ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگهیاند، زیانهی لافاوهكهی ههولێر به زیاتر لە 31 ملیار دینار دهخهمڵێنرێت و دڵنیاییشی دا لەبارهی ئامادەکارییەکان بۆ شەپۆلی بارانبارینی ئەم هەفتەیە و جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ راگەیاندنی پشو نییە.
ئاوێنه: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئهمڕۆ یهكشهممه، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند، لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن، ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان، قایمقامیەت، ناحیەکان و تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان کۆبونەتەوە.
وتیشی، بەپێی دوایین پێشبینییەکان، بارانبارینی بەهێز لە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دەبێت، بۆیە بەیانیی سێشەممە دۆخەکە ئاساییە و تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ پشوو نییە، بەڵام ئەگەر سبەینێ گۆڕانکاری بەسەر پێشبینییەکاندا بێت، بڕیاری پێویست دەردەکرێت و بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا سەرجەم رێڕەوە سروشتییەکان، مەنهۆڵەکان و خاڵە لاوازەکانی پێشوو پاککراونەتەوە و چارەسەر کراون، هەروەها تەواوی تیمەکانی حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان. داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە دوانیوەڕۆی سێشەممەوە تا بەرەبەیانی چوارشەممە هاتوچۆیان سنووردار بکەن و پابەندی رێنماییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ بن لە کاتی داخستنی کاتیی هەر شەقام و پردێکدا.
ئومێد خۆشناو له بهشێكی دیكهی كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا باسی له زیانهكانی لافاوەکەی رۆژانی 7 و 8ی مانگی رابردوی هەولێر كردو وتی، بەداخەوە لەو رووداوەدا دوو هاووڵاتی بوونە قوربانی، بەڵام 708 کەس رزگار کران کە 500 کەسیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و 208 کەسیشیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بوون؛ لەو ژمارەیەش شەش کەس گەیەندرانە نەخۆشخانە و ئێستا سەرجەمیان سەلامەتن.
سەبارەت بە زیانە ماددییەکان، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە هەزار و 341 خانوو، 807 دووکان، 756 ئۆتۆمبێل، 192 دەستگێڕ لە تەیراوە و لەنگە، 108 کۆگا، 12 مارکێت و مۆڵ، شەش مزگەوت، نۆ سەنتەری پزیشکی، نەخۆشخانەیەک، سێ هۆتێل، سێ دەرمانخانە، حەوت کێڵگە، حەوت بارەگای رێکخراو و لایەنی سیاسی، دوو پەیمانگە، دوو ئارایشتگا، کافتریایەک، یاریگایەک و باڵەخانەیەکی گشتی زیانیان پێ گەیشتووە.
وتیشی: "کۆی گشتیی زیانەکانی هاوڵاتییان بە 31 ملیار و 727 ملیۆن و 515 هەزار و 700 دینار خەمڵێندراوە، کە ئەمە جگە لە زیانەکانی کەرتی گشتیی وەک رێگەوبان، کارەبا و پردەکان."
ئومێد خۆشناو داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لە بودجەی فریاگوزاریی لەناکاو پشکی هەولێر خەرج بکات کە لە ساڵی 2004ەوە لێی بێبەش کراوە، هاوکات داوایشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بودجەیەکی تەواوکاری بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی هاووڵاتییان تەرخان بکات.