دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای زیندانیکردنی بەسەر لاهور شێخ جەنگی و نۆ تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی "لالەزار"دا سەپاند و تیمی پارێزەرانیش بڕیارەکە ڕەتدەکەنەوە
  2026-10-15     

دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر دۆسیەی ناسراو بە "لالەزار" ڕاگەیاند و تێیدا سزای زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەر لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و سزای جیاوازی بەسەر نۆ تۆمەتباری دیکەدا سەپاند. لە بەرامبەردا تیمی پارێزەرانی بەرگریکار بڕیارەکە ڕەتدەکەنەوە، تۆمەتی ئەشکەنجەدان دەخەنە پاڵ لێکۆڵینەوەکان و ڕایدەگەیەنن کە لە دادگای پێداچوونەوە (تەمییز) تانە لە حوکمەکان دەدەن.

ئاوێنە: ​ئەمڕۆ دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی دەستەی دادوەران، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دەقی بڕیارەکانی لەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی لالەزار خوێندەوە. لە دانیشتنەکەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو، سەرەتا داواکاری گشتی کۆنووسی خۆی پێشکەش کرد و داوای سزادانی ڕاگیراوانی کرد، دواتر تیمی پارێزەران کۆنووسی بەرگری و بەڵگەکانی خۆیان خستە ڕوو، پێش ئەوەی دادگا دانیشتنەکە بۆ تاوتوێکردن (مەداولە) هەڵبگرێت و بڕیاری کۆتایی بدات.

​وردەکاریی سزا سەپێنراوەکان و بڕیاری ئازادکردن

​بەگوێرەی بڕیارە فەرمییەکەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی، سزای زیندانیکردن بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر تۆمەتباراندا دابەشکراوە:

​لاهور شێخ جەنگی: سزای 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن.

​پۆڵاد شێخ جەنگی: سزای 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن.

​ڕێبوار حامی حاجی غالی: سزای 2 ساڵ زیندانیکردن.

​پێشەوا، بۆتان، ڕێنوار و ڕێبوار: هەریەکەیان بەجیا سزای 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.

​سەربەست، ڕەمەزان و ئاراس: هەریەکەیان سزای 1 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.

​هاوکات لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا و بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان، دادگا بڕیاری بێتاوانی و ئازادکردنی دەستبەجێی بۆ هەردوو تۆمەتبار (کەیوان و محەمەد شێخ) دەرکرد. بە وتەی تیمی پارێزەران، یەکێک لەو دوو کەسە باخەوان بووە و ئەوی دیکەیان تەنها لەگەڵ یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا سەرکەوتووە لە کاتی پیاسەکردن لە شەقامەکاندا و لە سەرەوە بووە، بێ ئەوەی هیچ ئاگادارییەکی لە ڕووداوەکان هەبووبێت.

​کاردانەوەی لاهور شێخ جەنگی لەناو هۆڵی دادگا

​دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دەرچوونی بڕیارەکە، وردەکاریی کاردانەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ساتی خوێندنەوەی حوکمەکەدا گێڕایەوە و ڕایگەیاند: "کاتێک بڕیارەکە خوێندرایەوە و دادوەری دادگای تاوانەکان ئاماژەی کرد کە هۆڵی دادگا بەجێبهێڵن، لاهور شێخ جەنگی چەپڵەی لێدا و ڕووی کردە دادوەر و وتی: وەڵا حەق بوو لەسێدارەمان بدەن (ئیعداممان بکەن)، لەبەر ئەوەی ئێوە خاوەن بڕیار و خاوەنی دەسەڵاتی خۆتان نین و لە دەرەوە ئاماژەتان پێدەکرێت کە بڕیار بدەن."

​هەڵوێستی تیمی پارێزەران و تانەدان لە بڕیارەکە

​وتەبێژی تیمی پارێزەرانی بەرگریکار ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی لای ئەوان قبوڵکراو نییە و بە بڕیارێکی "نادادپەروەرانە و سیاسی" بەرامبەر بە بریگرتەکانیان وەسفی کرد.

