مێینەی کورد لەتاراوگە.. لەزیندە بەچاڵەوە بۆ زیندە بەماڵ

دلێر محەمەد نوری
  2020-06-09     800
"واذا الموؤدة سئلت، باي ذنب قتلت..." 
ئەگەر پرسیار لە کچە زیندە بە چاڵکراوەکە کرا، لێی بپرسن لە سەر چ تاوانێک وەها کوژرا... ئەمە ئەو ئایەتە پیرۆزەیە کە باس لە زیندەبەچاڵ کردنی کچانی سەردەمی جاهیلییەتی جزیرەی عەرەبی ئەکات. لەو کاتەدا هەر ژنێک دەکەوتە سەر ژانی مناڵ بوون، مێردەکەی ئارامی لە بەر دەبڕا لە ژێر دەوارەکەی ئەوبەر لەگەڵ یەکەم هەناسە وقریشکەی مناڵی تازە بوودا، یەکێک هەواڵی (کوڕ یان کچ) لەدایکبوونیان بۆ دەهێنا. ئیتر ئەگەر کوڕ بووایە ئەبوو بە ئاهەنگ گێڕان، خۆ ئەگەر کچیش بووایە دەست ئەکرا بە بیرکردنەوە لە پیلانی زیندەبەچاڵ کردن. ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە لەو سەردەمەدا کوڕ نیشانەی هێز بوو بۆ خێزان و کچیش دەبووە مایەی شەرمەزاری و هەتککردنی شەرەفی خێزان.
ئەگەر چی بە هاتنی ئایینی ئیسلام لە هەنگاوێکی بوێرانەدا ئەم کارە قەدەغە کرا. بەڵام لە جێی چاڵ (ماڵ)ی کرد بە زیندانە هەمیشەییەکەی کچان. جگە لەوەش دەیان حوکم و یاسا و ڕێسای جیاکەرەوەی ڕەگەزیی هێنایە دونیایەوە، هەر بۆیە لەو ڕۆژگارە بە دواوە (کچ بوون) بووە بە تەوقێکی گەورە بە ملی خێزانە موسڵمانەکان و کچان خۆشیانەوە، کە زۆرجار شکاندنی ئەم تەوقە بە کارەساتی دووبارە کوشتنی کچەکان کۆتایی دێت، بەڵام ئەمجارەیان لە بری زیندەبەچاڵ کردن بە مناڵی نا، بەڵکو  بە گەورەیی دەکوژرێت و لاشەکەشی ناشاردرێتەوە، بەڵکو لە دۆڵێکدا یان چۆڵێکدا یان لە ئاودا فڕێ دەدرێت. لەو ڕۆژەوەی ئەم یاسا و ڕێسایانە بە سەر گەلانی موسڵماندا سەپاوە، ژن بووە بە کێشەی خودی ئایینەکە و ئایینزاکانیش. هەروەها جەدەلی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە. جێی خۆیەتی ئیشارەت بە کۆپلە شیعرێکی جوانی شێرکۆ بێکەس بدەم کاتێ لە زاری ژنێکەوە کە داد بۆ خوا دەبات و دەڵێت:
«...گەورەی گەردوون، ئادەم بەس بوو دروستیکەی، بە بێ حەوا، بۆ جووت بوون و زاوزێش، ئەی گەورەی گەورە، هەر لە ڕانی ئادەمدا خۆی کونێکت تێکردایە وەکو ڕەحم و ئەم هەموو سەرئێشە زۆرەی ئەمڕۆت نە تووشی ئێمە ئەکرد و نە ئەیشبووە مایەی سەرئێشە بۆ خۆت...» ئەم دێڕە شیعرە، قسەی دڵی زۆربەی مێینەی کوردی ئەم سەردەمەی و پێمان دەڵێ مێینەبوون هێندە بارێکی گرانە بە سەر شانی خاوەنەکانیانەوە کە ئاوات بخوازن بە نەبوون.
لە بەدبەختیدا، کوردیش یەکێک بووە لەو میللەتە هاوسنورانەی  سەنتەری پەیدابوونی ئەو ئایینە، جا بە هەر شێوەیەک بووە دەرئەنجامی هێرشی فتوحات، ئەم ئایینە نوێیەی خستۆتە جێی ئایینەکەی باوباپیران. یەکێ لەو رێسایانەی ئایین کە کورد زۆر کارایە لە جێبەجێ کردنیدا بەبێ ئەوەی پابەندی زۆربەی پایەکانی دیکەی ئایینش، ڕێساکانی تایبەت بەکۆتکردنی ژنانە. جا هۆکاری ئەمە چییە کە نێرینەی کوردی نوێژ نەکەرو مەست و بێ دین و بەدینیشی وەکو یەک یاساو ڕێسکانی کۆتکردنی ژنانیان بەدڵەو کۆکن لە سەری. ئەوە بۆ خۆی جێی سەرنجدان و لێکۆڵینەوەی تایبەتە. هەر بۆیە باشترە بچمەوە سەر بنەچەی مەسەلەکە و خۆم لەو باسە لا بدەم.
جا لە پێناو درێژە نەدان دەچمە ناو ناوکی باسەکەوە و بە پرسیارێک دێمەوە سەری دێڕ:
ئایا مێینەی کورد لە تاراوگە ئازادن؟
بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارێکی لەو جۆرە و دوورکەوتنەوە لە کەوتنە هەڵەوە، هەرگیز ناتوانین بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدەینەوە، بۆیە هەندێ زانیاری و ڕاستی ئەخەینە ڕوو کە دواجار خوێنەر ئەتوانێ وێنەیەک لە زیهنی خۆی بۆ وەڵامدانەوە بەرهەم بێنێ.
