میدیاكانی ئێران: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە ئیلام کەوتە خوارەوە
  2025-06-16       180       

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ئه‌مڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، بەرگری ئاسمانی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوی ئەمریکی MQ-9 لە کاتی فڕینی بەسەر ئاسمانی پارێزگای ئیلام لە ڕۆژئاوای ئێران خستوەتە خوارەوە.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری جێگری پارێزگاری ئیلامەوە پشتڕاستی کردەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سەر بە سوپای ئەمریکایە، ئەوەش بە "مەترسیدار" وەسفیان کردوە لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی بەردەوامی ڕوبەڕوبونەوەی ناوچەیی.

ئەو ڕوداوە چەند کاتژمێرێک دوای بیستنی تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکان لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران هات، تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی دەرنەچوە کە بارودۆخی تەقینەوەکان و لایەنە بەرپرسیارەکان ڕون بکاتەوە.

فڕۆکەی MQ-9 فڕۆکەیەکی هێرشبەری تەکنەلۆژیای بەرزە کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ سیخوڕی و لێدانی ورد بەکاردەهێنرێت، ئەوەش وایکردوە ڕوداوەکە زۆر هەستیار بێت و ئەگەری ئەوە هەیە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا توندتر بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×