2025-06-16   560     
دوو هاوڵاتی کە پێشتر دانیشتووی کەلار بوون و ماوەی چەند ساڵێک بوو لە ئەوروپا دەژیان، دوێنێ یەکشەممە لە جەنگەڵی دانکیخ لە وڵاتی فەرەنسا کە بە دووری 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس، کوژران.
ئاوێنە: ئەو دوو گەنجەی کوژراون ناویان 'کارزان عەبدوڵڵا و محەممەد نەجمە'، دەوترێت کەسێکی دیکەش بریندار بووە کە ئەویش کوردە.
پورزایەکی کارزان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە، "کارزان زیاتر لە 10 ساڵ لە ئەڵمانیا دەژیا، بەڵام بۆ ئیشوکار دەچووە فەرەنسا و جەنگەڵی دانکیخ".
کارزان عەبدوڵڵا خەڵکی قەزای کەلارە لە پارێزگای سلێمانی و پێشتر یاریزانی یانەی وەرزشی شێروانە بوو لە خولی نایابی کوردستان. محەممەد نەجمیش هاوڕێ و هاوشاریی کارزان بوو.
رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەوروپا لەو بارەیەوە لە فەیسبووک نووسیویەتی: "کارزان لەگەڵ کەسێکی خەڵکی چەمچەماڵ بووە بە دەمەقاڵێیان گەنجەکە بەدەستی کارزان بریندار دەبێت، دواتر محەممەد نەجم ویستوویەتی کارزان هێوربکاتەوە و چەکەکەی لێوەربگرێت، لەوکاتەدا گولـلەیەک بە هەڵە دەرچووە و کارزانی کوشتووە".
بە وتەی ئەو چالاکوانە کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە: "محەممەد کاتێک زانیویەتی بەهۆی ئەوەوە کارزان بە هەڵە کوژراوە، لە هەمان شوێندا بە چەکەکە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە".
ئەو کەسانەی لە جەنگەڵی دانکیخ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەمێننەوە، زۆرینەیان لەگەڵ فرۆشتنی هەندێک خۆراک یان پێداویستی رۆژانە، کاری قاچاخچێتی دەکەن بۆ گەیاندنی خەڵک لە رێگەی بەلەمەوە بە بەریتانیا.