عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا راستگۆیە لەبارەی دیپلۆماسییەت و دەیەوێت شەڕەكە رابگیرێت، ئەوا تەنیا یەك تەلەفۆن لە واشنتۆتەوە بەسە بۆ بێدەنگكردنی نەتەنیاهۆ. جەختیش دەكاتەوە كە وڵاتەكەی لە هێرشە موشەكییەكانی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی رادەگرێت.
ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل "تاوانبارێكی جەنگە"و نزیكەی سێ دەیەیە "سەرۆكای ئەمریكا فریو دەدات بۆ ئەوەی لەپێناو ئامانجەكانی خۆی بیانباتە نێو شەڕەوە."
عراقچی جەختی كردۆتەوە كە ئێران لە هێرشە موشەكییەكانی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی رادەگرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتوشیەتی، ئەگەر سەرۆكی ئەمریكا راستگۆیە لەبارەی دیپلۆماسییەت و دەیەوێت شەڕەكە رابگیرێت، ئەوا هەنگاوەكانی داهاتوی گرنگن.
ئاماژەی بەوەشداوە "تەنیا یەك تەلەفۆن لە وانشتۆنەوە بەسە بۆ ئەوەی كەسێكی وەكو نەتەنیاهۆ بێدەنگ بكرێت. ئەمە دەتوانێت رێگەی گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت خۆش بكات."
عراقچی لەبارەی هاتنە ناوەوەی ئەمریكا بۆ نێو جەنگەكە هۆشداری داوەو رایگەیاند، ئەو كارە هەر جۆرە ئاسۆیەك بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەك لەنێو دەبات و لێكەوتی مەترسیدار و پێشبینی نەكراوی بۆ ئاسایشی ناوچەكەو ئابوریی جیهان هەیە.