ئیسرائیل زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى چه‌كه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات
  2025-06-15       2748       

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی کە دراوەتە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئاشکرایکردوە، ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.

ئاوێنە: ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هۆشداریداوەتە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی، پرسی گەیشتنی ئێران بەبۆمبی ئەتۆمی گەیشتوەتە حاڵەتی پڕ مەترسیی.

ڕادیۆکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو زانیارییانەی بەر لەجەنگی ئەمجارە، دەربارەی توانای ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەستیکەوتوە، زانیاریی زێڕینن.

لەبارەی دوا هەنگاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویست بەدوو پێکهاتەی سەرەکی دەکات، ئەوانیش یۆرانیۆمی پیتێندراوە کە ئێران زۆر بەخێرایی هەوڵی بۆ دەدات‌و ئێستا گەیشتوە بەقۆناغێک کە دەتوانێت 15 بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێکی دیکە پیتاندنەکە کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەو کەرەساتەنی کە ئێران دروستیکردون‌و ئاشکراینەکردون، ئەو کەرەستانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی".

دوێنێ شەممە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لەدوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، سێ زانای دیکەی ئەتۆمی بەناوەکانی (عەلی باکویی کەریمی، مەنسور عەسکەری‌و سەعید بەرجی) کوژراون. 

هاوکات سوپای ئیسرائیل لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەبەیانیی ڕۆژی هەینیی ڕابردوه‌وه‌ نۆ زانای دیاری پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانیان کوشتوە کە هاوکاریی‌و بەشدارییان لەپلانی ڕژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، کوژرانی ئەو نۆ زانایە زیانێکی زۆری بەتوانای ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی گەیاندوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×