ئەبوبەکر کاروانی: ئەگەر ئەم شەڕە گەورەتر بێت، پێدەچێت پارتی‌و یەکێتی وەک دەرفەتێک لەدژی یەکدی بەکاریبهێنن
  2025-06-14       1966       

دوێنێ لەماوەی کەمتر لە رۆژێکدا ئێران و ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەیان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش گرژییەکان بەردەوامن، چاودێرێکی سیاسیش کاریگەری ئەو گرژییە لەسەر هەرێم بە ناراستەوخۆ وەسف دەکات و پێشی وایە "هیچ شتێک کاریگەری قوڵی لەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی نابێت، بەڵام ئەگەریش هەیە دەرفەتەکان دژبە یەکتری بەکاربهێنن".

 

ئاوێنە: ئەبوبەکر کاروانی، نوسەر و سیاسەتمەدار لەبارەی کاریگەری گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل لەسەر هەرێم، لەلێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاوێنەی وت "ئەو شەڕە راستەخۆ کاریگەری لەسەر هەرێم نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێکین لە عێراق بە ناراستەخۆ کاریگەری دەبێت".

ناوبراو زیاتری وت "کۆماری عێراق لەناو دڵی رووداوەکاندایە لەهەر پەرەسەندنێک عێراق دەبێت بە گۆڕەپانێکی دیکەی رووبەڕووبونەوەی شەڕ، ئەگەر شەڕەکان زیاتر پەرەبستێنێت کوردستان زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە؛ بەتایبەت گەر میلیشیا عێراقییەکان شەڕ بکەن".

لەبارەی ئەوەی ئەو شەڕەیە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی خراپ دەکات؟ کاروانی رونیکردەوە "بەداخەوە هیچ شتێک کاریگەری قوڵی لەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی نابێت؛ واتە ترسی هاوبەش یاخود دەرفەتی هاوبەش. بەڵام بەئاڕاستەیەکی دیکە بەهۆی ئەو گرێبەستە غازیانەوە دەکرێت پەیوەندییەکان ئاساییتر بێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاری لەعێراق بەهۆی شەڕەکەوە دروست ببێت، پێدەچێت هەندێکیان بیربکەنەوە دەرفەتەکان دژی یەکدی بەکاریبهێنن؛ ئەمەش پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەکات".

لەلایەکی دیکە ئەو سیاسەتمەدارە ئەو شەڕەیە بەدەرفەتێک دەبینێت کە کورد "بتوانێت ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ کۆنتڕۆڵ بکات"، دەشڵێت "بەهۆی ئەو دەرفەتانەوە رەنگە کورد بارودۆخێکی باشتری هەبێت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بەهێزتر بکات، یاخود یەکێتی و پارتی دەتوانن وەکو ساڵی ٢٠٠٣ بەیەکەوە بچنە بەغدا و نوێنەرایەتی کورد بکەن لەگەڵ هێزەکانی دیکە ئەو سیناریۆیە دوبارە بکەنەوە، بۆیە چەندین سینارۆ لەبەردەستماندایە ناتوانین بەشێوەیەکی ماتماتیکی و رەشنوسی باسیان بکەین".

پەیوەست بەوەی کە ئەم شەڕە تاچەند نیگەرانی زیاتری یەکێتی یاخود پارتی لێدەکەوێتەوە؟ ئەبوبەکر کاروانی لە وتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ناوچەی یەکێتی کاریگەرترە بەو رووداوانە، هەروەها پێشیوایە؛ رووداوەکان لەوە گەورەترن و "خەریکە ئەو دابەشکارییە جوگرافیەش تێدەپەڕێنێت و کۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×