سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، داخستنی مەرزەکان خەنجەرێکی ژەهراوییە لە عەموودی فەقەری هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەدرێت، دەشڵێت "لای من کۆبوونەوەیەک لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترەمپ، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و نابێت".
ئاوێنە: محەمەد حاجی مەحمود، سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، وتی "باشتر نەبوو ٢ ساڵ پێش ئێستا کۆببوونایەتەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا، نەک ئێستا لەپێناوی بەرژەوەندی حزبیدا و لەژێر فشاری بەغدا و عەلی زەیدیدا؟".
وتیشی "ئەمڕۆ ڕاگەیاندنە حزبی و سێبەرەکانی حزب، هەواڵیان بڵاوکردەوە، گوایە یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە. لای من کۆبوونەوەیەک لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترەمپ، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و نابێت، لەکاتێکدا ئەمڕۆ به فشاری ئەمەریکا و زەیدی، مەرزی پشتە و بەمۆ و تەوێڵە و شوشمێ، بە کورد خۆی دادەخرێت".
محەمەد حاجی مەحمود زەیدی بە ترسنۆک وەسف دەکات و دەڵێت "لە ڕاستیدا فشارەکەی ئەمەریکایە لەسەر حکومەتی عێراقی و لەهەمانکاتدا زەیدی ناوێرێت لە ترسی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەست بۆ مەرزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ببات، بۆیە هەرێمی کوردستانی لای ئاسانتر و بێدەسەڵاتتر بوو، لەڕێگای حزبەکانی دەسەڵاتەوە، مەرزی تەوێڵە و پشتە دادەخات، کەلە بنەڕەتدا فەرمان و پلانی ئەمەریکایە لە دژی ئێران".
وێرای ئەوەی سەرۆکی سۆسیالست ئاماژەی بەوەدا کە زەرەرمەندی یەکەم کوردو خەڵکی کوردستانە، ئاشکراشیکرد "لە کاتێکدا بەنزین و گاز و غاز و سوتەمەنی چەند قات گران بووە، پێداویستی خەڵکی بە هەموو جۆرەکانییەوە گران بووە و کارەبا بووەتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتییانەوە و خەڵک دەناڵێنن بە دەست قورسی ژیانەوە، تەنها مەرزەکان مابوو کە هیوایەکیان بۆ ژیانی خەڵک تێدا بوو، بێگومان چەند هەزار هاوڵاتی و خێزان ئیش و کاسبییان لەسەر ئەو مەرزانە بوو، هەمووی بێ ئیش دەمێننەوە".
دەشڵێت "هەموو مەرزەکان دابخرێت، حزبی سۆسیالیست دینارێک زەرەر ناکات و هەموو بانکەکان دابخرێت، سۆسیالیست دۆلارێک زیان ناکات. ٤ هاونیشتمانی ئەم کوردستانە کە سەر بە سۆسیالیست بوون، حەماڵیان دەکرد لە مەرزی باشماخ، کە زانیان سۆسیالیستن، هەر چواریان دەرکردن و حەماڵیشیان پێ ڕەوا نەبینین، بەڵام داخستنی مەرزەکان خەنجەرێکی ژەهراوییە لە عەموودی فەقەری هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەدرێت".
ناوبراو داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات ئەم تاوانانە قبووڵ نەکەن، چونکە شتی خراپتر و چارەنووسسازتر بۆ کوردستان بەڕێوەیە.
هیواخوازیشە، یەکێتی و پارتی هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەبێت و نەچنە ژێر باری فشارەکان و خزمەتی کاربەدەستان لە بەغدا، با چاو لە حوسییەکانی یەمەن بکەن، کە بە جووتێک نەعل و کڵاشینکۆفێکەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە سەردەکەون.