کوردەکانی تاراوگە جیاواز لە هەر ڕەوەندێکی دیکە زۆر پەرت و جیاوازن لە بیرکردنەوە و ڕوانینە ڕەگەزی مێینە و ڕەنگە تاکە شتێ کۆیان بکاتەوە تەنها سنوردارکردنی ئازادی ژنان بێت، جا هەر کۆمەڵە و بە جۆرێک. کوردەکان دەڵێی میللەتی جیاوازن و بە پاشخانی کولتوری جیاوازەوە هاتوون.  بەڵام ئەمە کاریگەری گەورەی لەوەش نەکردووە کە جیاوازی تێڕوانینیان بۆ مێینە  زۆر جەوهەری بێت بەڵکو ڕووکەشن و لە سنوری هەندێ ئازادی جل و بەرگ لەبەرکردن و ڕادەربڕینی سنوردار تێنەپەڕیوە. بگرە زۆربەی هەرە زۆری کوردانی تاراوگە بە گشتی ئارەزوو دەکەن مێینەی نێو ماڵەکانیان  گوێ ڕایەڵ و دەست و پێ بە کۆت و زنجیر بێت.
بۆ ئەوەی بێمە سەر کێشەکانی مێینە لە ئەوروپا هەق وایە هەندێ جیاوازی لە نێوان ژیانی مێینەی کورد لە کوردستان و لە تاراوگە بکەم و وە بەر لەوەش دەبێت بزانین بە لای نێرینەی کورد بە تایبەتی و بە لای خێزانی کوردەوە  بە گشتی، چ شتێک  پێوەرە بۆ مێینەی باش و خراپ؟
بە ڕای من لە ناو خانەکانی مێشکی زۆرینەی نێرینەکانی کورد وا هەڵکۆڵدراوە کە مێینەی ناو خێزانەکانیان:
١/ دەبێت بەو جۆرەی لای خوارەوە بێت (کە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبوو بە سەریدا).
 ٢/ پێویست دەکات بەو جۆرەی لای خوارەوە بێت (کە ئەگەر دەسەڵات نەبوو، ئەوا بە هەوڵ و کۆشش و ئامۆژگاری کردنیان).
٣/ وا باشە بەو جۆرەی لای خوارەوە بێت (کە ئەگەر دەسەڵات نەبوو و ئامۆژگاریشت لێ وەرنەگیرا و ئەوا تەنها لە دڵەوە ئاواتەخواز دەبن کە مێینەیەک پەیدا بکەن کە بەو جۆرەی لای خوارەوە بن).
جا پێوەرەکانی زۆربەی نێرینەکانی کورد بۆ ئەرک و فەرمانی مێینەکانی خێزانەکانیان ئەمانەن:
ا/ ئازادی جووڵە و گەشت کردن:
دەبێت مێینە چوونە دەرەوەی (بەتەنها) یان نەبێت یان سنوردار بێت هێندەی مەودای بینینی نێرینەکانی خێزان و مەودای دەست و دەسەڵات گەیشتنیان بەو جێگەیە.
ب/ زانیاری وەرگرتن:
نابێت مێینەکان هەرگیز زیاتر لە نێرینەکان  بیر بکەنەوە و زیاتر بزانن و باشترە نەفام بن یان هێندە بزانن و فێرببن کە هێزی کاریگەرییان بە سەر تێڕوانینی نێرینەکانی هەمان خێزان نەبێت.
ج/ تێکەڵاوی و ناسینی کەسانی دیکە:
 نابێت مێینەکان هیچ کەسێکی نەناس بناسن لە ڕەگەزی نێرینەی دیکەو دەبێت تێکەڵاوی نەناس نەکەن و نەیاندوێنن بەهیچ شێوەیەک یان هێندەی سڵاوکردن لە دراوسێیەک و یارمەتی دانی پیرەمێردێک زیاتر نەبێت.
دێ/ دەسەڵات و دارایی:
ئەگەر لەبەر ناچاری دارایی نەبێت، نێرینە هەمیشە پێی خۆشە تەنها کاری مێینە ماڵ و مناڵ بێت، چونکە دوانەی دراوو دەسەڵات بە یەکەوە گرێدراون و دەسەڵاتدانە مێینەش واتا بەتاڵ کردنەوەی هەموو ئەو خاڵانەی دیکە.
هەموو ئەمانەش بە واتای ئەوە دێت کە تۆ دێیت بە یاسای ئایینی، کە دواجار دەبێتە بەشێک لە کولتور و یاسای کۆمەڵایەتی،  مێینەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە هیچ شوێنێک لەو دیو ماڵەکەی خۆیەوە شارەزا نابێت و هیچ کەسێکی غەیری خێزانەکەی و دراوسێکەی ناناسێت و هیچ زانیارییەکی جگە لە سنوری چواردیوارەکەی ماڵ نابیستێ و خاوەنی پارەی خۆی و دواجار دەسەڵات و بڕیاردانیش نابێت. ئاینێک خۆی مێینەی وەها بەرهەم ئەهێنێت و هەر خۆیشی پێی ئەڵێت (ناقص العقل، ناقص الايمان، لا تولوا امورکم لامرأة، ضعيفة، خلق من ضلع اعوج،   ...الخ) واتا( كەم عەقڵ، کەم باوەڕە، کاری خۆتان مەخەنە ژێر دەستی ژن،  لاوازە،  لە پەراسویەکی خواری پیاو دروستکراو،.. هتد).
