سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئێران هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتەکەی و عەرەبەکان و ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا هەموو جیهان، دەشڵێت "ئێمە تەنیا شەڕی دوژمنەکەی خۆمان ناکەین، بەڵکو شەڕی دوژمنی هەمووتان دەکەین، لەبەر خاتری خودا!".
ئاوێنە: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیایەکی ئەمریکی وت: "نیو سەدەیە بەهۆی ئێرانەوە ململانێیەک هاتووەتە ئاراوە کە هەمووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیرۆردەکات".
وتیشی "ئێران کێڵگە نەوتییەکانی ئارامکۆی لە سعودیە بۆردومانکرد و تیرۆر، چەوساندنەوە و تێکدان لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە".
بەوتەی نەتانیاهۆ "ئێران شەڕی هەمیشەیی دەوێت و دەیانەوێت ئێمە بگەیەننە لێواری شەڕی ئەتۆمی؛ لە راستیدا ئەوەی ئیسرائیل دەیکات، رێگرییە لەم کارە، ئێمەش تەنیا بە وەستانەوە بەرامبەر هێزە خراپەکارەکانی ئەو وڵاتە، دەتوانین رێگری بکەین".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان زانایانی ئەتۆمیی باڵای ئێرانیان کردووەتە ئامانج و لەبەرژەوەندیی ئەمریکایە پشتگیریی ئیسرائیل بکات، "چونکە هەوڵدەدەین بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەهێڵین چونکە ئەمڕۆ تەلئەڤیڤە، سبەی نیویۆرک دەبێت".
ئاشکراشیکرد "ئێمە شتێک دەکەین کە لە خزمەت مرۆڤایەتیدایە، ئەمەی ئێستا شەڕی چاکەیە دژی خراپەکاری، پێویستە لەگەڵ چاکەدا بین و ئێمە تەنیا شەڕی دوژمنەکەی خۆمان ناکەین، بەڵکو شەڕی دوژمنی هەمووتان دەکەین، لەبەر خاتری خودا! ئەوان دروشمی (مەرگ بۆ ئیسرائیل، مەرگ بۆ ئەمریکا) دەڵێنەوە، ئێستا هاتوونەتە سەر رێگەی ئێمە، سبەی دەچنە سەر رێگەی ئەمریکاش".
بنیامین نەتانیاهۆ لە دریژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، ئێران دەیەوێت بەردەوامبێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی خۆیان و جبەخانەی مووشەکی بالیستی، کە دژی گەلی ئیسرائیل بەکاریدەهێنن، ناوبراو دەشڵێت "ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئیسرائیل، بۆ دراوسێ عەرەبەکانمان، ئەوروپا، ئەمریکا و بۆ هەموو جیهان".