و خۆپارێزیی له مردن بکەین، واتا بەردەوام مردن خۆیمان نیشان ئەدات و ئێمە لە دەستی هەڵدێین و خۆمانی لە دژ چەکدار ئەکەین، هەر بۆیە نزیکەی هەموو هەڵس و کەوتەکانمان ڕاکردنن لە مردن.. خۆ حەشاردانن لە مردن. خۆگۆڕین و خۆ سواغدانن بە جۆرەها شتی ماددی و ڕۆحیی، بۆ ئەوەن بەڵکو مردن نەماندۆزێتەوە !

لە قورئاندا هاتووە کە هەموو کەسێ ئەبێ مردن بچێژێ و .. ئەو مردنەی کە خەڵک لە دەستی ڕادەکەن هەر پێیان دەگات ئەگەر لە تاوەرە توند و تۆڵ و بەرز و شاهانەکانیشدا بن.. 

بەڵام غەریزەی ژیان و مانەوە، هەتا دوا هەناسەی ژیان، لە ڕاکردن و خۆدزینەوە لە مردن بەردەوامە.. 

خوجوانکردن و خۆ گەنجکردنەوە و بۆیاخکردنی ڕوخسار و قژ و نینۆک و . خۆگۆڕین و پۆشاکی جۆرا و جۆر و عەتر و وەرزشەکان و جۆرەها پاککەرەوە و .. دەیان و سەددان چالاکیی ڕۆژانە، تێکڕایان ئەچنە قاڵبی خۆدزینەوە لە مردن و.. . هەڵکەندنی سەنگەر و تونێل و پەنا و پاسار لە ژیاندا بە مەبەستی خۆ شاردنەوەن لە مردن ..

لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە کە دیاردەی چینایەتیی و زوڵمی کۆمەڵایەتیی و ڕەگەزپەرستیی و جەنگە گەورەکان و داگیرکاریی و دزیی و تاڵانیی و پاوانخوازیی و گەندەڵیی و تێکڕای تاوانەکان، ئەچنە قاڵبی ژیانپارێزیی و خۆلادان لە مردن لەسەر حیسابی ئەوانی تر ... کابرا ئەڵێ من وەجاخزادەم و دەست بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکیدا ئەگرێت، بە ئومێدی ئەوەی لەو ماڵ و موڵکە حەرامەدا، خۆی بشارێتەوە و تارمایی مردن نەیدۆزێتەوە.. دزیی و داگیرکاریی و کوشت و بڕ، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە بە هەژارکەوتن و نەخۆشخستن  و پەکخستن و کوشتنی کەسانێک، دەوڵەمەندیی و لەشساغیی و سەرکەوتن و ژیانی هەتاهەتایی !! بۆ کەسانێکی تر دابین بکرێت .. واتا ئەتوانین بڵێین زیادە ڕەویی لە خواردن و داڵدە و پۆشاک و کەرەستەکانی ڕۆژانەدا لای کەسانێک،  دوور ونزیک، برسێتیی و ئاوارەیی و بێداڵدەیی و پەککەوتنی کەسانێکی ترە .. هەربۆیە  لە قورئاندا خوا باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک بە پێی پێویست دروستکراوە، واتا کاتێ تۆ دوو نانت پێیە و بە نانێک تێر ئەخۆیت، لە جێگایەکی دوور یان نزیک کەسێک هەیە  یەک نانی دەست ناکەوێت، بەو جۆرە  لێرە و لەوێ جۆرە مرۆڤێکی  دەگمەن پەیدا ئەبن،  سەروەت و سامانەکەیان بەسەر هەژارەکاندا دابەش ئەکەن و هەوڵ ئەدەن هەژارانە بژین،  بۆ نمونە وەک لیڤ تۆڵستۆی  لە ڕوسیا و عەلی کەمال لەم شاری سلێمانییەی خۆمان.. لەوانیش  گرنگتر و  دەگمەنتر ، کەسانێکن کە ژیانی خۆیان له پێناوی ئەوانی تردا بەخت ئەکەن و سەرجەم  تەمەنیان  لە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتندا بەسەر ئەبەن، ئەمانە  ئەبنە  کەسانی باڵا و لە بیرەوەریی  و مێژووی مرۆڤایەتیدا  ئەمێننەوە.