ڕەنگە ئەم یاساو ڕێسایە لە نێوخۆی وڵات زۆر ئاسانتر جێ بە جێ بکرێت بە سەر مێینەکان دا و جێی خۆیشی بە کەمترین کێشە بگرێت. چونکە بیرکردنەوەی باو لە نێوخۆی وڵات و سانسۆری مزگەوت و پیاوانی ئایینی و پەروەردەی خێزان و قوتابخانە و بیرکردنەوەی پیاوان و دەزگاکانی دەوڵەت و تەنانەت یاسا و ڕێساکانی باری شارستانیش هەر هەموویان کۆک و ڕێکن لە سەر ئەو چوار خاڵە بە گشتی بۆ سنوردارکردنی جوڵە و پەلهاویژتنی مێینە و پەی بردن بە زۆربەی ئەو لایەنە شاراوانەی ژیان کە پیاو ڕۆژانە بۆی ئاشکرا دەبن.
 بۆ نموونە مێینەیەک هەرگیز ناتوانێ بخواتەوە بە ئاشکرا وەکو نێرینەیەک و نیوە شەوێکی درەنگ بە تەنها و بە مەستی لە مەیخانەیەکی شارەوە بە لاکە لاک، ملی ڕێگەی ماڵ بگرێتە بەر چ بە پیادە یان بە تاکسی، لە بەر ئەوەی باڕمەن و بۆی و شۆفێر و پۆلیس و ڕێبواران و کەس و کاریش هەموویان وەک بەدڕەوشتێک تەماشای دەکەن، ئەگەر دەستدرێژیشی بکرێتە سەر، دەستدرێژییەکە وەکو پاداشتێکی لە جێی خۆی و بە شایەنی دەزانن. مێینەکانیش لە بەر ئەوەی ئەو حوکمە زۆر بە باشی لە پێشەوە دەزانن و لەبەرچاویانە، جۆرێک لەڕەزامەندی نیشاندانیان هەیە بۆ ئەو بیرکردنەوانە و جۆرە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنێکیشیان هەیە لە سەر ئەو مەسەلانە. مەگەر زۆر بە  دەگمەن دەنا مێینەی نێوخۆی وڵاتانی ئێمە، هەمیشە خۆ دەپارێزن لە هەموو ئەو سەرێشانە و بە ڕادەیەکی باش ئەو چوار خاڵەی سەرەوە جێ بە جێ دەکەن لە گەڵ هەندێ جیاوازی زۆر کەم لە ناوچەیەکی کوردستانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە. یان لە لادێ و شارۆچکەوە بۆ شار. نێرینەی ماڵیش هەمیشە بێ ترس بڕێک ئازادی دەدات بە مێینەکان وەک ئەوەی لە ئێوارەیەکدا لە گەڵ هاوڕێیەکدا تا بازاڕ یان مۆڵ یان ساڵۆنێکی جوانکاری بچن. گەر کەمێک دوورتریش بڕۆین تا یانەیەکی وەرزشی یان مەلەوانگەیەک بچن. چونکە دەزانێت دواجار لە دەرەوەی ماڵ هەموو نێرینەکانی دراوسێ و پۆلیس و شوێنە گشتییەکان و تەنانەت دادوەرەکانیش ئەرکی سانسۆری نێرینەی خێزانیشی دەگێڕن و دەرئەنجام مێینەکانیش هەر خۆیان بەر لە کەوتنە درەنگ وەختەوە خۆیان بە هەڵەداوان دەگەیێننە ماڵەوە.
کۆی ئەم پڕۆسەیە و هاوشێوەکانی دەتوانین پێی بڵێین سانسۆری کۆمەڵایەتی. سانسۆری کۆمەڵایەتی کە پێکهاتووە لە سانسۆری خێزان و مزگەوت و قوتابخانە و دەزگا دەوڵەتی و تەواوی نێرینە و بەشێک لە مێینە هاوئاوازەکانیان، هەمووان کارێکیان کردووە مێینە هەم جۆرە ئازادییەکی هەبێت و هەم سنورداریش بێت. ئەگەر بە نموونەیەک بیرۆکەکەت لا ڕوون بکەمەوە کە مەبەست لەم نموونەیە لێکچوواندن نیە بەڵکو نزیکخستنەوەی خوێنەرە لە بیرۆکەکە....
ئەگەر تۆ مێگەلە مەڕێکی گەورە بهێنیت لە لەوەڕگایەکی پەرژین کراوی فراواندا ئازادانە بلەوەڕن و بەڵام شوانێکی دڵڕەق و چەند سەگێکی دڕ هەمیشە چاویان لە سەریان بێت، هەر مەڕێک لە پەرژینەکە ترازا گورج بە حەپەی سەگ و بەردە فڕکێی شوانەکە ئەیخەنەوە ئەم دیو پەرژینەکەوە، کەواتا مێگەلەکە ئازادن و ئازادیش نین لە هەمان کاتدا.
خوێنەری بەڕێز هەتا ئێرە بیرۆکەیەکی گشتیت لە مەڕ دۆخی مێینە لە کۆمەڵگای کوردی پێگەیشت، لە سایەی ئەو لێکتێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بزانین کە ئەگەر خێزانێکی کورد ڕووی لە تاراوگە کرد دۆخی مێینە چی لێ بە سەر دێت؟ بەڵام بە گشتی وێنەکە بۆ مێینەی کوردی تاراوگە بە شێوەیەکە سانسۆرەکە چڕ دەبێتەوە لە خێزان و تەواوی سێکتەرەکانی دیکەی کۆمەڵگا دژ بە سانسۆری خێزان کار دەکەن. مێینە لێرە ئەکەوێتە نێوان هەڵبژاردنێکی قورسەوە لە نێوان سانسۆری توندی خێزان و ئازادی ڕەهای کۆمەڵگا و دەوڵەت.
