سێ ووتارۆک، وەنتە ماشی 

نەوزاد بەندی
  2026-08-31     67

بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێنەران و ..زیادبوونی بەکاربەرانی مۆبایل و ..کورتە نوسین و دێڕە نوسین و ..مۆبایلە شیعر و ..شتی خێرا و بروسکەیی، ناچارین واز لە ووتار بێنین و ..ووتارۆک بنوسین، بۆ ئەوەی خوێنەرەکانمان بتوانن یان فریا بکەون شتێکی لێ هەڵکڕێنن، ڕێک وەک فەلافل کاتێ هاتە عێراق، ماڵی خوێندکاران بوو، چونکە کاتی لێ نەدەگرتن و هەر بە ڕێگاوە ژەمێکی لە کۆڵ دەکردنەوە، فلافل و انت ماشي ، واتا هەر بە ڕێگاوە فەلافلێک بخۆ ..

 

     ‌‌                 ( 1 )

                       متمانە

ئەگەر بە چاوێکی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی تەماشایەکی کۆمەڵگای مرۆڤ و دنیا بکەین، توشی ڕەشبینییەکی زۆر دەبین، وەک چۆن کاتێ گەردوونناسیی و ئەسترۆنۆمیی پێشکەوتن، مرۆڤ توشی جۆرێک له نائومێدیی بوو، کاتێ بۆی دەرکەوتن ئەو گۆی زەوییەی لەسەری دەژی، بە بەراورد لەگەڵ گەردوون و هەسارەکانی تر، لە دەنکە خۆڵێک بچوکترە، ئیتر مرۆڤایەتیی و سەروەریی چی ؟ ئیتر ئەم جەنگ و ئاژاوە و زوڵم و نادادییە کۆمەڵایەتییە لە پای چیدا؟ پارە و سامانی کۆمەڵگاکان بە چ متمانەیەک ئەدزن و بە تەمان لە چ تەمەنێکدا بیخۆن ؟

بێجگە لەو هەموو  بومەلەرزە و لافاو و گڕکان و زریان و وشکەساڵیی و برسێتیی و جەنگ و  ڕوداوی هات و چۆ و ئەو  دڕندە و   مشەخۆرانەی کە بە چاو ئەبینرێن، ئەگەر بڕۆینە تاقیگەیەکی بایۆلۆجیی و لە ژێر میکرۆسکۆب و لە ڕێی کەڵچەر یان چاندنی هەندێ لە بەشەکانی لەشمان، بۆمان دەرئەکەوێ بێجگە لەو سەدان و هەزاران دوژمنە سروشتییانەی کە ئەیانبینین، ملیۆنان دوژمنی ترمان هەن بە چاو نابینرێن و ئەوەندە تەماعیان لە خوێن و گۆشتەکەماندایە، بە چرکە و بە ملیمەتر لێمان دوور ناکەونەوە .. ملیارەها بەکتریا لەناو ڕیخۆڵەکانماندان و لەسەر پێستماندان، تەنها بەکتریای ڕیخۆڵە ئەگەر لە ڕێی تەرازووەوە بیانکێشین دوو بو سێ کیلۆگرامن ..

دەستەکانت بە جۆرەها سابون و پاکژکەرەوەی تر بشۆ، دوای ئەوە وەرە چاندنێک بۆ هەردوو لەپت بکە، بۆ ڕۆژی دووەم ئەنجامەکەی دەردەچێت کە هەزاران هەزار کۆڵۆنی بەکتریایە.. ئەم بەکتریایانە توێژە مردووەکانی پێستت ئەخۆن و شیدەکەنەوە، خۆ ئەگەر برینێکیش لەسەر لاشەت دروست بێ، خۆیانی تێ فڕێدەدەن و .. لە خواردنی خانەی مردووی پێستەوە، ئەیگۆڕن بۆ  خانە زیندووەکانی ناو برینەکە ..

ئەوە بێجگە لە ڤایرۆس و کەڕووەکان کە لەناو هەوادان و نابینرێن و لە فرسەتێک ئەگەڕێن هێرشمان بکەنە سەر و بماندەن بە زەویدا ..

تەنها مەلاریا ملیۆنەها مرۆڤی کوشتووە .. ئەی تاعون و ڤایرۆسی جگەر و ئێدز ؟  هەر مەپرسە ..

