کاک و سێڵفی و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمی

نەوزاد بەندی
  2026-09-04     44

هەندێ کەس ئەڵێن ئەم شتە وورد و نادیارانە چین تۆ لەسەریان ئەنوسی ؟ بۆچی وەک برادەران لەسەر حیلیفی ناتۆ و تڕەمپ و ئێران و ڕێککەوتنی مەدینە و ئەگەری ئاشبەتاڵی نوێ و عەلی زەیدی نانوسیت؟

پێیان دەڵێم ئەو تایتڵانە ئەوەندەیان لەسەر نووسراوە، ڕاستێکەی بەشی من نەماوە.. من بە عەیبێکی گەورەی دەزانم هاوڕێیەکی نووسەرم لەسەر بابەتێکی نوسیبێ و منیش لەسەری بنووسم، بە دەر لەسەر دزێویی لاسایی کردنەوە، تەنها یەک جاریش ئەووترێت زستان ساردە .. برادەر هەیه سی چل ساڵە ئەڵێ ئەم دەسەڵاتە دەست پیسە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ملیۆنە دزراوەکان زیاد ئەکات، وەک کۆلارەیەکی لێ هاتووە هەتا دەزووی زۆرتر بۆ بەردەیت، زیاتر لێت دوور ئەکەوێتەوە..پێویستە یەک جار دز دیاریبکرێت، جاری دووەم ئەبێ هەوڵی قۆڵبەستکردنی بدەیت یان بێدەنگ بیت ئەگینا ڕەزات قورس ئەبێ و ..نازناوی حاسیبە و موەلیدە و کۆمپیوتەرت لێ دەنرێت واتا لە هاووڵاتییەوە ئەبیت بە ئامێر .. ئەمە یەک ..

دووەمیش نووسەرێکی گەورەی وەک ستانداڵ ئەڵێ :  پێویست ناکات لە نوسینی ڕۆمانێکدا سەبارەت بە جەنگ، چەک و ئەسپ و مەیدانی شەڕ و تەقەمەنیی و تێک بەربوونی دوو سوپا نیشان بدەیت، ئەتوانیت لە ڕێی باری سەرنجی مناڵێکەوە، وێرانکارییەکانی  جەنگ  بنوسیتەوە،  مناڵێک کە هەتیو کەوتووە ..مناڵێک کە ئەگری .. مناڵێک کە وازی لە یاریکردن هێناوە.. مناڵێک کە خۆی ئەشارێتەوە ..مناڵێک کە چیدی داوای شیرینیی ناکات ..داوای ڕۆژانەکەی ناکات ..کە چی دی ناڕوات بۆ مەکتەب .. ئەو وێنانە زۆر کاریگەرترن تا ئەوەی ڕاستەوخۆ بچیتە ناو مەیدانی شەڕ و خوێنڕشتنەکانەوە کە لە هۆمیرۆسەوە تا ئێستا ئەوەندە باس کراون، بوون بە خەڕەک ..

هەر بۆیە منیش بە ڕاستتری ئەزانم  لە جیاتی باس لە ڕێکەوتنی سێ قۆڵیی مەدینە بکەم، باس لە بارودۆخی فەرمانبەرێکی شاری سنە بکەم کە موچەکەی پێنج ملیۆن تمەنە و ..ئەو ڕێکەوتنە نرخی تمەنی ئەوەندەی تر شکاندووە و سەد دۆلار بۆ زیاتر لە 22 ملیۆن تمەن بەرز بۆتەوە، ئاخر ئەی موچەی پێنج ملیۆن تمەن، کە 23 دۆلار ئەکات، لە مانگیکدا چیت پێ بکڕم و چۆن چونی خێزانێکت پێ بەڕێوە ببەم ؟؟

+ وشەی کاک یان بەڕێز بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو ڕێز و وەفا و پیاوەتییەیە کە خاوەنەکەی بەرامبەرمان کردوونی.. نیشاندانی ڕێزە بەرامبەر کەسێک ڕێزی لێگرتووین و کارئاسانی بۆ کردووین یان بە لایەنی کەمەوە زوڵم و غەدری لێ نەکردووین، ئاخر لە سەردەمێکدا ئەژین کەسێک زوڵمت لێ نەکات، جێگای ڕێزە و ..فەرمانبەرێک لە کاتی خۆیدا ئامادەی دەوامەکەی بێت و کارەکانی ڕاپەڕێنێت، جێگای سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە..خۆ ئەگەر ئەو کەسە بەدەر لەوەی بێ زیانە و کاری سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات، خێرخواز و بەوەفا و کارئاسانکەر بێ بۆ چواردەورەکەی، ئەوە شایانی  ڕێز و پەیکەر و هەموو جۆرە نازناو و پێشگر و پاشگرەکانی ڕێزە به ناوەکەیەوە ..