مێینەی کورد هەموو ئازادییەکانی نێرینە بەڕوونی دەبینێت، هەرکاتێک بروا بەرەو ڕوویان سەری بەر دیوارێکی شووشەیی دەکەوێت و لەجێگەی خۆی دەمێنێتەوە، جا هەتا ئازادییەکان لە دەرەوە فراوانتر و سانسۆر کانی دەرەوەی ماڵ کەمتر بن یان نەبن ئەوا دیوارە شووشەییەکەی خێزان پتەوتر دەبێت بە ڕووی مێینەدا، ئائەمە حاڵی زۆرێک لە کچان و ژنانی ئەوروپایە.
لەم ساڵانەی دوایی و لە ئەنجامی هاتنی ڕەوەندێکی زۆر لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانەوە بۆ ئەوروپا و ڕۆژئاوا. ئەوروپییەکان و بە تایبەتی وڵاتی نەرویج ئەوەی من کەمێک زانیاریم لە بارەوە پەیدا کردبێت، دەرئەنجامی بەرکەوتن لە گەڵ ڕەوەندی ئەو وڵاتانە بە گشتی و کورد بە تایبەتی، گەلێک لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە و زانیاری و ئاماریان کۆکردۆتەوە و سیمینار و پانێڵی فراوانیان بۆ گێڕاوە،  سەبارەت بە کولتور و  جۆری بیرکردنەوە و پاشخانی کۆمەڵایەتی و ئاینیان. بۆیە دەبینین دەیان رێکار و هەنگاو نراوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هەم دایکان و باوکان و هەم مناڵەکانیان کە لێرە لە دایک دەبن یان گەورە دەبن. دەیان یاساش بۆ رێکخستنی ئەم پەیوەندیانە دەرکراوە. لێرە هەردوو لای کێشەکەیان بۆ گرنگە، هەم بۆیان کرنگە بەرچاوی باوکان و دایکان ڕۆشن بکەنەوە سەبارەت بە ژیانی نوێیان لە نێو وڵات و کولتور و یاسا و ئایین و خەڵکانێکی جیاواز، وە هەم بۆیان کرنگە مناڵەکانیان لە هەموو فشار و توندوتیژییەکی خێزانی بپارێزن.
جا کورد یەکێکە لەو میللەتانەی بە دوو شتی سەرەکی ناسراوە لێرە، توند و تیژی دژ بە مێینە تا ڕادەی ئازاردانی دەروونی و کوشتن و ئازاردانی جەستەیی لە وێنەی لێدان و خەتەنە کردنی مێینەدا.
هەر بۆیە لە گەڵ  گەیشتنی خێزانێکی کورد بە کەمپی پێشوازی کردن لە پەنابەران، لە دوای هەندێ پشکنینی تەندروستی هەندێ دۆکومێنت بە سەر گەورەی خێزانەکە ئیمزا دەکەن سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە مناڵ و مێینە و خەتەنەکردن. دواتریش تا ساڵێک هەفتانە لە بەرنامەیەکدا بە ناوی پرۆگرامی زانیاری(Informasjons Program) زانیاری چڕ و پڕیان لە بارەی یاسا و ڕیساو جۆری ژیان و مێژوو و باری کۆمەڵایەتی وڵات و خەڵکی نەرویجەوە پێ دەدرێت. لە دوای وەرگرتنی مافی پەنابەریش یەکێ لە مەرجەکانی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی نەرویجی ئەوەیە کە  دەبێت سەرگەورەکانی خێزان لە خولێکی ڕۆشنبیریدا ئامادە بن و لە کۆتاییشدا لە تاقکردنەوەکەشیدا دەربچن. ئەم خولەش لە ژێر ناوی (Samfunns Kunnskap) کە دەکاتە زانیاری کۆمەڵگا، لێرەشدا دووبارە بەشێکی ئەم خولەش تەرخانە بۆ مافی مناڵ و مافی ژنان و ژیانی کۆمەڵایەتی و سێکسی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا. کاتێکیش ئەم پەناهەندانە لە شارەوانییە جۆراوجۆرەکاندا دەژین داوەت دەکرێن بۆ پرۆگرامێکی تایبەتی ئارەزوومەندانە بۆ ئەو باوک و دایکانەی کە خاوەنی مناڵی خوار ١٨ ساڵانن، ئەم خێزانانە لە شێوەی گروپ دادەنیشن لە گەڵ شارەزایەکی پرۆگرامەکە و شارەزایی خۆیان لە پەروەردەی مناڵ دەگۆڕنەوە و شارەزاکەش هەم زانیاریەکانیان بۆ ڕاست دەکاتەوە و هەم ڕێگەیان نیشان دەدات تا بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لە تەک مناڵەکانیان بکەن. ئەو پرۆگرامەش ناوی (ICDP,International Child Development Program). 
ئەمانە و جگە لە دەیان پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و دراما و فیلمی دۆکومێنتکاری لە سەر هەمان بابەت. لە لایەکی دیکەشەوە چاودێری توندی خێزانەکانی دەکەن لە رێگەی تۆڕێک لە دەزگای پێکەوە گرێدراون لە (مناڵپارێز و قوتابخانە و باخچەی مناڵان و شارەوانییەکان و پۆلیس).
 ئەمە جگە لەوەی لە هەمان ئەو کەناڵانەوە بە بەردەوامی مناڵان گۆش دەکرێن بە ماف و ئازادییەکانیان.