بەو پێیە شەڕە گەورەکان و شەڕه بچووکەکانیش، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیانی نەتەوە و تیرەیەک، هەڵدەگیرسێنرێن، لە ڕێی کوشتن و تەفروتوناکردنی نەتەوە و تیرەکانی ترەوە، ژیان و  مانەوە بۆ دەستە و تاقمێک  زامن ئەکەن.. جینۆسایدکردنی نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئایینزایەک، لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئاینانزایەکی تر لەسەر زەوییەکی فراوانتر و لەناو داهات و سامانێکی زیاتردا بژیی و .. هەلی مانەوەی تەمەنێکی درێژتر بۆ خۆی دابین بکات..

بەلام سەیر لەوەدایە، لە شوێنە هەژارنشینەکاندا، لە گوێ شەقامەکاندا، پیرەمێردی به تەمەنی وا دەبینی لەناو تەپ و تۆز و برسێتیی و نەهامەتیدا، ئیشێکی قورس ئەکات، کەچی بەردەوامە لە ژیان، لە کاتێکدا هاوتەمەنە میر و وەزیر و گزیر و لە تەڕ خۆر و له وشک خەوتووەکانیان، لە مێژە مردوون !! ئەوەیش ئەو تیۆرەی چاڕڵس داروین بەتاڵ دەکاتەوە کە دەڵێت مانەوە بۆ بەهێزترینە.

کاتێ دزێک ماڵی کەسێک تاڵان ئەکات، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە دزەکە بەردەوام بێ له ژیان و .. کەسەکەی تر ڕووبەڕووی ئەگەرەکانی مردن  و لەناچوون ببێتەوە..

کاتێ ڕۆژانە ملیۆنەها پەلەوەر و ماڵات لەسەر زەمین ئەکوژرێن، مەبەست لێی قارسکردنی ژیانی ئەوانە و پینەکردنێتی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە.. پڕۆتین و ڤیتامین و کانزای لەشی باڵندە و گیاندارەکان ئەدزین و ئەیانخەینە لەشی خۆمان بۆ ئەوەی زیاتر بژین.. بەو جۆرە زۆر بە لامانەوە ئاساییە بۆ نمونە مەڕێک لە کارژۆلەکەی داببڕین، مریشکیک لە جوجەڵەکانی جیاکەینەوە و بیانخۆین.. ئەم دیمەنە ترسناک و تراژیدییە وای لە بەشێک لە مرۆڤەکان کردووە واز لە گۆشتخواردن  بێنن، بەو پێیەی هەموو گیانداران شایانی ژیانن..! وەک چۆن هەمووان مردن چاوەڕوانیانە، ئیتر ئەم یەکتر خواردنە بۆچی ؟

دیاردەی جەردەیی و مافیاگەرێتیی بێ سەروبەری تاکە کەسیی، هەتا ئەگاتە دیاردەی داگیرکردنی  نێونەتەوەیی جیهانیی بەرنامە بۆ داڕێژراو، مەبەست لێی دابینکردنی هەلی ژیانێکی شاهانەیە بۆ هەندێ کۆمەڵگای داگیرکەر، لە هەمان کاتدا کوشتن و هەژارکردن و نەزانکردن و نوقومکردنی کۆمەڵگا داگیرکراوەکانە لە  نەخوێندەواریی و نائومێدیی و تاوان و لە دەستدانی کولتوور و ئایین و هەموو نەهامەتییەکاندا، ئەوانە هەر یەکێکیان مردنێکن و تێکڕایش پاڵپێوەنانی ئەو کۆمەڵگایانەن بۆ مردنە تەقلیدییەکە .. چونکە هەتا هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی ژیان کەمتر بنەوە، هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی مردن زیاد دەکەن.

مردن پانتاییەکی فراوانی لە بیر و بەرهەمی دانا و بیریارەکاندا داگیرکردووە، زۆرترینی بەرهەمە هونەریی و ئەدەبیی و هزرییەکان، گەڕانن بۆ دۆزینەوەی ژیانی هەتاهەتایی یان هیچ نەبێ دابینکردنی نەمریی و هەتاهەتایی بۆ دانا و زانا و بیریارەکان بە شێوەیەکی زارەکیی، وەک ئەوەی ئەووترێت فڵان کەسی نەمر، لە کاتێکدا سەدان و هەزاران ساڵە مردووە و نەماوە.

