ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران کۆبوونەوە و تێیدا دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، دەروازە فەرمی و نافەرمییەکان، پلانی بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ململانێی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، قاسم عەبودی لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کراون، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل و وڵاتی دراوسێ بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان کردووە، هاوکات باس لە پلانەکانی بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییەکان کراوە کە لەلایەن عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دانراون. هەروەها چارەسەرکردنی دۆسیەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ناو خاکی عێراق و پرسی ئەو دەروازە نافەرمییانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیدا نین، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.
سەبارەت بە ململانێ و جەنگی ناوچەکە، لایەنی ئێرانی ئامادەیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دووپات کردووەتەوە، بەو مەرجەی ڕەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیارە بدرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەشی کردووە، و ئاماژەی بەوەش داوە کە پەسەندکردنی پێشنیارەکە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پاراستنیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا لایەنی ئێرانی پشتیوانیی تارانی بۆ ئەو ڕێکارانە دەربڕی کە عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا گرتوونیەتە بەر.
لای خۆیەوە، قاسم عەبودی هەڵوێستی نەگۆڕ و بنەڕەتیی حکوومەتی عێراقی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک یان ئاسمانی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی هەر وڵاتێکی دراوسێ یان ناوچەکە، ئەوەش لە سۆنگەی پەرۆشیی عێراقەوە بۆ بنیادنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە و دراوسێیەتیی باش.