پرسیارێک

قادر حەمەکەریم
  2020-05-25     602
ئەرکی گرنگی دادوەران تەنها لە جیاکردنەوە وزیندانی کردنی تاوانباران لەدوری کۆمەڵگا و پاراستنی گیان و شومەکی هاوڵاتیان نیە. هەروەها چاودێری بەرنامەی ڕاهێنانیانی زیندانیکراوان لە زیندانیشدا دەگرێتەوە. بڕیاری تێڕوانین لەهەڵسوکوەتی سزادراوان  لە لایەن تاکی پڕۆفیشیناڵەوە تا ڕۆژی ئازاد کردنیش هەر ئەرکی دەستگای دادوەریە.
ئەنجومەنی دادوەرانی هەر شارێک کە لە ژێر چاودیری ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کارەکانی ڕادەپەڕێنێت، لە هەمو بڕیارێکی سزادان، یا ئازاد کردنی  تۆمەتباران  بەرپرسن. هەردەست تێوەگلاندنێکی دەستەڵات جگە لەبەزاندنی سنوری دەستەڵات و بێ ڕێزی لە سەروەری یاسا  لە لایەن دەستەڵاتەوە، بە بێ ڕێزیەکی دیاریش بەرامبەر دەستگای دادوەری لەلایەن خودی دادوەر/دادوەرانەوە دەژمێررێت.
دادوەری پیشەیی و دڵسوز بە کارەکەی هەرگیز ڕێگا بە هیچ هێزێک  بۆ گۆڕینی سزا یا هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی پرۆسەی دادگا  نادات. بەمەش ڕۆڵی دادوەر  لە پیشەکەیدا بەرز دەنرخێنرێت. لەلایەکی تریشەوە دادوەر ڕێز بۆ خۆی و سوێندەکەی کاتی بڕوانامە وەرگرتنیشی دادەنێت.
جێی داخە لە سەرەتای دەستبەکاربونی حکومەتی هەرێمی کوردوستانەوە پێشێلکردنی یاسا ، سنوربەزاندن شتێکی ئاسایی بوە. زۆر بێ تاوان بە تۆمەتی هەڵبەستراوی قێزەونەوە تیرۆرکران، ڕاونران یا لە کونجی زیندان خزێندران و تاوانبارەکانیش بە بڕیاری دادوەر بێ تاوان ناسێنران.
نوێترین بڕیاری دژ بە هەمو یاسایەکی سیڤیل بریاری دادوەر بە لێپرسینەوە و کردنەوەی کێس بۆ گیراوانی خۆپیشاندانی دهۆکە. خۆ پیشاندانی سیڤیل نەک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بەڵکو لە زۆر وڵاتی تازە هەڵکەوتویش مافێکی ئاسایی مرۆڤە. خۆ ئەگەر دۆخێکی ترسناکی تایبەت(شتی وا لە ناودا نەبوە لە دهۆک) لەئارادبو، ئەوا دەستگا ئەمنیەکان تەنها بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەکەن و کەس بە تۆمەتی هەڵسوڕێنەری خۆپیشاندان ناگیرێت.یەم کارەی دادوەری بڕیاردەر جێی شەرمە  و هەمو ئەنجومەنی دادوەری لە د‌هۆک و کوردوستان نابێت بێدەنگبن.
چاودێریکردنی پیشەیی کاری پەڕلەمان و هەڵبژاردنەکان کاری ئەنجومەنی دادوەرانە نەک (کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان) کە نوێنەری پارتە سیاسیەکانن و بە بڕیاری مەکەتەبە سیاسیەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن نەک پەرژەوەندی گشتی. کەم و کوڕی یا بێگەردی پڕۆسەیەک تەنها لالەیەن گروپێکی پیشەیی بێلایەنەوە دروستە نەک نوێنەری خودی هەڵسوڕێنەرانی پڕۆسەکە کە تەنها لە هەوڵی پاراستنی پەرژەوەندی پارتەکایاندان. هەروەها چاودێری کاری دەستگای بەڕێوەبردنیش  ئەرکی ئەنجومەنی دادوەرانە. هەر ئەو چاودێریە لە سەرهەڵدانی سەرپێچی ، گەندەڵی و دزی دارای گشتی بەربەست دەبێت. هەروەها لە سەرهەڵدانی جینێکی کەمینەی خوێن مژی زۆرینە بەربەست دەبێت.
هەر دادوەرێک کارەکەی بە پیشەیی لە دادگاکاندا نەبرد بەڕێوە، نەیتوانی ڕێگربێت لە سەرهەڵدانی قۆرخ کەری ژیانی ئاسایی و دزی گەورە ئەوا لاوازترین بڕیاری دروست دەست لە کار کێشانەوەیە.
ئەگینا شەریکی تاوانبار، دز و گەندەڵ دەبن.
پرسیارەکە:
ئایا ئەنجومەنی دادوەری کوردوستان سەربەخۆو پیشەییە؟ 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×