ڕێگاکانیش ئەمرن 

نەوزاد بەندی
  2026-07-17     65

لەو دنیایەدا، به پێی قۆناغەکانی ژیان و تەمەن و بارودۆخە ئابوریی و فیکریی و سیاسییەکان، ڕێگاکانیش ئەمرن.. تەماشا ئەکەیت، کۆمەڵێ ڕێگا کە ساڵانێک ڕۆژانە پێیاندا ڕۆیشتوویت، ئەمڕۆ بە هیج جۆرێک پێیاندا ناڕۆیت.. واتا ئەو ڕێگایانە لای تۆ تەمەنیان تەواو بووە و مردوون.

وەک خۆم، گەلێ ڕێگا لە ژیانمدا لە دایک بوون و مردوون .. وەکو ڕێگای فرۆشگای مەجید و عەبدوڵڵا لە کۆڵانەکەمان، کە ڕۆژانە بە دە فلس یان پێنج فلسەوە بەسەریدا ئەڕۆیشتین و ئەهاتینەوە ..ئێستا لە مێژە ئەو دوو ڕێگایە، بە هەردوو فرۆشیار و هەردوو فرۆشگاکەیشەوە مردوون ..هەروەها ڕێگای قوتابخانەی ئەیوبیی، کە ڕۆژانە لەگەڵ باوکما، لە کارێزی وەستا شەریفەوە دەستمان پێدەکرد، هەتاکو گەڕەکی چوارباغ و نزیک مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی.. تەمەنی ئەو ڕێگا دوور و درێژ و پێچا و پێچە، تەنها دوو ساڵ بوو، ئیتر لە لای ئێمە مرد و بۆ هەتاهەتایە بەو ڕیتمە پێیدا ڕەت نەبووینەوە،  ئاخر باوکم لەگەڵ بەڕێوەبەری تەربیە و مەعاریفی ئەو سەردەمەدا، لەسەر بابەتی سیاسیی بەشەڕ هاتبوو، گڵاسێک ئاوی کێشا بوو بەسەریدا، ئیتر سزای باوکمیان دابوو بە گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی دوور، هەتا ڕۆژانە ئەشکەنجە بکێشێ و عەرەق بڕێژێ و ڕێگایەکی دوور ببڕێت..ڕێگایەک کە خەتی هیچ جۆرە ئامانەیەکی لەسەر نەبوو.. ڕێگای قوتابخانەی مەولاناخالید و کاوە و هەڵکەوتیش بە هەمان شێوە ساڵانێک لە ژیانماندا لەدایک بوون و تەعاروفیان لەگەڵ هەنگاوەکانماندا کرد و پاشان بۆ هەتاهەتایه مردن.. ئێستا بۆ نمونە کەسێک پێم بڵێت با بچین بۆ ئامادەیی هەڵکەوت یان بۆ ناوەندی کاوە، تەماشایەکی چاوی ئەکەم و پێی ئەڵێم : تەواویت ؟ 

ئێ ئاخر مەعقول نییە جارێکی تر بە ڕێگایەکدا بڕۆیت کە لە ژیانتا مردووە، وەک هەڵدانەوەی گۆڕێک وایە، ماندووێتیی و خەم و خەفەتێکی زۆری لە دوایه..