​ناوبراو لەبارەی بنەمای یاسایی دۆسیەکەوە وتی: "بەپێی ئەو نووسراوە بەرگرییەی پێشکەشی دادگامان کردووە و ئەو بەڵگانەی لە کاتی ڕەوتی لێکۆڵینەوەدا خراونەتە ڕوو، هیچ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەئارادا نەبووە کە بتوانێت تۆمەتبارەکان تاوانبار بکات. هەروەها نزیکەی سێ بۆ چوار مانگە دادگای پێداچوونەوە (تەمییز) داوای کردبوو دۆسیەکەیان بۆ بنێردرێت، بەڵام نەنێردرا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئێمە بڕیارەکە بە سیاسی دەزانین."

​دانا تەقیەدین ئاشکراشی کرد کە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە لە چوارچێوەی ماوەی یاساییدا، ڕێکارەکانی تەمییزکردنەوەی بڕیارەکان دەستپێدەکەن، بەوەش دوا بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەچێتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە. هەروەها جەختی لە نیگەرانییەکانی ئاوات خان و کەسوکار و بنەماڵەی سەرجەم ڕاگیراوەکان کردەوە کە پێیان وایە حوکمێکی نادادپەروەرانەیان بەسەردا دراوە.

​پرسی دانپێدانانەکان و گومانی ئەشکەنجەدان

​لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە بوونی دانپێدانانی تۆمەتبارەکان، وتەبێژی تیمی پارێزەران ڕوونیکردەوە کە بریگرتەکانیان لەبەردەم دادگای تاوانەکاندا دانیان بە هیچ تاوانێکدا نەناوە، بەڵکو ئەو دانپێدانانانەی باسدەکرێن تەنها لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمارکراون.

​پارێزەرەکە وتیشی: "لەبەردەم دادگای تاوانەکاندا زۆربەی ڕاگیراوان ئەو تاوانانەیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە وتەکانیان لەژێر ئەشکەنجە، فشار و لێداندا لێوەرگیراوە و شوێنەوارەکەش بە جەستەیانەوە دیار بووە. تەنانەت هەندێک لەو دانپێدانانانە بە کۆمپیوتەر تایپ کراون و کۆپی-پەیست کراون."

​وەک نموونەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی دانپێدانانەکان، دانا تەقیەدین ئاماژەی بە وتەکانی پۆڵاد شێخ جەنگی کرد لە کۆنووسی بەرگرییەکەدا و گواستییەوە: "پۆڵاد شێخ جەنگی لە بەردەم دادگادا ڕایگەیاندووە کە لەژێر کاریگەریی دەرمانی بێهۆشکەردا بووە و لە ژوورێکی سارددا دانراوە، خوێندەواریی زمانی کوردی نییە و داوای ئامادەبوونی پارێزەرەکەی کردووە، بەڵام ئەوان شتێکیان بۆ خوێندووەتەوە و پێیان واژۆ کردووە. بەپێی ماددەی 127ی یاساش، هەموو دانپێدانانێکی زۆرەملێ پووچەڵ و بێبنەمایە و ناچێتە خانەی دانپێدانانی یاساییەوە."

​چارەنووسی سزادراوەکان و دۆسیەی ماددەی 406

​سەبارەت بە ماوەی زیندانیکردن و شوێنی مانەوەی سزادراوەکان، تیمی یاسایی ڕایگەیاند کە ماوەی ئەو 14 مانگەی تۆمەتبارەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا لە زیندان بەسەریان بردووە، لە کۆی سزاکەیان بۆیان هەژمار دەکرێت.

​ئاماژە بەوەش کرا، هەرچەندە بەپێی یاسا هەر ڕاگیراوێک دوای سزادانی دەبێت بگوازرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە یان چاکسازیی گەوران، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکان دۆسیەیەکی دیکەیان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (تایبەت بە کوشتنی بەئەنقەست) لەسەرە، ئەگەری هەیە لە زیندانی ئاسایش بمێننەوە یان ببرێنە گرتن و گواستنەوە، کە بە وتەی پارێزەرەکەیان "ئەوە دەکەوێتە سەر بڕیاری دەسەڵاتی سیاسی لەم زۆنەدا."

​بڕیارە لە ڕۆژی 28ی تشرینی یەکەم (28ی ئەم مانگە)، دانیشتنێکی دیکەی دادگا لەسەر هەمان کەیس و بەپێی ماددەی 406 بەڕێوەبچێت. تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار پێشبینی دەکەن حوکمەکەی ئەمڕۆ کاریگەریی لەسەر ڕەوتی دۆسیەکەی ماددەی 406یش هەبێت، لە کاتێکدا ئەوان چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی تەمییزکردنەوەی بڕیارەکانی ئەمڕۆ دەکەن.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×