ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، سەرۆكی ئەمریكا ڕاوێژی جدی سەبارەت بە چوونە ناوەوەی ئەمریكا بۆ شەڕ دژی ئێران ئەنجام دەدات، كە بریتی دەبێت لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی تەلئەبیب لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ئاوێنە: نیویۆرك تایمز سەبارەت بە بەشداری ئەمریكا لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و لە ناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان، زانیاری نوێی خستەڕوو، ڕایگەیاند ترەمپ بیر لە بژاردەی لەناوبردنی تەواوەتی بنكەی ئەتۆمی ژێرزەمینیی فۆردۆی ئێران دەكاتەوە، بۆیە هێرشێكی لەو شێوەیە تەنها لە ڕێگەی بۆمب هاوێژە ستراتیجی بی-٢ـی ئەمریكییەوە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، كە بە بۆمبی شكاندنی بەرگری پاڵپشتی كراوە.
ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانی ئیدارەی ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە، كە ترەمپ هانی جێگری سەرۆكی وڵاتەكەی ڤانس و نوێنەرەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ویتكۆف داوە بۆ كردنەوەی كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و پێشنیاری كردووە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست.
ئاماژەی بەوەشكردووە، واشنتۆن هەوڵدەدات بژاردەیەكی سەربازی لەگەڵ دەرفەتێكی دیپلۆماسی هاوسەنگ بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە گرژییەكانی نێوان تاران و تەلئەبیب بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندووە.
جێگای ئاماژەیە، ماوەی پێنج ڕۆژە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و چەند بنكە و بارەگایەكی گرنگی یەكتریان بۆردوومانكردووە كردووە، بەهۆی هێرشەكانەوە دەیان كەس لە هەردوولا كوژراو برینداربوون.