بەڵام کەسێک زوڵمی لێکردوویت، هەراسانی کردویت، ژیانی لێکردوویت بە ژەهری مار، داهاتووی خۆت و خێزانتی وێران کردووە، بێ هیوا و دڵتەنگ و توشی سەد نەخۆشی دەروونیی کردوویت، بۆچی پێی دەڵێیت بەڕێز ؟ بۆچی پێی ئەڵێی کاک ؟؟ لە هەموو جیهاندا کەس بە هیتلەر ناڵێ مستەر هیتلەر ..مستەر مۆسۆلینی ..مستەر هیرۆ هیتۆ ..مستەر ستالین .. مستەر جەنگیزخان یان بەڕێز هۆلاکۆ ..چونکە ئەوانە دەستیان بە خوێنی مرۆڤایەتیی سوور بووە..بە پێچەوانەوە بەوانەی کە خزمەتیان بە مرۆڤ کردووە، نازناوی بەرز بەخشراوە، بۆ نمونە نازناوێ (سێر sir ) کە پلەیەکی ڕێز و پێزانینی کۆمەڵایەتییە ئەدرێتە ئەکتەرێکی وەک شین کۆنری یان جیریمی ئایرۆنز ..کەچی بەرلسکۆنی کە سەرۆکێکی ملیاردێری ووڵاتێکی وەک  ئیتاڵیایە، هیچ نازناوێکی ڕێزی پێنادرێت و لەبەرامبەر بێڕەوشتییەکانیدا کە ڕابواردن بووە لەگەڵ کچە گۆرانیبێژێکی مەغریبیی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ،  سزای هەفتەیەک شەقام پاککردنەوەی بەسەردا ئەسەپێنرێ و لە سەرۆکایەتیی لادەدرێت و کاتێکیش کە ئەمرێ ناکرێتە هەواڵێکی گرنگ و لە یاد ئەکرێت..ئایا ئەگەر ئەو سزایە بەسەر سیاسییەکانی ئێمەدا بسەپێنرێ، ئەبێ هەتا چەند ساڵ شەقامەکانمان بریقەیان لێوە بێت؟

++ شتێکی تر هەیە، من زۆر بێزار ئەکا، ئەویش سێڵفییە ..  بەرپرسێ، وەزیرێ، شاعیرێ، مردوویەک شتێ ئەبینێ، یەکسەر سێڵفییەکی لەگەڵدا ئەچرکێنێ ..ئەمە پێی ئەوترێ ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش .. هەیە چل ساڵ پێش ئێستا وێنەیەکی لەگەڵ سەرکردەیەکدا گرتووە، ئیتر ماڵەکەی و واڵەکەی و وەتس ئەپەکەی و ماسنجەرەکەی و تیکتۆکەکەی و سناپەکەی و هەرچی شتی هەیە لەو ڕەسمەی هەڵکێشاوە..ئەمە چەتاڵکردنەوەی کەسایەتیی مردووی خۆیەتیی بەو سەرکردەیەی کە بە ڕای خۆی نەمرە و کاریزمایە، وەک چۆن پاترییەکی مردوو بە پاترییەکی تازە چەتاڵ ئەکرێ ..

هەندێ جاریش بۆ دەرخستن و خۆ بردنە پێشەوە  و خەڵک ترساندن و سنگدەرپەڕاندن ئەو سێڵفییانە بەکار ئەهێنن..

بەڵام لە ڕاستیدا چرکاندنی سێڵفی لەگەڵ کەسێکی سیاسیدا، بەڵگەی سەر و مڕی چڵکاو خۆریی  و بودەڵەیی و هیچ لە بارانەبوونە..ئەم سێڵفیگرتنە  لە جیهاندا کاری مناڵ و هەرزەکارەکانە کە داوا لە کەسە بەناوبانگەکانی وەرزش و سینەما و ڕاگەیاندن دەکەن وێنەیەک بچرکێنن، واتا کارێکی مناڵانەیە و لای ئێمە بووە بە کاری پیاوە ملپانە تەنگە ئەستوورەکان ..

لەوەیش ناخۆشتر، کاتێ شاعیرێ یان کەسێکی بەهرەداری پەڕاوێز خراو، کە ساڵەهای ساڵ کەسێک لە دەرگاکەی نەداوە و چایەکی لەگەڵدا نەخواردۆتەوە و پیاسەیەکی لەگەڵدا نەکردووە، توشی کارەساتێک ئەبێ، یەکسەر سێڵفیچێکان لە چواردەوری کۆدەبنەوە و دەست ئەکەنەوە بە چرکاندنی وێنەی سێڵفی لەگەڵیدا، چونکە لەو ئان و ساتەدا فۆکەسی ڕاگەیاندنەکان لەسەر ئەو پیاوە بەهرەدارە کارەساتبارە قوڕبەسەرەدایە، ئێ چۆن ئەبێ ئەو هەلە زێڕینە لە کیسی سێڵفیچێکان بچێ؟ ئیتر هەرچی تۆڕی کۆمەڵایەتیی و پێگە و ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکانە پڕ دەبن لە وێنەی کاکی سێڵفیچیی لەگەڵ شاعیرە یان هونەرمەندە کارەساتبارەکەدا، وەک لەم ڕۆژانەدا لە مەرگی هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیردا ئەیبینین بۆ نمونە.