هەروەها ڕێگای زانکۆی موسڵ، کە چوار ساڵی پڕ له ماندووبوون و خۆشیی و خەم و خەون و هیوا و عەشق و لێکدابڕانی ژیانمانی بۆ خۆی برد.. ڕێگایەکی دوور و درێژ، لە سلێمانییەوە بۆ موسڵ، پاشان ڕۆژانە لە بەشی ناوخۆییەوە بۆ مەرکەز توڵابیی و چێشتخانە زەلامەکەی، بۆ خواردنی نانی بەیانی.. ڕێگای خێرا، ڕووە و هۆڵەکانی وانەخوێندن و تاقیگەکان..ڕێگای گەڕانەوە بۆ بەشی ناوخۆیی و ..ڕێگای کولێره بەقیمە و مزگەوتی هەیبەت خاتوون .. ڕێگا کورتەکانی چێشتلێنان و قاپ شوشتن و هۆڵی سەعی کردن.. ڕێگاکانی عەشق، کە تێکڕا کورسییە دارەکان و ژێر دارکاژ و یۆکالیپتۆس و بۆنە و ئاهەنگەکانی زانکۆ بوون..ڕێگای گەڕانەوەی پڕ لە خولیا و تاسە بۆ سلێمانی ..ڕەنگە بڵێم ڕێگاکانی زانکۆ یەکجار جۆرا و جۆر و ترش و شیرین بوون، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا، دوای دابڕانی زیاتر لە 40 ساڵ،  چەند جارێک هەوڵمان دا بگەڕێینەوە و پێیاندا تێپەڕینەوە..هەوڵماندا فێرست ئەید یان ئیسعافات ئەوەلیی بۆ ئەو ڕێگایانە بکەینەوە،  ڕۆیشتینە بەردەم زانکۆیەک کە 40 ساڵ بوو بە جێمان هێشتبوو، کارمەندی پرسگە به عەرەبی پێی ووتین  : فەرموون حاجێکان؟ چیتان ئەوێ؟ ئەمرکەن..

ئێ ناحەقی نەبوو وای ووت، چونکە کۆمەڵێ کەسی پیری لەسەر ڕێگای خویندکارە لاوەکاندا بینی .. یان کۆمەڵێ پیرەمێردی بینی، گۆڕی ڕێگا کۆنە مردووەکانی تەمەنیان هەڵدابۆوە، هەر بۆیه لێی پرسین : چیتان ئەوێ؟ 

بێجگە لە کارمەندی پرسگە، قوتابیانیش بەسەرسامییەوە بۆ ساتێ سەرنجیان دەداین و هەندێکیشیان پێدەکەنین و لە دوورەوە قاقاکانیان ئەوەی دەگەیاند کە ئێمه موخالەفەیەکی مروریمان کردووە و بە سایتێکی هەڵەدا ڕۆیشتووین و شایانی ڕاگرتن و سزادان و تەنانەت قەشمەریی و پێکەنینیشین.. 

ووتمان: هیچ..

ووتمان: چل ساڵ پێش ئێستا ئێرەمان تەواو کرد..

دەستمان بۆ زانکۆ درێژ کرد، وەک ئەوەی دەست بۆ مەزارگەیەک درێژ بکەین کە هیچ جوڵە و ژیانێکی تیا نەما بێت ..

ووتمان: کاتی خۆی ئێمەیش لێرە بووین، بە زەی موەحەدەوە، هەموو ڕوژێ، چاکەتی نیللی و کراسی سپی و پانتۆڵی ڕەساسیمان ئەپۆشی، ئێستا ئەو یەکتاپۆشییە نەماوە ...

بۆ ئەوەی زیاتر بیسەلمێنین کە ئێمە کاتی خۆی لەسەر ئەو ڕێگایە بووین و ئەهلی ئەو جێگایە بووین، ووتمان :

کاتی ئێمە عەبدولئیلاهــ سەرۆکی زانکۆ بوو!!

کابرای پرسگە سەرێکی بۆ لەقاندین وەک ئەوەی بڵێ جا من حەقم چییە یان بە من چی و من تاوانم چییە  ئێوە چل ساڵ پێش ئێستا لێرە بوون و ئێستایش وا خەریکە خولی ژیانتان تەواو ئەبێ ؟؟ ههههههه ..

ڕێگای دایەنگا و باخچەی مناڵەکانیشمان، ساڵانێک قەڵەمڕەوی هەنگاوەکانمان بوون، ڕۆژانە بە مناڵێکی تووڕە و گرینۆکەوە پێیاندا ڕەت ئەبووین و نیوەڕۆ دووبارە پێیاندا ڕەت ئەبووینەوە، ئەمڕۆ ئیتر مناڵ گەورە بوون و ئەو ڕێگایانەیش لە ڕۆژژمێری ئێمەدا مردن .

لە ژیاندا بێجگە لە ڕێگا ماددی و سونەتییەکان، گەلێ ڕێگای دەروونیی و ئایدیۆلۆجیش هەن، کە تەمەنێک لەگەڵماندا ئاشنا ئەبن و ئەمانکەنە پیادەی خۆیان، پاشان ئەپوکێنەوە و ئەمرن..

