بنکەیەکی ئەتۆمیی لە ئێران بۆردوومانكرا
  2025-06-15       838       

وتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بنکەیەکی ئەتۆمییان بە چڕی لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران بۆردوومانکردووە، دەشڵێت: بۆردوومانەکە زیانێکی زۆری بە بنکەکە گەیاندووە.

ئاوێنە: دانیال هاگاری، وتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بە بۆردوومانکردنی بنکەیەکی ئەتۆمیی ئێران لە پارێزگای ئەسفەهان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو.

دانیال هاگاری بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ توانیمان دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی بە چڕی لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران بۆردوومان بکەین.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆردوومانەکە زیانێکی زۆری بە بنکەکە گەیاندووە و هەربۆیە داوا لە هاوڵاتیانی ناوچەکە دەکەین خۆیان لە نزیك كەوتنەوە لە دامەزراوە ئەتۆمیی و سەربازییەکان لە سەرتاسەری ئێران بە دووربگرن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.

جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×