دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوا لە ئیسرائیل و ئێران دەكات گرژییەكانی نێوانیان كەم بكەنەوەو جەختیش دەكاتەوە كە هیچ كردەیەكی سەربازی ناتوانێت كۆتایی بە توانا ئەتۆمییەكانی ئێران بهێنێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی میدیاكانی بەریتانیا، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی وتەیەكدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی لەبارەی هێرشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران وتویەتی، دەمەوێت بەڕونی ئەوە بڵێم كە بەریتانیا لە هێرشەكانی سەر ئێراندا بەشدار نەبوە، ئەوە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییەو لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.
لامی جەختیشی كردەوە كە "هیچ كردەیەكی سەربازی ناتوانێت كۆتایی بە توانا ئەتۆمییەكانی ئێران بهێنێت."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتیشی"ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی و هاوڵاتیانی بكات، بەڵام ئەولەویەتی ئێمە لە ئێستادا كەمكردنەوەی گرژییەكانە."
وتیشی"پەیامی ئێمە بۆ ئیسرائیل و ئێرانیش ئەمەیە: دەستهەڵبگرن، دان بەخۆتاندا بگرن، خۆتان بەدور بگرن لەوەی زیاتر و زیاتر بچنە نێو شەڕێكی كارەساتبارەوە كە هیچ كەسێك نەتوانێت لێكەوتەكانی كۆنترۆڵ بكات."