ڕێگای دارا و .. ڕێگای دوو دارە دوورەکە .. ڕێگای وازی و .. ڕێگای دادە کە دوو ڕۆژ بوو بەردەوام دۆکەی ئەڕژا ..ڕێگای سێ سەگ و .. ڤان سواران کە غارانێیان دەکرد و شیر و مەتاڵیان پێ بوو .. ڕێگای کەف و چالاک و هەچەکە و بێچووەکەی ..ڕێگای مام زۆراب و نەسرین و باوکی  و ئازاد بەسەر دار سێوەکەوە..ڕێگای بەبەی زەینەب و مام ورچ و کاکی شمشاڵژەن و هێک ..هەموو ئەو ڕێگا بەرز و بەنرخانەی کە دکتۆر ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە ئەلف و بێکەیدا، بۆی دیاریکردبووین، کە لە ڕێگای بەردەم ماڵەکانمان زۆر ڕاستتر و جوانتر و گوڵڕێژ تر بوون، چەندەها شەو لە خەونەکانماندا بەو ڕێگایانەدا ئەهاتین و ئەچووین و ..پیتەکان فێر ئەبووین و چێژمان لێ ئەبینین ..تا ئەمڕۆیش ئەو ڕێگایانە بە پیرۆز ئەزانم و لە ناخمدا ماون.

بەڵام لە ڕاستیدا، زۆر بەداخەوە، ئ ئەو ڕێگایانەیش مردن و تەواو بوون، بوون بە ژێر پێی سیستمی خوێندنی سویدیی و دانیمارکییەوە .. ئیدی دارا و زەینەب و ئازاد و دادە و مام زۆراب و نەوزاد و نەسرین و باوکی و کاکی شمشاڵژەن، بوون بە شەهیدی سیستمی سویدیی و دانیمارکیی و جۆرەها ناوی بێگانە و نامۆی تر.

هەروەها ڕێگای ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبخانەی ناوەندی و سندووقە دارەکانی کتێبخواستن، ئەو ڕێگا ناسک و پڕ له زانیاریی و عەشق و جوانی و داهێنانانە.. ڕێگای سەرنجی چاوەکانمان و ..ووشە و دێڕەکان، ئەو ڕێگا دوور و درێژانەی چاوەکانمان لە شەوێکدا دەیان هەزار دێڕیان  ئەبڕی، بۆ ئەوەی بگەنە کۆتایی ڕۆمانێک.. ئای چەندێک ڕێگای ڕۆمانەکانم بڕیوە و ئای له کۆتاییدا تەنیا و دەستەوسان و بێکەس، چەند جار  کەسایەتیی ڕۆمانەکان جێیان هێشتووم و تەنیا ماومەتەوە.. ئێرەییم بەو هاوڕێیانەم  ئەبرد کە ڕێگای کتێبێکیان بە چەندین هەفتە ئەبڕی و تیایدا چێژێکی دوور و درێژیان لەگەڵ ڕێگا و  کەسایەتیی و قاوەخانە و عەشق و ئازارەکانی ناو ڕۆمانەکاندا ئەبینی، هەرچەندە لە کۆتایی کتێبەکەدا ئازاری ئەوان گەورەتر بوو، من تەنها شەوێک یان دوو شەو ئاشنای ئەوان بووبووم، بەڵام ئەوان چەندین هەفتە هاوڕێیان بوون و لێکدابڕانی کۆتایی کتێبەکان، کاریگەرتر و تراژیدیی تر بوو لە ژیانیاندا ..زۆر لە چارڵس دیکنز و فیکتۆر هیگۆ و ئێرنست هێمنگوای و کافکا و چیخۆف و تۆڵستۆی و دیستۆیڤسکی ئەترسام، چونکە ڕۆمانەکانیان ئەیانبردیت بۆ جێگایەک کە تیایدا خەمێکی قوڵ بخۆیت و بگریت وەک سەردابی پیازەکەی گۆنتەرگراس .. بە کەسانێکیان ئەناساندیت، کە بە درێژایی ژیانت نەتئەتوانی لە یادیان ببەیتەوە و بەردەوام بە خەم و ئازار و هەڵوێست و فیداکارییەکانیان، فرمێسکیان پێ ئەڕشتیت ..