ئەڵێم لەو بارودۆخە پڕ لە دوژمنەدا، ژیانێکی شەست حەفتا ساڵیی، حەق وابوو کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان ئەوەندە دۆست و خەمخۆری یەکتر بوونایە، لە فەرهەنگەکانیاندا تەنها ووشەی خۆشەویستی هەبووایە و .. هیچ جۆرە چەکێک دروست نەکرایە .. ئاخر تۆ بە ملیۆنان ملیۆن دوژمنی بینراو و نەبینراو دەوریان داویت، هێشتا واز لە یەکتر ناهێنن و .. یەکتری کۆت و بەند و برسی و تینوو و ئاوارە و کۆمەڵکوژ ئەکەن؟

بەڕاستی خودا زۆر چاک وەسفی مرۆڤ ئەکات، کاتێ ئەڵێت : مرۆڤ زاڵم و گەمژەیە.

 ‌       

                   ( 2 )

                    ئیشکردن بۆ ژیانکردن

ئیشکردن باشترین سیفەتی مرۆڤە، چونکە بەرهەمهێنان لە هەموو بوارەکاندا ڕوونادەن ئەگەر مرۆڤ ئیش نەکات ..ئەو حەوت دەنکە حەبەی کە ئەیخۆیت و لە نەخۆشییەکی وەک مەلاریا ڕزگارت ئەبێ، ساڵەهای ساڵ زانایان ئیشیان کردووە هەتا دۆزیویانەتەوە ..

ئەو ئوتومبیلەی کە کیلۆمەتر سفر نەبێ، ناتەوێ، بە سەدان و هەزاران توێژینەوەی زانایانی میکانیک، ئینجا دروستکراوە..

بەڵام ئەکرێ پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئایا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندایە یان لە پێناوی ژیانکردندایە؟ 

ئەڵێن کۆرییەکان زۆریان حەز لە ئیشکردنە، تەنانەت وایلێهاتووە، حوکمەت بە زۆر پشوویان ئەداتێ..کەواتە ئەوان ئیش ئەکەن لە پێناوی ئەوەی ئیش بکەن، ئەی کەی بژین و .. تام و چێژ لە دەسکەوتەکانیان ببینن؟ نازانن ..

خەڵکێک هەن، هەموویشمان ئەتوانین ئەو خەڵکانە لە چواردەوری خۆمان دیاری بکەین، کە تەنها ئیش ئەکەن .. واتا ئیش ئەکەن بۆ ئەوەی ئیش بکەن..بەو جۆرە ئیش ئەکەن لە پێناوی دەستکەوتنی ئامانجێکدا کە ئەویش هەر ئیشکردنە .. ئەمەیش هاوکێشەیەکی لاسەنگە و جۆرێکە لە گەمژەیی، کاتێ مرۆڤێک ئیش بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێ  لە ئیش و ئیشی زیاتر بکات ..

ڕاستێکەی مرۆڤ ئەبێ ئیش بکات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بێنێتە دی.. بۆ نمونە تۆ ئەبیتە ئەفسەر، پێویستە بە مەبەستی بە دەستهێنانی ماف و ئازادیی و سەرفرازیی و داکۆکیی لە ڕەش و ڕووتی نەتەوەکەت ببیت بە ئەفسەر، نەک لەبەر ئەوەی شانازی بکەیت بە ئەستێرەکانی سەر شانتەوە و هەموو تەمەنت هەوڵدان بێ تەنها بۆ زیادکردنی ئەو ئەستێرانە..

تەمەنی زۆرینەی خەڵکی لای خۆمان، تەنها لە ئیشکردندا تێدەپەڕێ.. ئەوانە خۆیان بە سەرکەوتووترین کەسیش ئەزانن، گاڵتەیان بە هونەر و وەرزش و گەشت و خوێندنەوە دێت.. فارسەکان بەوانەی کە خەریکی شیعر نوسینن، ئەڵێن : دەردی بێ ئیشییە..

کار ئەگاتە ئەوەی خانەنشین بوون بە کابوس و بە ئیهانەکردن تێ بگەن، دەسەڵاتیش هەر لەو بڕوایەدایە بۆیە هەڵدەستێت بە پێدانەوەی پێنج ساڵ خزمەتی زیادکراو بە کەس و کاری شەهید .. ئەوەیش برین و نەخۆشییەکە قوڵتر دەکاتەوە لە کاتێکدا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندا ئەبێتە سەربەرزیی و دەسکەوت و خەڵات و بەرات .. بە بێ ئەوەی ئەو خەڵکە بزانن ئەوان بۆچی ئیش ئەکەن؟ کاتێ بە چاوی بەزەییەوە بۆ کەسێک ئەڕوانن کە خانەنشین ئەکرێ، لە کاتێکدا خانەنشینکردن ڕێزلێنانە بۆ کەسێک کە تەمەنێکی کردووە و ئیتر پێویستە بحەوێتەوە، بەڵام کاتێ فۆبیای ئیش لە پێناوی ئیش لە مرۆڤەکان ئەدات، خانەنشین بۆ ڕۆژی دواتر دێتەوە داوا دەکات بە خۆبەخش، قبوڵی بکەن !!  چونکە تازە ئەوان وەک ئوتومبیلێک بۆ مرۆڤ ئەڕوانن، کاتێ لە ئیش ئەکەوێ، واتا هەڵوەشان و سکرابکردن، ئەویش بە خۆڕایی و خۆبەخشیی ئیش بکات، پێی باشترە لەوەی سکراب بکرێ و هەر پارچەیەکی بە دەست کەسێکەوە بێ!!

