وەزیرێکی حکومەتەکەی سودانی لەبارەی دۆزینەوەی پارە لە ماڵەکەیدا: ئامادەم هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری بکەم
  2026-07-21       70       

لە یەکەم روونکردنەوەیدا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رایگەیاند کە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی وڵاتە و هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنیشی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە دژ دەرنەچووە.

ئاوێنە: ​ئەسەدی لە تۆمارێکی دەنگیدا ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای ئەو مشتومڕە بەرفراوانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دروست بوو و بە وتەی خۆی «هەڵمەتێکی میدیایی بۆ لەکەدارکردنی» سازکرا، بە ئەرکی خۆی زانیوە ڕاستی بارودۆخەکە ڕوون بکاتەوە. ناوبراو جەختیکردەوە کە نووسینگە و بارەگاکانی لە یەکەم ساتەوە بەڕووی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کراوەنەتەوە و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان خستووەتە بەردەست دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی ڕاستییەکان یەکلایی ببنەوە.

​سەبارەت بەو پارە و کەلوپەلە داراییانەی کە لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەردا گیراوە، ناوبراو ڕایگەیاند کە هەموو ئەو بڕە پارەیەی لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە «شەرعی و یاساییە» و بەڵگەنامەی فەرمی لەبەردەستدایە کە ئەوە بسەلمێنێت، هاوکات ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریدا. سەبارەت بە دەنگۆی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیش، ئەسەدی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و بە «نادروست» ناوی بردن، و دووپاتیکردەوە کە لەلایەن سیستمی دادوەرییەوە داوا نەکراوە.

​ئەم روونکردنەوەیە لە کاتێکدا دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەحمەد ئەسەدی لە ناوچەی قادسییەی بەغدا، و سەرچاوە ئەمنییەکان باسیان لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێک پارە و زێڕ لە ناو ماڵەکەیدا کردبوو.

ئەحمەد ئەسەدی (لەدایکبوی 1971)، سیاسەتمەدار و فەرماندەیەکی دیاری عێراقییە و لە كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کاركردوه‌، ئەو یەکێکە لە سەرکردە ناسراوەکانی حەشدی شەعبی و ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانە.

له‌چه‌ند رۆژی رابردودا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەحمەد ئەسەدی لە ناوچەی قادسییەی بەغدا هاوکات هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بە دۆزینەوەی پارە و زێڕ کرد کە لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەردا گیراوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×