هەروەها ڕێگاکانی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی، بەشێکی زۆری لاویی و گەنجیمانی برد.. لەو ڕێگایانەدا، لە پڕێکدا نزیکترین و ئازیزترین هاوڕێمان بوو بە سووتەمەنی شۆڕش، وەک سالار فەتاحی ناو پۆلە شەهیدەکەی قڕگە.. ئەو ڕێبازانەی کە جێی شانازییمان بوون و .. بەنرخترین ڕۆژ و دەسکەوت و هەل و ئامانجەکانی ژیانمان کرد بە قوربانیی .. خوێندن و داهاتوو، برا و خوشک و دایک و باوکمان کرد بە گاوگەردوونی ..لە بیرمە یەکەمی قۆناغی خۆمان بووم لە کۆلێژی زانست، بەشی بایۆلۆژی، مامۆستای پەروەردەی نیشتمانیی، پێی ووتم : کوڕم ! تۆ کەسێکی زیرەک و هونەرمەند و ڕۆشنبیریت، داهاتووی خۆت مەفەوتێنە و وەرە سەر ڕێگای بەعسی قائید، واز لە ڕێگای موستەقیلیی بهێنە و ئیمزایەکمان بۆ بکە ! .. ووتم : ناتوانم ..

ئەو ناتوانمە، کە تا ئێستایش زۆر و کەم شانازیی پێوە دەکەم، قوربانییەکی گەلێ گەورەی پێدام.. داهاتووی زانستیی بە تەواوەتیی ڕوخاندم، نمرەیەکی زۆریان لێ شکاندم، بووم بە پێنجەمی کۆلێژ.. ئەوسا تەنها یەکەمەکان دوای چل و پێنج ڕۆژ خزمەتی سەربازیی ئەگەڕانەوە بۆ زانکۆ، بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵا..من سێ ساڵ و نیو سەربازیی، تەواوی زانست و خەون و هیوا باڵاکانمی هەڵوەراند..

بەڵام ئێمە هەموومان، تەواوی هاوڕێکانمان لەسەر ڕێگای کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووین، بە خۆشحاڵییەوە هەموو جۆرە قوربانییەکمان ئەدا..

هەروەها بەشێکی زۆر لە گەنجە نەخوێندەوارە کاڵفامەکانمان، ڕێگایەکی نوێیان بۆ کێشرا، کە ڕێگای خۆفرۆشیی بوو، پێیان ئەووت ڕێگای جاشایەتیی ..ئەو ڕێگایه سەردەمانێک بوو ئەوەندە قەڵەباڵغ بوون، سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە.. 

ڕێگای سیخوڕیی و خیانەت، ڕێگا نهێنییەکان بوون، کە تاوانبارە گەورەکان پێیدا هات و چۆیان دەکرد، خەریکی ملشکاندن و کوشت و بڕی نیشتمانپەروەران بوون ..

تەواویی ئەو ڕێگایانە ماون و .. لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر ئەگۆڕێن.. واتا تا ئەمڕۆیش ڕێگای جاشایەتیی و سیخوڕیی ماون و .. خەڵکێکی زۆر نانی لێ ئەخۆن و ملیارەها دۆلاری تێدا پەیدا ئەکەن .. ڕێگای پێشمەرگایەتیی تەنها وەک خەیاڵێک یان وێنەیەکی کاڵ ماوەتەوە، قاچی بۆ ئەبەیت، ناتوانیت هەنگاوێکی تێدا هەڵبێنیت.. پڕ بووە لە گەندەڵ و دز و قاچاخچی و نیشتمانفرۆش .. گوڵاڵە سوورەکانی بوون بە دڕکەزیی .. شەهیدەکانی بوون بە ژێر کچە مۆدێل و کوڕە مەسئولی ملیاردێرەوە..سروودەکانی بوون بە ژێر ئاوازی ڕەبابە و مەوالی عەرەب و عەجەمەوە ..