 

لەم حاڵەتەدا، کار دەگاتە ئەوەی مرۆڤەکان گرنگ نەبێ بە لایانەوە کە چەند سەعات ئیش بکەن و ..بە چ کرێیەک ئیش بکەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئیش بکەن و خۆیان لە نەفرەتی بێ ئیشیی ڕزگار بکەن، بەو جۆرە خەڵکێک ئەگەنە ئەوەی بە خۆڕایی ئیش بکەن و ناو لە خۆیان بنێن خۆبەخش ..

لە ڕاستیدا ئیش کردن ئەگەر مەبەست لێی ئیشکردنی زیاتر بێ، وا دەکات خاوەن ئیشەکە ژیانی خۆی لە کیس بچێ و .. نەتوانێت بژی، واتا وەک ڕۆبۆتێک تەنها جوڵە و هاتن و ڕۆیشتن بێ و .. لە مۆرک و تایبەتمەندیی و  چالاکییە مرۆییەکان بێبەش بێ..

ئەمەیە دواکەوتن و بێ ئاگایی مرۆڤ لە زانستی مرۆڤزانیی یان ئەنسرۆپۆلۆجیا، کە ئەلکسس کاریل ددانی بەوەدا نا کاتێ مرۆڤ تەنها خەریکی ئیش بێ لەسەر ماددەکان، خۆی لە یاد ئەچێ وەک مرۆڤ، واتا ماددەکان ئەبنە ئامانج و مرۆڤ تەنها ئەبێتە ڕۆبۆت.

لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ئەوەندەی خاوەن کارگە و کارەکان هەوڵی کارگە و کاری زیاتر دەدەن، خەڵکە بێکارەکە هەوڵ نادەن .. ئەتوانین بڵێین خەڵکە بێکارەکە زیاتر چێژ لە ژیان دەبینن..

هەر بۆیە پێش ئەوەی دەست بکەیت  بە هەر ئیشێک، لە خۆت بپرسە بۆچی ئەو ئیشە ئەکەیت؟ ئامانجێک بهێنە بەرچاوی خۆت، ئەوسا سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان ناتوانن بە کرێییەکی کەم و مەمرە و مەژی ئیشت پێبکەن، چونکە ئامانجەکان بە کرێی کەم و خۆبەخشیی و خۆفرۆشیی نایەنە دی.

 

             

      ( 3 )

         کەرەستەی خاو 

بنیاتنانی هەر شتێک، کۆمەڵێک کەرەستەی خاوی ئەوێت.. کاتێ ئەتەوێت هێلکە و ڕۆنێک دروست بکەیت، تاوە و کەوچک و ڕۆن و خوێ و هێلکە و ئاگر و نانت ئەوێ  .. کاتێ ئەتەوێ نوسینێک بنوسیت، بیرۆکەیەک و  قەڵەم یان کیبۆرد  و ..لاپەڕە یان شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرێکت پێویستە.

کاتێ ئەتەوێ ببیتە مامۆستا، پێویستت بە بڕوانامەیەکی زانستیی و کەسایەتییەکی بەهێز و مۆراڵی بەرز و ئەتەگێتی قسەکردن و یاساکانی پەروەردە و دەروونزانیی هەیە ..

هەتاکو بەرپرسیارێتێکەت گەورەتر بێ، کەرەستە خاوەکانی کارەکەت گەورە تر ئەبن و پەیوەست ئەبن بە ژیان و چارەنوسی ئەوانی ترەوە ..

هەر بۆیە لێرە و لەوێ دەنگی  داد و بێداد بەرز دەبێتەوە لە دەست فڵان بەڕێوەبەر یان فیسار بازرگان .. لەو حاڵەتەدا گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەر و بازرگانە یان سزادانیان، کارێکی مەحاڵ نییە ..

