عراقچی بۆ عه‌بودی: رێگه‌نه‌درێت لایه‌نی سێیه‌م شڵه‌ژان له‌ ده‌روازه‌كانی نێوان عێراق و ئێراندا دروست بكات
  2026-11-29     

عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ قاسم عه‌بودی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگه‌یاندوه‌، نابێت رێگه‌بدرێت لایه‌نی سێیه‌م، شڵه‌ژان له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆ له‌ ده‌روازه‌كانی نێوان عێراق و ئێراندا دروست بكات.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ و قاسم عه‌بودی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كه‌ به‌سه‌ردانێك له‌ تارانه‌، بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگەیاند کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە ئاسایشی هاوبەش و ڕێگری لە هەر جۆرە سودوەرگرتنێکی "تێکدەرەکان" لە خاکی عێراق دەدەن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستی دژی دراوسێکان.

عه‌بودی به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتوشیه‌تی، ئەم ڕێوشوێنانە نەک تەنها لەسەر بنەمای پابەندبونی ئەخلاقی و دراوسێیەتیی باشە، بەڵکو پشت بە ئەرکی یاسایی نێودەوڵەتیی عێراق دەبەستێت بۆ ڕێگری لە سودوەرگرتنی لایەنی سێیەم لە خاکی عێراق بۆ هەر جۆرە جوڵەیەکی نایاسایی و دژبه‌ ئاسایشی ئێران.

لای خۆیشییه‌وه‌ عراقچی "پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی هەردو وڵاتی بە هۆکارێکی بنەڕەتیی بەیەکەوەبەستنی هەردو گەل زانی و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ڕاوێژە نزیكه‌كانی نێوان لایەنە پەیوەندیدار و پسپۆڕەکانی هەردو وڵات کردەوە بۆ پوچەڵکردنەوەی شەڕانگێزییەکان و هۆکارەکانی تێکدانی ئاسایش."

وەزیری دەرەوەی ئێران جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ "ڕێگری لە خراپ به‌كارهێنانی لایەنی سێیەم و چه‌كداره‌ تیرۆریستییەکان لە خاکی وڵاتێک بۆ دەستدرێژی و هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە، ئەرکێکی یاسایی نێودەوڵەتییه‌و چاوەڕوانییەکەشه‌ کە وڵاتێکی دراوسێی دۆست لە وڵاتێکی دراوسێ و دۆستی هەیە."

عراقچی هەروەها بە ئاماژه‌دان به‌ "گرنگیی پەیوەندییە بازرگانییه‌كان و هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕە سنورییەکانی نێوان ئێران و عێراق وەک یەکێک لە دەرکەوتەکانی پەیوەندییە دێرین و تایبەتەکانی نێوان هەردو وڵات" وتی "ئەرکی هاوبەشی ئێران و عێراق ئەوەیە کە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی پەیوەندییەکانی هەردو وڵات و هەوراز و نشێوی ڕوداوەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە لە سەدەی ڕابردودا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن چاوچنۆکی و شەڕانگێزیی لایەنی سێیەم کە هیچ نرخ و بایەخێک بۆ دۆستایەتیی گەلانی ناوچەکە دانانێت، ببێتە هۆی دروستبونی هەر جۆرە شڵه‌ژانێك لەنێوان گەلانی ئێران و عێراقدا."

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هەردولا سەبارەت بە گرنگیی هەماهەنگیی پێویست لەنێوان ئێران و عێراقدا بۆ لابردنی بەربەستە سنورییەکان یان خێراکردن و ئاسانکاریی نۆژه‌نكردنه‌وه‌و ڕێکخستنە تەکنیکییەکان، بە مەبەستی ڕێگری لە دروستبونی تێکچون و کێشە لە چالاکیی دەروازە سنورییەکان یان هاتوچۆ و پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×