مالیکی: ئەو دزیانە زیانی بە وێنەی عێراق گەیاندووە و کۆمپانیا گەورەکان ئێستا دوودڵن لە وەبەرهێنان
  2026-11-28     

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوەدەکات کە گەندەڵی و دزینی سامان تەنها لە پارەی دەوڵەتدا نەماوەتەوە، گەیشتووەتە سامانە نیشتمانییەکان، "بە تایبەتی نەوت"، دەشڵێت "ئەو دزی و دەستدرێژییانە زیانیان بە وێنەی عێراق گەیاندووە و کۆمپانیا گەورەکان ئارەزووی وەبەرهێنان ناکەن و ئێستا دوودڵن".

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، مالیکی ئەم قسانەی لەکاتی بەشداریکردنی لە بۆنەیەکدا کرد کە ئەنجومەنی سەرۆک عەشیرەتەکانی نەجەف ڕێکی خستبوو و وتی "جیاوازیی نێوان وڵاتێکی پێشکەوتوو و وڵاتانی دیکە لەوەدایە کە باوەڕی بە هاوبەشی نێوان پێکهاتەکانی هەبێت و دەستوور وەک سەرچاوەی ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت و دیاریکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەمووان پەسەند بکات".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، مالیکی ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەن کرد و رایگەیاند "هەر پێشێلکارییەک لە دەستوور، لەهەر ئاست و پۆستێکدا بێت، کێشەیە و پێویستە بە جدییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پێویستە پابەندی ماددەکانی دەستوور بین، بەبێ ئەوەی بەشێکی هەڵبژێردرێت و بەشێکی دیکە پشتگوێ بخرێت".

مالیکی وتیشی "عێراق موڵکی هەموو هاوڵاتیانیەتی و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە خۆی بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا بە پلە و پێگەیەکی تایبەت بزانێت". ئەو جەختی لەوەکردەوە کە سامانەکانی وڵات موڵکی هەموو عێراقییەکانن و هاوبەشی نیشتمانی بنەمای سەرەکیی نووسینی دەستووری عێراق بووە.

پەیوەست بە گەندەڵییەوە، مالیکی هۆشداری لە هەوڵەکانی دروستکردنی ئاژاوە و دابەشکردنی کۆمەڵگای عێراق دا و رونیکردەوە "نابێت لە لێبوردەیی دەوڵەت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر مافی گشتی و سامانی گشتی کەڵک وەربگیرێت".

هەر بەپێی وتەکانی مالیکی "گەندەڵی و دزینی سامان تەنها لە پارەی دەوڵەتدا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە سامانە نیشتمانییەکان، بە تایبەتی نەوت؛ ئەو سامانەی بە سەرچاوەی ژیانی ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتووی عێراقی دانا. بۆیە داوای پاراستنی ئەم سامانەی دەکەین".

دەشڵێت "ئەو دزی و دەستدرێژییانە زیانیان بە وێنەی عێراق لەبەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا گەیاندووە و بوونەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا گەورەکان کە ئارەزووی وەبەرهێنان و هاوبەشییان لەگەڵ عێراق هەبووە، لە بەشدارییەکانیاندا دوودڵ بن، تاوەکو کێشەکانی گەندەڵی و دزینی پەیوەست بە کەرتی نەوت چارەسەر بکرێن".

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستەروو، دامەزراوە ئەمنییەکان و ویستی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەنگاویان ناوە و، "ئێمە پشتگیریانین و داوا دەکەم لێپرسینەوە لە کەسانی تاوانبار و ئەوانەی لە پشت ئەم کارانەوەن بکرێت".

لە کۆتاییدا، مالیکی داوای تێپەڕاندنی کێشە و بابەتە ناکۆکەکان کرد، لەوانە کێشەی چەک و دزییەکانی سامان و هۆشداریشیدا لە بەکارهێنانی ئەم بابەتانە بۆ دروستکردنی ناکۆکی و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراق.
 

زۆرترین بینراو
دوو بڕیاری نوێ لە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی و بافڵ تاڵه‌بانی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی دیالۆگی نیشتمانی ده‌كه‌ن
ئۆجەلان بۆ یەکێتی‌و پارتی: بەڕەهایی دەبێت کۆتایی بەو گرژییە بێت
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك له‌ بازگه‌ی چیمه‌ن ده‌ست به‌سه‌ر ترێله‌یه‌كدا ده‌گرن كه‌ نه‌وتی قاچاخی باركردبو
بەیاننامەی کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی سلێمانی سەبارەت بە پاراستنی ناسنامە و موڵکیەتی گشتیی کارگەی جگەرەی سلێمانی
حه‌یده‌ر عه‌بودی: زیانه‌كانی به‌قاچاخبردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار بوه‌‌
شاسوار عەبدولواحید: داھاتی نەوتی و نانەوتی دەچێتە گیرفانی پارتی و یەکێتی و چەند خێزانێکی دیاریکراوەوە
دوای راوه‌ستانی بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ، بۆری نه‌وتی عێراق-توركیای له‌ كه‌ركوك به‌گه‌ڕخسته‌وه‌
تره‌مپ: پشتگیری له‌ هه‌وڵه‌كانی زه‌یدی ده‌كه‌ین بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌رتاری عێراقدا
عه‌مار حه‌كیم: پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی فایه‌ق زێدان ده‌كه‌م
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×