دەمیرتاش لەسەر دواین پێشهاتەکانی شەڕەکەی ئێران و ئیسرائیل چارەسەرێک رادەگەیەنێت
  2025-06-17       1062       

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ڕەخنەی لە ئێران گرت و رایگەیاند، دەبێت قەیرانەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن و ئیمپریالیزم "وێرانکارییە نەک سەرکەوتن". هەروەها لەبارەی تورکیاش هەڵوێستی خۆی خستە روو.

ئاوێنە: سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی (هەدەپە) لەپەیامێکدا بە ناونیشانی "کاتی بوێرییە، نەوەک دوژمنایەتی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بانگەوازەکانی بۆ ئاشتی و دادپەروەری سیاسیی لە تورکیا، هەڵسەنگاند.

لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەمیرتاش ڕەخنە لە ئێران دەگرێت و دەڵێت "سەرەڕای ئەمەش هیچ پاساوێک نییە بۆ دەستوەردانی ئیمپریالیزم، دەبێت قەیرانەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن و ئیمپریالیزم وێرانکارییە نەک سەرکەوتن".

پەیوەست بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ناوبراو رایگەیاند "بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارەکان دەبێت هەمووان بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە".

دەمیرتاش دەربارەی زیندانیکردنی سیاسەتمەداران و فشارەکانی دادگا، ئاشکرایکرد "پێویستە سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بەبێ زیندانیکردن دادگایی بکرێن، فشاری دادگا لەسەر سیاسەت کۆتایی بێت و تورکیا ببێتە خاوەنی سیستەمێکی یاسایی و دادوەریی متمانەپێکراو".

لە پەیامەکەیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هۆشداریش دەدات لە هەنگاوە سیاسییە "سەرگەردان و کارەساتبارەکان" و ئاماژەی بۆ بەرخۆدان لەپێناو کۆمەڵگایەکی ئازاد و سیکۆلار و یەکسان کرد.

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پێشنیاریکرد، بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتیی ناوخۆیی و دەستنیشانکردنی هەڵوێستی هاوبەش بۆ سیاسەتی دەرەوە، دەبێت هەموو سەرۆکی پارتەکان لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان کۆببنەوە.

هەروەها وتیشی "بە پێشبینبیکردنی ئەوەی کە ئاگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەیەکی کەمدا ناکوژێتەوە، پێویستە سیاسەتی کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەن دابڕێژرێت بۆ دیاریکردنی هێڵێکی هاوبەشی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، هەروەها پێویستە هەر گروپێکی سیاسی بە متمانەوە بەرگری لەمە بکەن. پێویستە هەموو سەرۆکی پارتە سیاسییەکان لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەی کاری هاوبەش ئەنجام بدەن".

لە کۆتایی پەیامەکەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش وتی "مەترسی مەزن ئەوەیە، لەژێر ناوی یەکێتی و یەکسانییدا ڕووی ڕێبازە دژە دیموکراسییەکان سپی بکرێتەوە، بۆ تورکیایەک کە بە چەوساوەیی دامەزراوە، تورکیایەک کە بە دادوەریی دامەزراوە، تورکیایەک کەلە ئاشتییدا پەرەیسەندووە، بۆ ئەمە دەبێت شتێک بڵێین؛ دەبێت بوێر بین لە پیشاندانی شتەکان و ئیرادەی یەکگرتنمان هەبێت، بێگومان ئەم تۆفانە ڕۆژێک هەر تێدەپەڕێت، وەک گەلانی دێرینی ئەم خاکانە، پێکەوە بە ئازادیی و یەکسانی دەژین".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×