بەڵام کاتێ مرۆڤێک بڕیار ئەدات ببێتە سیاسیی و ..ئەگاتە پۆستی سەرۆکی دەوڵەت، ئەم مرۆڤە هەموو کەرەستە خاوەکانی کارەکەی بریتی ئەبێت له ملیۆنان مرۆڤ و خەون و هیوا و گوزەرانیان .. 

واتا سەرۆک هیچ کەرەستەیەکی خاوی تری نییە کاری لەسەر بکات بێجگە لە خەڵکێک کە ناوی لێ نراوە گەل یان کۆمەڵگا ..  سەرۆک ئیشی بە ئەندازە و کاری پزیشکیی و دەرمانسازیی و مامۆستایەتیی و بازرگانیی و قاچاخێتیی نییە .. ئەو تەنها کار لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤ ئەکات ، ئەوەیش کارێکی زۆر قورسە یان ڕاستتر بەهرەیەکی تایبەتیی و وردی ئەوێ کە بە خۆنەویستیی  دەستپێدەکات و هەر به خۆنەویستییش کۆتایی دێت .. سەرۆک شۆفێری ئامانەیەکی گەورەیە کە ملیۆنەها کەسی تێدایە، هەر بۆیە ئەگەر شایەنی ئەو کارە نەبێ، دۆخێکی زۆر ترسناک دێتە ئاراوە .

کێشەکەیش لەوەدایە سەرۆک کاتێ ناتوانێ بە کاری سەرۆکایەتیی هەڵسێت، ناتوانرێت وەک مامۆستایەکی نەزان یان بازرگانێکی چاوچنۆک لە کار بخرێت و سزا بدرێت، چونکە ڕاگەیاندنی زەبەلاح و ڕۆژنامەنوسی تایبەت و ڕاوێژکار و وەزیر و کۆشک و قەڵا و سەرباز و فیل و سوپا و پۆلیس و پاسەوانی تایبەت دەوریان داوە و ئەیپارێزن.

لێرەدا ئیتر ئەتوانین بڵێین، دوو جۆر سەرۆک پەیدا دەبن، دادپەروەر و دیکتاتۆر .. هەردووکیشیان هەمان کەرەستەی خاویان لەبەر دەستتایە، کە مرۆڤگەلێکی زۆر و زەبەندەن..

سەرۆکی دادپەروەر، خۆی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی ئاسودە و جوان بۆ هاووڵاتییەکانی بەرهەم دەهێنێ ..

سەرۆکی دیکتاتۆریش هاووڵاتییەکانی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی شاهانە بۆ خۆی و خێزان و دار و دەستەکەی فەراهەم ئەکات.

لەبەر ئەوە دوو کۆتایی جیاوازی سەرۆکەکان ئەبینین .. کۆتاییەکی شکۆدار، کە تەواوی هاوڵاتیان بە داخ و پەژارەوە بەشداری ڕێوڕەسمی کۆتایی سەرۆکەکەیان دەکەن و ئەبێتە سیمبوڵی نەتەوایەتی و بە نەمریی لەناویاندا ئەمێنێتەوە .

لەگەڵ کۆتاییەکی قێزەون و پڕ له سوکایەتیی، کاتێ زوڵم و زۆری دیکتاتۆرەکان ئەگاتە ئاستێک، هاووڵاتییەکانیان هێرشیان بۆ ئەبەن و .. لافاوی خوێن لە وڵاتدا هەڵدەستێت، بەڵام ڕقی مرۆڤەکان دانامرکێتەوە هەتا دیکتاتۆرەکان بە تۆڵەی گەل ئەگەیەنرێن و .. ناشیرینترین جۆرەکانی کوشتن ئەبێتە دوا وێستگەیان بە جۆرێک هیچ گۆڕێکیش ناتوانێ بیانگرێتە خۆی، چونکە زوڵم لە ملیۆنان کەس، واتا تۆڵەی ملیۆنان کەس، کە هیچ زەمین و ژێرزەمین و ئاسمانێک ناتوانێ بیانشارێتەوە لێیان. 

 ماوەتەوە بڵێین کاتێک سەرۆک سەرقاڵی بازرگانیی و کۆمپانیای تایبەت بە خۆی دەبێت، سەرۆکایەتییەکەی لە دەست ئەدات .. متمانە و ڕێز و هەیبەتی سەرۆکایەتیی لە دەست ئەچێت..چونکە تاکە سەرمایه و کەرەستەی خاوی سەرۆکەکان، مرۆڤەکانی ووڵاتەکەیەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×