ئۆرشەلیم پۆست: لێدانی شوێنە مەدەنییەکانی ئیسرائیل بەفەرمانی تایبەتیی خامنەیی بوە
  2025-06-15       251       

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بەپشتبەستن بەسەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایکردوە، وەزیرانی حکومەتی ئیسرائیل زانیارییان پێگەیشتوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، بەشێوەیەکی تایبەتیی فەرمانیداوە هێرشبکرێتەسەر ناوچەکانی نیشتەجێبون لەناوخۆی ئیسرائیل.

ئاوێنە: هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژنامەی مەعاریفی عیبریی بڵاویکردوه‌تەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە وەزیرانی ئیسرائیل لەکۆنگرەیەکی نهێنیی ئەمنیی لەڕێگەی زومەوە بەشدارییان کردوە، لەو کۆبونەوەیەدا لەڕێنمایی ڕاستەوخۆی خامنەیی سەبارەت بەبەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی ئاگادارکراونەتەوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل ئەمەیان بە"هەڵکشانێکی بێوێنە" لەسروشتی ململانێکان لەگەڵ ئێران وەسفکردوە.

هەر لەو کۆنگرەیەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەمریکا پاڵپشتی بەرگریی بۆ ئیسرائیل دابیندەکات، بەبێئەوەی وردەکارییەکانی ئەم پشتیوانییە ئاشکرابکات.

ئەوەش هاتوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشی ورد لەناو خاکی ئێراندا کە 11 شوێنی ستراتژیکی کردوه‌تە ئامانج کە بریتین لەدامەزراوە ئەتۆمییەکان، عەمبارەکانی سوتەمەنی، شوێنی هەڵدانی موشەک، وێستگەکانی کارەبا، کۆگاکانی چەک‌و ژێرخانی گرنگ کە پەیوەندییان بەپڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×