کۆشکەکەی کافکا بۆ نمونە، گەڕانێکی بەردەوامە بۆ ژیان و ..خۆ حەشاردانە له مردن، کە دواجار مردن ئەیباتەوە.. مارسیل برۆست لەو هەموو لاپەڕەیەدا بە دوای کاتی وون بوودا ئەگەڕێ، لە هەزاران لاپەڕەدا بە دوای کاتە وونبووەکاندا وێڵە بۆ ئەوەی پانتایی نێوان ژیان و مردن فروانتر بکات.. هەزاران لاپەڕەی شەڕ و ئاشتی و ئاناکارنینای تۆڵستۆی گەڕانە بە دوای ژیاندا بە هەموو هۆکارەکان ..بە هەمان شێوە تەواوی ڕۆمانەکانی دیستۆیڤسکی و هێمنگوای و ستانداڵ و فۆکنەر و سارۆیان و ئەوانی تر، هەوڵدانن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەناو بازنەکانی مردندا کە بەردەوام لە چواردەورمان ڕەنگڕێژ دەکرێن و تیرەکانیان بچوک و بچوکتر دەبنەوە، هەتا ئەوەی بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵماندا و ئەمانسڕێتەوە..

لە زۆربەی چوارینەکانی خەییامدا، تارمایی  مردن بە ئاشکرا و بە نیمچە ڕوونیی دەردەکەوێ، کاتێ ئەڵێ ناگەڕێتەوە کەسێ لەو دنیا تا لێی بپرسین ئەحواڵی مردوو .. واتا ئەم پیاوە ئەوەندە سەرقاڵبووە بە مردنەوە، هیوادارە یان تەنانەت چاوەڕوانە بەڵکو مردوویەک بگەڕێتەوە و باسێکی ئەودیومان بۆ بکات هەرچەندە ئەمرۆ لەناو تراژیدیای ڕاگەیاندنە جۆراو جۆرە بێ سانسۆر و بێ سنوورەکاندا کەسانی وا پەیدا بوون باس لەوە دەکەن گوایا مردوون و پیاسەیەکی ئەودیویان کردووە و جا بە کاوەخۆ گەڕاونەتەوە بۆ پیرە دنیاکەی خۆمان !!

مردن یان بیرکردنەوە لە مردن بەرپرسە لە تەواوی خەڵات و پلە و پایەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا .. پلەی سوپاسالار  ئەدرێتە کەسێک، چونکە زۆرترین هێرشی جەنگیی و نەخشەی جەنگیی داڕێژاوە بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین ژمارەی دوژمنان، واتا دابینکردنی زۆرترین هەلی ژیان بۆ هاووڵاتیەکانی خۆیان، هەر بۆیە پلەی سەربازیی بەرز ئەخرێتە سەر شانەکانیی و مەدالیای ئازایەتیی بە سنگیدا هەڵدەواسرێت و ..پەیکەری بۆ دروست ئەکرێت .. و ئەکرێتە سەرۆک و ناوی ئەچێتە مێژوو ، سروودی نیشتمانیی و ..وێنەکەی ئەچێتە سەر دراوەکانی ووڵات .. ئەوانە هەمووی پاداشتی ڕاستەقینەن بەرامبەر بە دابینکردنی وەهمی ژیانکردنێکی درێژ و نەمریی، بۆ هەردوولا، هەم بۆ میللەتەکە و هەم بۆ سەرکردەکە..

پێدانی خەڵاتە جیهانییەکان بە داهێنەرانی دەرمانی نەخۆشییەکان و ئامێرەکان و خزمەتگوزارییەکان، تێکڕایان بۆ ئەوەیە ئەو داهێنەرانە لە هەموو بوارەکاندا پەرەیان بە ژیان داوە و دژی مردن جەنگاون، بۆیە شایانی خەڵاتن.

دزینی نەوت و زێڕ و ئەڵماس و خەزێنە کەلەپوورییەکانی ئاسیا و ئەفەریقا لەلایەن داگیرکارە ڕۆژئاواییەکانەوە، بەشێکن لەو کارەساتە گەوره مرۆییەی کە بە خەیاڵیی نەمریی و ژینکردنی هەتاهەتایی  خۆیان ئەنجامدراون ..

پیرۆزکردنی دایکایەتیی و باوکایەتیی بۆ ئەوەیە ژیانی منداڵەکان بپارێزن و نەهێڵن ڕوو بە ڕووی مردن ببنەوە..

خێزان دروستکردن و وەچە خستنەوە و  سێکس و خواردن، بۆ ئەوەن  ژیان بەردەوام بێ و بتوانێت ڕوو بە ڕووی مردن بێتەوە یان هیچ نەبێ بتوانێ وەک هێڵێکی تەریب لەگەڵ مردندا بەردەوام بێ ..