  بەڵام ئەوەی جێگەی داخە جگە لە کەمینەیەک نەبێت لە خێزانە کوردەکان زۆرینەی هەرە زۆریان، ئەو زانیاریانە بەکاردەهێنن بە جۆرێکی پێچەوانە و دیبلۆماسییانە لە گەڵ مناڵەکانیان و حکومەت. بە جۆرێک کۆدەکانی حکومەت و دەسەڵاتیان بۆ ئاشکرا ئەبێت و ئەوسا لە بەردەم دامودەزگاکاندا ڕەزامەندی نیشان دەدەن و مناڵەکانیشانیان بە پێچەوانەوە هان دەدەن و واش لە مناڵەکان تەلقین دەکەن بەوەی گەر پرسیاریان لێ کرا لە هەر بارەیە
کەوە ئەوا لە وەڵامدا بڵێن ئەوە ئارەزووی خۆمانە و پەیوەندی بە دایک و باوکمانەوە نیە. بۆ نموونە یەکێ لەو شێوازانەی مناڵی پێ ئەترسێنن ئەوەیە کە ئەگەر بە قسەمان نەکەن ئەوا مناڵپارێز ئەتانبەن و دەتاندەنە خێزانێکی نەرویجی و لەو خواردنە بێ تامانەی خۆیانیانتان دەدەنێ و شەوان بە زۆر دەتانخەوێنن و زۆری دیکەش. مناڵیش بە هۆی سۆزی زۆری بۆ دایک و باوک تا ئەو جێگایەی تێئەکەوێ یان بەرگە ناگرێت لە قسەی باوک و دایک دەرناچێت لە گەڵ ئەوەی لە سەر حیسابی ئازادی و ئارامی خۆشیدا بێت. بۆ نموونە زۆرێک لە کچان بە زۆر و لە مناڵیەوە ڕۆژووی دوور و درێژی وڵاتی نەرویجیان پێ دەگیرێت و بە زۆریش باڵاپۆشی ئیسلامیان لە بەر دەکرێت و لە بەر دەمی مامۆستا و دەزگاکانی دیکە  جا هەندێکیان وای نیشان دەدەن کە ئارەزوومەندانەیە، هەندێکیشیان جل و بەرگی دیکە لە گەڵ خۆیاندا دەبەن و لە قوتابخانە دەیگۆڕن یان بەتەنها لەچکەکەیان فڕێ دەدەن تا کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە.
 زۆرێک لە کچانی کورد لە لایەن باوانیانەوە قەدەغەی مەلەکردنیان لێ دەکرێت لە قوتابخانەدا و تاوانەکەشی دەگرنە ئەستۆی خۆیان نەک دایکان و باوکان.
زۆرێک لە کچان لە ئاهەنگە تایبەتەکانی گەنجان و گەشتە زانستی و گەشتوگوزارییەکانی قوتابخانە بە بیانووی نەخۆشکەوتنەوە یان هەر بیانوویەک ی دیکە بێ بەش ئەکرێن و تاوانەکەشی دەخەنە ئەستۆی خۆیان نەک باوانیان.
ئەمانە تەنها چەند نموونەیەکی سەرتایین لەو جیاکارییانەی کە خێزانە کوردەکان لە نێوان کۆڕان و کچانی خۆیان لە تاراوگە دا دەیکەن. وە لە هەمان کاتدا کوڕانی هەمان خێزان ئازادانە و بە بەر چاوی خوشکانەوە لە هیچ کام لەم چالاکیانە بێبەش ناکرێن، تا ڕادەی هێنانە ماڵەوەی هاوڕێ کچیش(Girl Freind).
بابەتێکی دیکەی گرنگ کە هەقە ئاماژەی پێ بدرێت لەم بەشەدا، ژیانی سێکسی کوڕان و کچانی کوردە لە ئەوروپا. ئاشکرا بێت لە لاتان کە خوێندن لێرە هەتا پۆلی ١٠ بە زۆرە ملێیە و کەس ناتوانێ لێی لادات. قوتابخانەکان لە سەرجەم قۆناغەکان تێکەڵاون و کچان و کوڕان لە باخچەی ساوایانەوە تا وەکو زانکۆ لە پەنای یەکترەوە قۆناغەکان دەبڕن. هەر بۆیە زۆرێک لەو دیوارانەی لە نێوخۆی کوردستان لە نێوان کچان و کوڕاندا هەن لێرە بوونیان نیە، هەر بۆیە ئاساییە کە هەرچی چالاکی مرۆڤانە هەیە بکەوێتە نێوان ئەم دوو ڕەگەزەوە. مناڵان لێرە لە کۆتاییەکانی قۆناغی سەرەتاییەوە وردە وردە ئاشنا دەکرێن بە هەندێ جیاوازی ڕەگەزی و فیسیۆلۆجی نێوان مرۆڤەکان، تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی مناڵان تەواوی زانیاری سێکسیان پێگەیشتووە بەوەی سێکس چیە و بۆچیە و نەخۆشییەکانی کامانەن و چۆنێتی خۆپاراستن لە ئاوس بوون و تەنانەت ڕۆژێک لە دەرسێکی تایبەتدا بۆ گەنجان بە کوڕ و کچەوە فێری چۆنێتی بەکارهێنانی کۆندۆم ئەکرێن و بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە ئەندامی زاوزێی پیاوانەی پلاستیکی بەکاردەهێنرێت. بۆ هەر بابەتێک لەمانە بە دڵنیاییەوە زۆر بە شێوەیەکی زانستی و لە پێناوی تەنها زانین و بۆ بە دەستخستنی زانیاریی دروستە لە بارەی خۆت و بەرانبەرەکەت نەک شتێکی کە. بۆ هەر زانیارییەکیش بە دەلیل و ئارگوومێنتی تەواوەوە بیر و باوەڕی مناڵەکان دەگۆڕن بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە هەر گرێیەکی کولتوری و ئایینی، بەوەی ئەمە بەشێکە لە لەشی ئێوە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لەبارەیەوە بزانن و ببیستن. هەر بۆیە باوەڕم وایە لێرەدا پرسیارێک بە مێشکی خوێنەردا دێت. کە ئاخۆ مناڵێک بەم هەموو زانیاری و زانستەوە ، بە یەک دونیا ئارگومێنتەوە ئەچێتەوە لای دایک و باوکێکی بەتاڵ لە مەعریفە و تەنها ئارگومێنتێکی پێچەوانەی ئەو ئەرگومێنتانەی پێداگۆگە شارەزاکانی قوتابخانە پێیان گەیاندووە ئەوەیە   بۆ مناڵەکانیان، ئەویش بە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە (حەرامە خوا لێت قبووڵ ناکات، عەیب حەیامان ئەچێت لە نێو خەڵکدا یان چۆن شەرم ناکەی شتی وا ئەکەیت)ە.
