عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بەبێ ناوهێنانیان باس لە "سەردەمی تاریكی و تاڵانی" حوكمڕانی نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانی دەكات و دەشڵێت، "تاریکترین سەردەمی حوکمڕانی دەبێت، چاویان بڕیوەتە ملیۆنان دۆلارو پاسەوان و سامانی دونیا، لە ئازاری خەڵک تێناگەن."
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، ئەمڕۆ هەینی، لە نوسینێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسوك لەژێر ناوی "سەردەمی ئەم منداڵانە.. سەردەمی تاریکی و تاڵانی" دەڵێت"منداڵێکیان کەناڵە ئاسمانییەکەی دەباتە قۆناغێکی دیکەو تێچوی (16 ملیۆن دۆلارە) و خەرجی مانگانەشی ملیۆنێک دۆلارە! لەکاتێکدا باوک و مام و حیزبەکەشی چەندین کەناڵیان هەیە، چونکە ئەمیش حەزی لە کەناڵی خۆیەتی!"
هەروەها دەشڵێت"ئەوی دیکەش، زانکۆ و بانک و کەناڵ و ڕێکخراو و دەزگاو کۆمپانیاو بەبەهای هەزاران ملیۆن دۆلار زەوی هەیە! باوکی (13 ملیۆن) مەتر زەوی پێداوە بەهاکەی (6 ملیار دۆلارە) “شەش سەد هەزار” دەفتەر! لە هەولێری بێ ئاودا 14 دەریاچەی دەستکردی تێدایەو ڤێلایەک دەداتە (10 ملیۆن دۆلار) حەلبوسی لەوێ دوی کڕیوە."
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست وتوشیەتی"ئامۆزایەکی دیکەیان پاڵاوگەی نەوتی هەیە بایی ملیارێک دۆلارە “سەد هەزار دەفتەر” جگە لە چەندین پرۆژەی دیکە، ڕۆژانە سەدان تانکەر ڕەوانەی تورکیا دەکەن."
دەشڵێت"خەرجی یەك هەفتەی مێرمنداڵێکیان لە دوبەی 22 دەفتەر دۆلارە…مەعقولە لە شاری خورما” مدینە نخلە” ڤێلایەک بکڕیت بەهاکەی “45 ملیۆن دۆلار” بێت، ساڵی جارێک بڕۆیت و دەیان کەس خزمەتت بکات."
هەروەها ئاماژە بەوەشدەدات كە "زەوییەک بەنایاسایی لەسەر منداڵێکیان تاپۆ کراوە بەرامبەر هۆتێل ڕۆتانا- هەولێر(500 هەزار) مەترە، بەهاکەی (700 ملیۆن) دۆلارە! ئەی هاوار…لە کڕینی دەیان موڵکی دیکە لە ئەوروپاو ئەمریکا و دوبەی بگەڕێ."
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست جەختیشدەكاتەوە كە "ئەمانە بگەن بە حوکمڕانی و حوکم بکەن، تاریکترین سەردەمی حوکمڕانی دەبێت، چاویان کردوەتەوە ملیۆنان دۆلارو پاسەوان و سامانی دونیا دەبێت، لە ئازاری خەڵک تێناگەن."
هەروەها دەشڵێت"ئەوانەی ئەو دیویش، لەقاچاخی و زەوی و بردنە دەرەوەی پارە هەمان شتە، بەڵام هێشتا نەوەی سێیەمی ئەمان گەورە نەبوە. نەوەی دوەم خۆی خاوەنی زەوی و مەرزو قاچاخی و هەمو شتە."