بەو جۆرە عەشق و خەبات و شۆرش و پیشمەرگایەتیی و پارتیزانیی و تەواوی چالاکییە بە کۆمەڵەکانی مرۆڤ، مەبەست لێی دابینکردنی ژیانێکی ئارامتر و جوانتر و درێژترە بۆ کۆمەڵگاکان و .. دوور کەوتنەوەیە لە مردن و لەناو چوون و هەڵوەشان و هەرەسهێنان ..

پاشان کە ئەو شۆڕش و خەباتە جەماوەرییانە سەردەکەون و ئەگەنە ئامانج، کەسێک یان چەند کەسێک بەر و بوم و کاکڵەکەی ئەخۆن، چونکە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان، کێبڕکێ ناوخۆییەکان سەرەڵدەدەن هەتا کەسانێکی تایبەت و خێزانەکانیان زۆرترین هەلی ژیانکردن دابین بکەن بۆ خۆیان لەسەر حیسابی هاووڵاتیەکانی هەمان کومەڵگا..یان ڕاستتر جەنگی ژیاندزینی ئەوانی تر، جەنگێکی ئەزەلییە و بۆ چرکەیەکیش ڕاناوەستێت، نەک هەر له نەتەوەیەکدا، تەنانەت لە خێزانێکیشدا، شەڕی ژیاندزین و مردنسەپاندن لە نێوان براکاندا هەیە .. کوڕەکانی پاشا.. وەچەی بازرگانەکان یەکتری ژەهرخوارد ئەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەنە دەسەڵات وداهاتی زۆر، براکان خوشکەکانیان لە میراتیی بێ بەش ئەکەن، بە هیوای ژیانێکی دوور و درێژ یان  ژیانێکی هەتاهەتایی بۆ خودی خۆیان و  هەمان کاتیش تەمەنکورتیی و مردنی خوشکە  لاواز و بێهێزەکانیان ..! 

کاتێ ستالین هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی سیستمی کۆمۆنیستی بە حیساب یەکسان بۆ هەمووان، زۆرینەی وەزیرەکانی لینین ی لە دەسەڵات لادا و کوشتنی،  پاشا ملیۆنان کەسی  ناوخۆ ،و دەرەوەی بە کوشت دا، کەچی هەمان کات زاناکانی بایۆلۆجی  و بایۆکێمستری ڕادەسپێرێت هەوڵ بدەن خانەیەکی زیندوو لە تاقیگەدا دروست بکەن، بۆ ئەوەیش هەموو خەزێنەی دەوڵەت دەخاتە خزمەتیانەوە !! هەتا بەو داهێنانە ژیانی هەتا هەتایی بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات !! ..وەک چۆن سەدام حسێن دوای سەرکەوتنی  کودەتای حیزبەکەی، وەزیر و هاوڕێکانی خۆی کوشت، بۆ ئەوەی ژیانی خۆی درێژتر بێتەوە و ڕکابەرە ڕاستی و وەهمییەکانی چواردەوری نەمێنن.

وەک عێراقی نوێ، دوای ساڵەهای ساڵ خەباتی جەماوەریی و قوربانیدانی چین و توێژەکانی گەلانی عێراق و کوردستان، کاتێ سیستمی بەعس ئەڕوخێت و سەدام حسێن  لەسێدارە ئەدرێت، دەیان و سەدان سەدام حسێنی تر لەناو کورد و عەرەبدا سەرهەڵدەدەن، و ملیۆنان هاووڵاتیی عێراق ئەکوژن و زیندان و ڕاو ئەنێن بۆ تاراوگە، تەواوی سەروەت و سامانی ووڵات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان ئەدزن، ئەوەیش له ڕاستیدا هەوڵی مانەوەی چەند خێزانێکە لەسەر حیسابی مردن و ڕاوەدونان و زیندانکردن و  ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی میللەتێک، بێگومان لە غیابی یاسا و دادگادا.

لێرەدا ئیتر بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگای مۆدێرن بە جۆرێک  ژیان بۆ هەمووان بێ  و ..ڕاکردن لە مردن  مافی هەمووان بێ، شتێک سەروەر کرا و لەسەروو هەمووانەوە دانرا، ناونرا یاسا .. کۆمەڵێ بینای گەورە دروستکران ناونران دادگا.. 