ئەبێت گەنجان بە تایبەتی کچانی کورد تووشی چ شۆکێک بن بەرانبەر ئاستی مەعریفی دایک و باوکیان و چۆن چۆنی بیر لە کاردانەوەی باوان و کولتور و بیرکردنەوە نا لۆژیکییەکانیان بکەنەوە؟
جارێکیان کچە کوردێک بڕیار دەدات شوو بە کوڕە ئەوروپییەک بکات بە یاسای ئەو وڵاتە، دواتر ئەمە دەبێتە مایەی مشت و مڕێکی زۆر بۆ کەس و کار و دۆستەکانی. کچەکە لە وەڵامدا دەڵێت من باوەڕم بە ئایین نیە بەڵکو باوەڕم بە خوا هەیە کە حەزی لە دڵما دروست کردووە بۆ ئەو کوڕە سوروسپییە بۆیە ئەوەی کردوومە حەڵاڵە. باوەڕم بە داب و نەریت و قسەی خەڵکیش نیە چونکە من بەم کارە بێڕێزیم بەوان نەکردووە و ئەم کارە دڵی من خۆش ئەکات، ئەمەی کردوومە هیچ عەیبەیەکی تێدا نیە، من کەسێکیشم هەڵبژاردووە کە دەتوانێت دڵم خۆشکات، کەواتا شەرمەزارییش نیە، شەرمەزاری ئەوەیە کەسێکی ناحەزت بە سەردا بسەپێنن و بە دەوریشتا هەڵپەڕن.
هەر ئەم کێشەیەشیان بردبووە لای حەکیمێکی خێزانەکە و لە وەڵامدا وتبووی هاوسەرگیری مامەڵەی (حەز گۆڕینەوەیە) گەر کچەکەت لە نێو ئەفریقیەکان دا  بژی ئەگەری هەیە لەگەڵ ئەفریقییەک سەودای دڵگۆڕینەوە بکەن هەر چۆن لە کوردستان شانسی کوردێک زیاترە لە ئەوروپاش شانسی کوڕە ئەوروپییەک زیاترە کە کڕینی ئەو دڵە دڵی خۆی بدات. هەر لە درێژەی قسەکانیدا ووتبووی تۆ ناکرێت شت ومەکێک ببەی بۆ سەودا بۆ بەغدا و چاوەڕێ نەبیت عەرەبێک کڕیاری بێت، با شووی پێ بکات و پیرۆزی بێت.
سەیر و سەمەرەی زۆربەی کوردانی تاراوگە تەواو نابن. ئەم کوردانە پڕ پڕن لە ناکۆکی دەروونی بەرانبەر دوو ڕەگەزی جیاواز بە بیر و هەڵسوکەوتی جیاواز. کەسانێک هەن لەم وڵاتە ڕۆژانە شوکرانەی خوا ئەکەن کە کچی پێ نەبەخشیون و تەنها خاوەنی کوڕن! جارێک یەکێ لەوانەم تووش بوو بەدوایدا دونیایەک دوعا و نزاکەی خۆیان بۆ دووبارەکردەوە. پرسی جەناب خۆ تۆ خوا کچی پێداویت، چۆنە وا پێت خۆشە من کچم نیە؟ لە وەڵامدا وتم ئاخر بۆ ئەوە دوعات بۆ ئەکەم چونکە کچی بدایدایەتێ و دەستت بڕۆشتایە وەکو عەرەبی جاهیلی زیندەبەچاڵت دەکرد، باشتر کە هەر کورت هەیە تا بەری شەرەفت بۆ بگرێت، نەک کچێک ببێتە هۆی شەرەف بردنت!
لە لای زۆربەی خێزانەکانی ئەوروپا کێشەی (کچ بوون و کچ هەبوون) کێشەیەکە ڕۆژ بە ڕۆژ خەمەکەی لە باڵۆنێک ئەچێت لە گەڵ گەورەبوونی کچەکە لە سەر دڵی دایک و باوکدا ئەگەری تەقینەوەی زیاد دەکات. هەر ئەکەونە سنوردارکردنی چالاکییەکانی کچان بەرانبەر بە واڵاکردنی سنورەکان لە بەردەم کوڕاندا. زۆربەی کچان لێرە لە تەمەنێکی کەمەوە ئەبێت زیتەی چاویان بێت بۆ مەلەیەکی کەنار ئاوێک یان مەلەوانگە، ئەبێت لە بەر هەتاوی گەرمی کەنار ئاو بە حەسرەتەوە ئاوات بۆ بە کوڕ بوون بخوازن، نەک دڵخۆش بن بەو پەردەیەی کە پاراستنی بەستراوەتەوە بە پاراستنی کەرامەت و شەرەفی خێزانێکەوە، چونکە ئەوەتانێ براکەی کە زۆر زیاتری لەو پەردەیە پێوەیە و دەیان شەرەفیش بترازێنێ نابێتە مایەی شەرم بۆ خێزان. چۆن ستەم نیە برا بە بەرچاوی خێزانەوە خەریکی شەڕە ئاوە لە گەڵ کچانی هاوڕێیدا، ئەمیش لە باشترین باردا ڕەنگە ڕێگەی بدەن بە جلە داپۆشراوەکانیوە کەمێک تا ئەژنۆی تەڕ بکات! وەک ئەوەی خوا ئاو و هەوا و ئازادی بۆ پیاو دروست کردبێ و تەنها چارشێو و چوار دیواریش بۆ ئافرەت بێت.