ئەمڕۆ ئیدی ڕێگای نائومێدیی زاڵ بوو، دوای ئەوەی دەسەاتی کورد نەیتوانیی خزمەتی کورد بکات، ئەوەیش ڕێگای تری لێ پەیدا بوو، ڕێگای کۆچ و.. ڕێگای کەمپ و .. ڕێگای قاچاخ و..ڕێگای یەخت و چوپی ناو دەریا و.. ڕێگای گرەنتیی و ڕێگای گەشت لەسەر ئەکسلی لۆریی و لەناو تانکی تەنکەر و ناو کۆنتەینەر و ڕێگای سنورداش و جۆرەها گەشتی هەتاهەتایی خەمگین کە تایبەت بوون بە هەژاران، کە بەشێکی  زۆریان لە ڕێگا، خنکان و بوونە  خۆراکی شارک وماسییەکانی دەریای ئیجە ..

ئەمڕۆ ئیدی خەمخۆرەکانی نیشتمان بە نەخۆشیی و خەم و دەردەدڵ مردن.. ئەوانەیشی کە ماونەتەوە، ڕێگای نوێیان دۆزییەوە، ڕێگای گۆشەگیریی و .. ڕێگای نامۆبوون و.. ڕێگای کەئابە و شێت بوون وەک ئەو بیریارانەمان کە لەسەر شەقام پێیان ڕائەبوێرن و فیکەیان بۆ ئەکێشن، جار و بارێکیش ئەکوژرێن یان زیندان ئەکرێن و تەمبێ ئەکرێن .. ڕێگای خۆکوشتنیش پەیدا بووە و جەنڕاڵەکانی پاییزمان لەو ڕێگایەوە وون ئەبن ..

ئەمڕۆ زۆربەی زۆری ڕێگاکان مردوون.. بۆیە هەر ئاوازێکی کۆن، هەر گۆرانیی و وێنەیەکی کۆن، هەر پەند و سەرگوزشتە و حەکایەتێکی کۆن، ئەمانهێنێتە گریان .. چونکە هەزاران ڕێگای مردوو، کوژراومان بە بیردێنێتەوە..

دواجار، زۆرینەی هەرە زۆرمان، ئەگەڕێنەوە بۆ ڕێگای ئایین..ئەو ڕێگایەی بە هۆیەوە ئەتوانین بەرگری لەو هەموو زیانە مادیی و مەعنەوییانە بکەین کە توشمان بوون .. بەو ڕێگایەدا ئەڕۆین، کە یەقینمان هەیە ئەمانگەیەنێتە دادگایەکی باڵای خوایی، تیایدا دوژمنانی گەل و نەتەوە و مرۆڤایەتیی دادگایی دەکرێن و ئەخرێنە سەر ڕێگای دۆزەخی هەتا هەتایی.. هەرچەندە ئەو ڕێگایەیش کۆمەڵێ جەردە و قاچاخچی و بازرگانی تێدا قوت بۆتەوە و ..دەیان ڕێگا و تولەڕێی خوار و خێچیان تێدا جێ کردۆتەوە، کە هەندێکمانیان  ناچاری وەستان کردووە و .. هەندێکی تریشمان یاخی کردووە لە دین ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
راگه‌یه‌ندراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ی شه‌هیدبونی نۆ پێشمه‌رگه‌یان له‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر زڕگوێزه‌ڵه‌
لانیكه‌م هه‌شت پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه له‌ زرگوێزه‌ڵه‌ شه‌هیدبون
سی پی تی: ژمارەی سەرجەم قوربانییانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم گەیشتە ١٤٤ کەس
وێنه‌و ناسنامه‌ی شه‌هیده‌كانی كۆمه‌ڵه‌: ژماره‌یان بۆ نۆ شه‌هید به‌رزبوه‌وه‌
ئەمریکا 6 پردی ئێرانی بۆردومان دەکات و تاران 4 وڵاتی عەرەبی دەکاتە ئامانج
هێرش كرایه‌ سه‌ر كه‌مپی سورداشی كۆمه‌ڵه‌و دو پێشمه‌رگه‌ برینداربون
دوران کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداری هێناو نابینە هێزێک کە چالاکیی چەکداری دژی تورکیا ئەنجام بدەین
هێرشەکەی سەر تاسڵوجە بەپێنج درۆن ئەنجامدراوە
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌باره‌ی پێدانی كاره‌باو دابینكردنی غاز
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×