عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای چەند کاتژمێرێک لەدەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، گواستراوەتەوە بۆ پەناگەیەکی ژێرزەمینیی لەشاری لاڤیزان کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مەشهەد هۆشدارییەک بوو بۆ خامنەیی کە ژیانی لە هیچ شوێنێکی ئێراندا سەلامەت نابێت.
ئیسرائیل دەیتوانی لەشەوی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا خامنەیی لەناوببات، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا خامنەیی بە زیندووی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی کۆتایی بدات بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی تا بڕیار بدات کە ئایا بەرنامەی ئەتۆمی بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە یان نا.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوو مانگ مۆڵەتی بە خامنەیی دابوو تا ڕازی بێت بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی پیتاندن لەکاتی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هۆشداریەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیلی پشتگوێ خست.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ ڕایگەیاند کە دوا دەرئەنجامی شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل دەتوانێ "گۆڕانکاری ڕژێم" بێت لەئێران، ئەو وتی "ڕێژیمی ئێران زۆر لاوازەو تەنیا دوو شتی بەدەستەوە ماوە، ئەوانیش بەرنامەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکن".
وتیشی "لەسەدا ٨٠ی خەڵک لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە چەقۆکێشە ئاینییانە نین، ئەوان ٤٦ ساڵە خەریکی کوشتن و چەوساندنەوەی خەڵکن، تەقە لەژنان دەکەن بەهۆی ئەوەی حیجاب ناپۆشن، تەقە لەقوتابیان دەکەن، گەلی ئێران تامەزرۆی ئازادییە".
هاوکات لەگەڵ ئەم هەواڵانەدا، باس لەوە دەکرێت کە ئیسرائیل خوازیاری ئەوە بووە خامەنەیی بکاتە ئامانجو بیکوژێت، بەڵام ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا رێگەی ئەو کارەی بەئیسرائیل نەداوە.