هەندێ خێزان مناڵەکانیان لە مناڵییەوە بە رک و کینە بەرانبەر بە نەرویجییەکان بە خێو دەکەن، بەوەی کە پیسن، بەراز ئەخۆن، نەخۆشییان زۆرە، سەگ بە خێو دەکەن، گڵاون،...هتد ئەمە وەکو ڤاکسینیک تێکەڵ بە خوێنی مناڵ ئەکەن تا لە هەموو بیر و هزر و هەڵسوکەوتی ئەوروپییەکان وەکو ماگنێتی وێک جەمسەری لە یەک دوورکەونەوە و هێزی ڕاکێشانیان سفر بێتەوە. زۆربەی ڕەوەندی کوردی لێرە مناڵ بە یەک دونیا گرێ و گۆڵەوە گەورە دەکەن و دەیانخەنە بازاڕی کۆمەڵگاوە، کاتێکیش بەر کۆمەڵگا دەکەون لە دوای قۆناغی سەرەتاییەوە وردە وردە ناڕاست و دروستی وتە و ئامۆژگارییەکانی باوانیان بۆ دەردەکەوێت و لە سەرخۆ رکیان بەرانبەر بە باوان و کولتور و خاک و وڵاتی باوانیش ئەستور دەبێت. سەیرە کاتێ کچان و ژنان ئەدوێنی بۆت دەردەکەوێت زۆر کەمتر لە پیاوان هەستی نەتەوایەتی یان تێدایە و زۆر کەمتر وابەستەن بە کولتور و خاکی کوردەوە. ئەمە هیچمان پێ نەڵێت، پێمان دەڵێت کە وابەستەگی مرۆڤ بە شوێنێکەوە پەیوەستە بەوەی چەند خۆشیت تیا بینیوە نەک چەند ستەمت تیادا لێکراوە. لەولاشەوە باوکانێک هەن لە کاتی توڕە بووندا لە کچەکەی بە بەر خۆیەوە ئەڵێت ئێستا نەیبەیتەوە بۆ کوردستان و وا وای لێبکەیت! بتەوێ و نەتەوێت بەشێک لە بیرکردنی نشتیمان لای پیاوانی ئەوروپاش بۆ کوردستان، بیرکردنی ئەو دەسەڵاتەیە کە ئەوروپا لێی زەوت کردوون.
زۆرن ئەو خێزانانەی کە کچەکانیان بە بیانووی سەردان دەبەنە کوردستان و هاوسەرگیری بە زۆریان پێ دەکەن، وەک رێگرییەک لە وەی نەکا کچەکانیان مومارەسەی مافی سێکسی بکەن لە گەڵ کەسانێکی نەخوازراو لە لای کەسوکار.
  پێت سەیر نەبێت کە نەرویج یاسایەکی بۆ سزادانی تاوانبارانی ئەم کەیسە داناوە.   زۆرن ئەو خێزانانەی ئامادەی گەڕانەوەن بۆ کوردستان و توانای مادی ژیانێکی ئاسودەشیان هەیە لەوێ، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و مناڵ وا گۆشی سیستەمەکەی ئێرە بووە وڵاتی باوانی بە عانەیەک ناوێت. زۆریش هەن بەر لە گەورەبوونی کچەکانیان، بڕیاری گەڕانەوەی کاتی یان بەردەوام دەدەن تاوەکو کچەکانیان جورعەیەک لەو کلتوری عەیب و حەرام و شەرمەی تێکرێت، تا لە پاش گەڕانەوە دیوارێکی لە پۆڵا بە ڕووی کولتورە ئەوروپییەکە بۆ دروست بێت.
کچان لە نێو کۆمەڵگای ڕەوەندی کوردیدا ستەملێکراوترین چینن، لەو ڕۆژەوە ی سنگی کچان وردە وردە گەشە دەکات، ئیتر سانسۆری خێزان دەست پێدەکات، زۆرن ئەو خێزانانەی کچەکانیان بە ئوتومبیل هاتوچۆ پێ دەکەن تا قۆناغی ئامادەیی و بگرە زانکۆش، نەکا لە ڕێی گەڕانەوە ڕاست یان چەپ لە ڕێ دەرچێ، کەچی بپرسیت ئەوە کورەکەت لە کوێیە بە شانازییەوە دەڵێ لە سەفەری کەنارەکانی ئیسپانیایە لە گەڵ دەنکەکەی، ئیدی گەنجە و خۆت دەزانی ڕادەبوێرێ!! وەک ئەوەی کچەکەی نە گەنج بێت و نە خوا دەماری حەز و ڕابواردنیشی تیا چاندبێت.
زۆرن ئەو خێزانانەی لە شانزە و حەڤدە ساڵییەوە داهاتووی خوێندن و کەسێتی کچەکانیان ئەکەن بە قوربانی بە شوودانێکی بە زۆر لە ڕێگەی هێنانی زاوایەکی حازر و لە پاکەت کراو لە کوردستانەوە، زاوایەک کە هیچ ئاشنایەتییەکی نیە بەم کولتورەی ئێرە و هەموو شتێک بە خراپ لێکدەدایەوە و بەمەش کچە جگە لە چوار دیوارەکەی ماڵ دیسان پاسەوانێک رەنگە ئەمجارە بە کەمێک توند و تیژتریشەوەی بۆ تەعین ئەکەن لە ماڵەوە.