+++ ساڵەهای ساڵە ئەکەوینە ناو چاڵ و قۆرتی ڕێگاکانی ناوشارەوە، ئەوەیش فیدباکێکی ترس و خەمی لەلادروستکردووین، وەک چۆن ووتراوە مارانگاز لە گوریس ئەترسێ و ئەپرینگێتەوە.. یان وەک بیردۆزەکەی پافڵۆف، لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، سەگەکە دەمی لیکی دەکرد، چونکە پێشتر چەندین جار لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، خواردنی دەدایە سەگەکە..

ئێمەیش وامان لێهاتووە چاڵ و قۆرتەکانی  شەقامەکانی ناوشار و دەرەوەی شاریشمان لەبەر کردووە، چونکە ئەرکی چاککردنەوەی شەمعە ودەبڵ و ڕۆت  و بۆڵد و تەبەڵە و بۆڵبڕین ئەوەنە سوک و ئاسان نییە هەتا وەک پۆلە وەنەشە و لێگزسی بەرپرسە ماندوونەناسەکان بێ ماندوو بوون و بێ خەم و ماندوونەناسانە لەو چاڵ و قۆرتانە بدەین.

ئەرەوەڵڵا لە سورەتی فاتیحا و سروودی شاخی سەوز و بەرزی گۆیژە، باشتر و ڕەوانتر تاسەکانی شارم لەبەر کردووە .. ئەوەی بەردەم خەستەخانەی جمهوریی، ئەوەی پشت عەلی کەمال، ئەوەی بەردەم دوکانەکانی سەرچنار ،بەردەم باخچەی ساوایانی ئیسکان، بەردەم و پشتەوە و تەنیشتی مزگەوتی حاجی جەلالی ئاسنگەر و ...زۆری تر ..

ئەمڕۆ لەبەردەم  پیتزای یەمی یەمیدا بەخێرایی سەیارەکەم ڕاگرت، کوڕەکەم ووتی باوکە ئەو ئیستۆپە چی بوو؟ 

ووتم ڕۆڵە ئەی چاڵ و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمیە، ئەی نابێ خۆمی بۆ ئامادە بکەم ؟

کوڕەکەم ووتی دوو هەفتەیە چاککراوە، تۆ جوان سەیری بکە ..

ووتم ئەزانم .. بەڵام تۆ ئەتەوێ بیرەوەریی و برینی دە دوانزە ساڵ بە قیرتاوی دوو هەفتە یەکسەر بسڕێتەوە و نەمێنێ ؟؟

وەڵاهیی تا دوو ساڵی تر  لە خەویشدا بە بەردەم یەمی یەمیدا بڕۆم ئیستۆپێکی بۆ نەگرم دڵم ئاو ناخواتەوە و هەست ئەکەم بێ حورمەتییم بەرامبەر بە ماشێنەکەم کردووە ..

چاڵێک یان هەر شتێک بچێتە ناو بیرەوەرییەکانەوە زۆر بە زەحمەت لا دەچێ و ئەسڕێتەوە، هەر بۆیە لەو وڵاتانەی مرۆڤی مۆدێرنیان تێدا ئەژی و مرۆڤدۆست بەڕێوەیان ئەبەن، بچوکترین چاڵ و قۆرتی ڕێگا، لەماوەی 24 سەعاتدا چارەسەر ئەکرێ، من خۆم لە تورکیا ئەو خزمەتگوزارییەم بینیوە پیکابێکی بچوکی سەر داخراوە، لێی نوسراوە بەلەدییەسی، ئەو قۆرت و شکانی شایگەری شۆستە و شتە ووردانەی لەو ڕۆژەدا ڕوویان داوە، بە شەودا فریاگوزاریی خێرایان بۆ ئەکرێت و چاک دەکرێن بە ئەرکێکی کەم و تێچوویەکی کەم، لە کاتێکدا لای خۆمان کە قۆرتێکی ڕێ دروست ئەبێ و خشتێ ئەجوڵێت، بۆ شەوەکەی بەرپرسەکان لە یانە شەوانەکانا خەریکی فریاگوزاریی مێشک و گەدەی خۆیانن، هەتا ئەو قۆرت و خشتە شکاوانە، گەورە و گەورەتر ئەبن و .. بە بودجەیەکی زەبەلاح کە نیوەی بۆ چاکسازیی گیرفانی خۆیانە، پینە و پەڕۆی دەکەن ..ئە چاکسازییە لە کاتێکدایە، تازە ئەو چاڵ و قۆرت و ناشیرینیانە بۆ هەتا هەتایە چوونەتە ناو کڕۆمۆسۆم و یادەوەرییەکانمانەوە و قەت لە یادمان ناچنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×