یاسا بۆ ئەوەیە هیچ کەسێ نەتوانێت ژیانی ئەوانی تر بۆ خۆی ببات ومردنی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دابەش بکات .. 

دادگا ئەو جێگایەیە هەوڵی تێدا دەدرێت بۆ ئەوەی ژیانی دزراوی خەڵکێک بگەڕێتەوە  بۆ خاوەنەکانیان و .. مردنی سەپێنراوی سەر خەڵکێک، بگەڕێنرێتەوە بۆ سەپێنەرەکان ..

هەر بۆیە لە کۆمەڵگا هوشیارەکاندا، یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە، تیایدا سەرۆک و گەدا پێکەوە لەبەردەم دادگادا ڕائەوەستن و .. ژیانێک دزرا بێ، وەرئەگیرێتەوە و ..مردنێک سەپێنرابێ، ئەخرێتەوە گەردنی خاوەنەکەی.

ئەم یاسا لەسەروو هەمووانەیش، شتێکی ڕێژەییە و لە هیچ کۆمەڵگایەکدا یاسا ناتوانێت لەسەروو هەمووانەوە بێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگا گەندەڵەکاندا، یاسا لە ژێر پێی بەهێز و دڕندە و مافیاکاندایە، بەڵام بە سەرزارەکیی و لە نووسراو و ڕاگەیاندنەکانیاندا یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە و بە درۆیەکی شاخدار، هەمووان هەمان هەلی ژیانکردن و لە مردن ڕاکردنیان بۆ ڕەخسێنراوە . تەنها لەو کۆمەڵگا ئاینییە ڕەسەنانەدا یاسا لەسەروو هەمووانەوە دانراوە، کە مژدەی ژیانێکی هەتاهەتاییان تێدا دراوە بەوانەی کە پابەندن بە یاساکانەوە..واتا لەوێیشدا لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی هەتاهەتایی بەهەشت، کەسانێکی سەرکردە و بەتوانای وەک عەلی کوڕی ئەبو تاڵب لەگەڵ جولەکەیەکی هەژاردا لەبەردەم دادوەردا ڕادەوەستێ و ڕازی نابێت دانیشێت هەرچەند دادوەر داوای لێ دەکات دانیشێت، ئەڵێت هەتا ئەو مافە نەدۆزرێتەوە بۆ ئەو پیاوە کە گوایا لەلای منە، من دانانیشم و وەکو ئەو بە پێوە ڕائەوەستم.. عەلی کوڕی ئەبوتاڵب کەسێکە بە ووتەی خۆی دنیای تەڵاقداوە و خۆی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دوای مردن ئامادەکردووە، هەر بۆیە ئامادەیە لەبەردەم دادگادا ڕاوەستێت .. ئەو دادگایەی کە کافکا له چیرۆکێکیدا، دەرگاکەی لەبەردەم پیاوێکی دەشتەکیدا ناکرێتەوە هەتا کابرای دەشتەکی پیر ئەبێت و ئەمرێت، چونکە گەیشتن بە دادپەروەریی واتا دەستخستنی هەلی ژیانکردن و ڕاکردن لە مردن،مافی دەشتەکییەک نییە بەڵکو تایبەتکراوە بە  کەسە  دەست ڕۆیشتوو، وەجاخزادەکان، هەر بۆیە کابرای دەشتەکیی پێش ئەوەی ڕۆحی دەربچێت، به پۆلیسی بەردەرگاکە ئەڵێت : باشە لەو هەموو ساڵەدا، بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی  بە دادگا نەبوو ؟ خۆ هیچ کەسێک بێجگە لە من نەهاتە بەر ئەم دەرگا داخراوەی دادگا ؟

پۆلیسەکە پێی ئەڵێ : خەڵکی تر زۆرن کە پێویستیان بە دادگا هەبووە و هاتوون و چوونەتە ژوورەوە و مافی خۆیان وەرگرتووە، بەلام من و ئەم دەرگا داخراوەی دادگا، تایبەت بە تۆ دانراوین.. بۆیە  بێجگە لە تۆ هیچ کەسێکمان نەدی!!

خەییام ئەڵێ:

لە نزمیی زەوی تا بەرزیی زوحەل

چەند گرێ هەبوو یەک یەک کردم حەل

لە مەکر و حیلە دەرچووم پەلە پەل

وەک خۆی مایەوە موشکیلەی ئەجەل

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×