کێشەی ئەم جۆرە خێزانە کوردانەی ئەوروپا کاتێ دەست پێدەکات کە مناڵ چ کور یان کچ ووتی نەخێر، جا ئەگەر نەخێری کوڕ و کچ لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵییەوە بەرز بووەوە ئەوا مناڵپارێز و پۆلیس و دادگا ئەکەونە بەینەوە و بۆ هەتایە دایک و باوک چاویان بە مناڵ ناکەوێتەوە و لێرە بە دواوە جۆرێکی دیکە لە کێشە بۆ ئەم مناڵە بێنازە پەیدا دەبێت بەوەی یان لە نێو سەنتەرەکانی مناڵپارێزی یان لە باوەشی خێزانی دووهەمی بەخێوکەر خۆی دەبینێتەوە. لێرەشەوە هەموو ئەو کارانە ئەکات بە ئازادی کە کاتێ لە گەڵ دایک و باوکدا لە سەریان بە شەڕ هات و بوو بە هۆکاری شکات کردن و دەربەدەری.
چەند ڕەوایە خێزان بتوانێت کێشەی مناڵ لە باوەشی گەرمی خۆیدا چارەسەر بکات و کەمێک تێگەیشتنی بۆ مناڵ و بۆ یاسا و بۆ کولتوری سەپاو هەبێت و بە جۆرێک نە شیش بسووتێ و نە کەباب و مناڵ و جگەر گۆشەی خۆیشی نەکات بە قوربانی ئایین کە خۆی زۆر پیادەشی ناکات، یان بە قوربانی کولتوری کوردی (کە لە گۆڕاندایە و ئەوەی ئەمڕۆ بۆی ڕاستە سبەی پێچەوانەکەیەتی) و خەڵکی لە دوای کارەسات زیاتر قسەت لە سەر دەکەن و ئاماژەت بۆ دەکەن، یان بە قوربانی شەرم و حەیا کە کاتێک زیاتر دەچێ و دەتکێ کە مناڵت لە دەست دەرچوو و هەر ئەوەشی کرد کە نەدەویست و ڕێگەی دادگاشی پێ گرتیتە بەر.
ڕەنگە نەبێت هێندەی ڕەوەندی کوردی دەستی سوور بێت بە خوێنی کچ و ژن و خوشکی خۆی لە ئەوروپا بە هۆی شەرەفەوە، دواجار کوردیش هەر بەوە ناسرا، نەک بە سیفەتێکی جوانتر. کورد هەرگیز هێندەی عەرەب و ئەفغانی و پاکستانی ئایین پەروەر نیە و دڵنیاش بن داواکاری کچانی ئەوانیش بە زەڕە لە کچانی کورد کەمتر نیە لە باوکان و دایکانیان، بەڵام دواجار هەر کوردە وەها کچی جگەرگۆشەی خۆی لێ بووە بە بەڵا زیاتر لە هەمووان.
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک لە پاش بە سەربردنی ماوەی زیندانی چەندین ساڵەی تاوانی کوشتنی کچەکەی لە سەر شەرەف، لە دانیشتنێکدا لە گەڵ لێکۆڵەرێکی کۆمەڵایەتی بەر لە دەرچوونی لە زیندان، لێکۆڵەرەکە لێی ئەپرسێت، ئێستا هەست بە چی ئەکەیت و چۆن ئەڕوانیتە هۆکاری ئەو تاوانەی کە کردت؟ ووتی خۆشحاڵم کە لە نیوان کچە بێ ئابڕووەکەم و قسەی خەڵکی، خەڵکم هەڵبژارد. لێکۆڵەرەکەش پێی ووت:
بەر لەوەی بێمە ئێرە چوومە ئەو کۆڵانەی تاوانەکەت تیا ئەنجامدا، تەنها یەک دانە لە دراوسێ کۆنەکانت لە شوێنی خۆیان مابوونەوە، ئەویش ئەو کەیسەی بە هیچ شێوەیەک بیر نەمابوو، با بزانیت تۆ کچەکەت و بیست ساڵی تەمەنی خۆت و خێزانەکەت و هەموو دراوسێکانیشت لە دەستدا بۆیە دەبێ دانیشین و قسە بکەین تا ڕوانگەیەکی تازەت بۆ ژیان بۆ بدۆزمەوە.
لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ئەم دیاردە و نموونانە بەشێکی زۆری کوردانی تاراوگە دەگرێتەوە و ئەوانی دیکەش بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵانسێکیان لە نێوان ئەم دوو کولتورە دۆزیوەتەوە تا پێی بژین، دەنا تاراوگە هەر شادی نیە جگە لە تەنیایی و دووری لە خاک و وڵات بارتەقای دووری وڵاتیش خەمی قورسی لە ئەستۆی خێزانە کوردەکان بارکردووە کە بەداخەوە بەشی زۆری بە ئەستۆی خانمان و کچانەوەیە.
دەڵێن بەردێک نەزان فڕێی بداتە ئاوەوە، بە هەزار زانا نادۆزرێتەوە.
پیاوێکی کورد لە کۆڕێکدا لە وەسفی کوڕدا وتبووی، هەر کوڕت ببێ باشە، تۆ تەماشا کە کلیلی کوڕ چەند قفڵی کچ بکاتەوە تێکناچێت، بەڵام قفڵی کچێک کە کرایەوە ئیتر هەرچی کلیلە بۆی دەبێت. کوردێکی ماڵوێران لە سەدەی بیست و یەکدا و لە ناو جەرگەی ئەسکەندەنافیا بەم نەزانی و عەقڵیەتەوە گەورە بووبێت، باوەڕ مەکەن بە هەموو عاقڵانی نەرویج ڕاست بێتەوە، ڕەنگە نەرویجیش دەستی لە نەوەی یەکەمی ڕەوەندی کوردی شتبێ و خۆی بۆ نەوەی دووەم و سێیەم دانابێت تا بە هۆشێکی ساغلەمەوە خزمەت بە وڵات و کولتوریان بکات.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×